کەنەکە: پێویستە دەوڵەتی تورک بەهۆی تاوانەکانی کە لە شەنگال ئەنجامی دەدات دادگایی بکرێت

کەنەکە ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر شەنگال تاوانی جەنگ و دژی مرۆڤایەتیین، دەبێت تاوانباران لە دادگایەکی نێودەوڵەتییدا دادگایی بکرێن، جەختیشدەکاتەوە، بێدەنگیی عێراق، نیشانەی هاوکارییە لەگەڵ ئەو دەوڵەتە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر شەنگال، ڕاگەیەندراویکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەمە جاری یەکەم نییە، کە دەوڵەتی هێرش دەکاتە سەر شەنگال و  خەڵکی ئێزدی، هێرشەکانی پێشوو و هێرشی سەر ناوەندی شارۆچکەی شەنگال و  بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی سکین، بەپێی پێوانە نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتیین، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لەو هێرشانە بەرپرسیارن، تاوانباران دەبێت لە دادگایەکی نێودەوڵەتییدا دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.

هەروەها هاتووە: سەرنجڕاکێشە، کە لەکاتی سەردانی مستەفا کازمییدا هێرش کرایە سەر شەنگال، هەتا ئێستاش حکومەتی عێراق هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی نە لەسەر ئەم هێرشانە و نە لەسەر هێرشەکانی دیکە نەداوە، ئەو بێدەنگییەش، هاوکاریی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە نیشان دەدات و جورئەت دەدات بە دەوڵەتی تورک بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی دژ بە ئێزدییەکان.

جەختیش دەکاتەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، بەردەوامیی هێرشەکانی داعشە و پیلانی لەناوبردنی ئێزدییەکانە.

کەنەکە سەرەخۆشیی لە خانەوادەی شەهیدەکان، خەڵکی ئێزدیی و گەلی کوردستان دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت، جارێکی دیکەش هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکات و ڕایدەگەیەنێت: بۆ ئەوەی تاوانباران سزابدرێن، ئێمە هەتا کۆتایی لەسەر ئەو کەیسە دەڕۆین و حساب لە تاوانباران دەپرسین.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، نەخۆشخانەی گوندی سکینی شەنگالیان بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە هەشت کەس شەهید و چوار هاوڵاتى برینداربوون.

ف.ق