لە ڕانیە گردبوونەوە لەدژی شەڕی ناوخۆ ئەنجامدرا

لە شارۆچکەی ڕانیە گردبوونەوەیەک دژی هەوڵەکانی دروستکردنی شەڕی ناوخۆ ئەنجامدرا و تێیدا ئاماژە بەوەکرا، کە باشترین بژاردە لە ئێستادا کۆبونەوەی سەرجەم هێزە کوردییەکانە بۆ دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی و کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان.

گردبوونەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لە باخی گشتی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین ئەنجامدرا، تێیدا بەشێک لە چالاکوانان، کەسایەتی، ڕۆشنبیر و هاوڵاتیانی ڕانیە بەشداربوون.

لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەی هاوڵاتیانی ڕانیە لەلایەن مۆفەق عومەر خوێندرایەوە، تێیدا هاتبوو: بە ئاشکرا بە ڕای گشتی و سەرجەم پارتە سیاسیەکان و هێزە کوردییەکان دەڵین، هەموو هەوڵێک بۆ شەری ناوخۆ بە توندی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە، بە تایبەت لە شاری ڕانیەو دەڤەری ڕاپەڕین کە بە مەڵبەندی شۆرشگێریی و دەروازەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستان ناسراوە، نەفرەت لە شەڕی ناوخۆ دەکەین و بە گەورەترین خیانەت و مەترسی بۆ سەر ئایندەی گەلەکەمانی دادەنێین.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: هەڵویستی توندمان دەبێت بۆ هەر هێزێک کە ببێتە هۆکاری دروستبوونی شەڕی ناوخۆ و پێشرەوی و جاشایەتی کردن بۆ دوژمنانی گەلەکەمان و لە هەمانکاتدا هیچ پاساوێک بو شەڕی ناوخۆ قبوڵ ناکرێت، هەر بۆیە داوا لەسەرجەم پارت و هێزی کوردییەکان دەکەین بەو پەری هەستارییەوە لە دۆخەکە بڕوانن و هەڵویستی روون و ئاشکرایان هەبێت بۆئەوەی دۆخەکە سەختتر نەبێت و نەبێتە هۆی شەڕ و پێکدادان، پێویستە هێزە جوڵە پێکراوەکان بچنەوە شوێنەکانی پێشوییان و ئەو کێشەیە بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت.

هەروەها هاتبوو: بۆیە دۆخەکە لێماندەخوازێت هەموومان یەکڕیزبین و بە یەکگرتوویی لەبەرامبەر داگیرکەراندا ڕاوەستین، چونکە ئیرادەو هێزو تواناو خوێنی (پێشمەرگەو گەریلاو شەرڤانان) لەگەلەوە، دێت و بە هەڵویستی گەلیش دەپارێزرێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا چوار خاڵ ئاراستەی هەموو هێزە سیاسیەکان کرا کە بریتین

١سیاسەت بە حەرامکردنی شەڕی ناوخۆوە نەکرێت و بە فیعلی و بێ هیچ پاساوێک جێ بەجێ بکرێت.

٢داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هەموو ئەو دەنگە ناپەرپەرسیارانە کە تەپلی شەڕی ناوخۆ لێدەدەن و بەمەبەست زەمینە بۆ شەڕی براکوژی خۆش دەکەن ڕابگرین و لە بری ئەوە پەیامی ئاشتی و یەکریزیی بە بنەما بگیرێت.

 ٣- باشترین بژاردە لە ئێستادا  کۆبونەوەی سەرجەم هێزە کوردییەکانە بۆ کۆنگرەو ڕاوێژێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی.

٤-  داوا لە هەردوو لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین بۆ ڕەواندنەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە، گوێ لە داواکانی خەڵکی کوردستان بگرن بە دیالۆگ و ئاشتی سەرجەم کیشەکانیان چارەسەر بکەن و ڕەچاوی بارودۆخ و هەستیاری ناوچەکە بکەن.

ف.ق