لە بەدلیس بە پاساوی "بینای مەترسی لەسەر" هەڵیانکوتایەسەر بارەگای هەدەپە

پۆلیسی دەوڵەتی تورک بە پاساوی "بینای مەترسی لەسەر" هەڵیکوتایە سەر بارەگای هەدەپە و یەکەی تێکدان دەرگا و پەنجەرەکانی بارەگای هەدەپەیان دەرهێنا.

بەرنامەى سەرۆک کۆماری تورک لە بەدلیس لە چوار گەڕەکدا بە پاساوی "بیناکان مەترسییان لەسەرە" دەستیپێکردووە و بۆ ئەوەش  ٧٠٠ بینا لەلایەن پۆلیسەوە بە زۆر بە هاووڵاتییان چۆڵ دەکرێت.

پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە بەدلیس ئاگادارکردنەوەى چۆڵکردنی تاوەکو یەکشەممە کاتژمێر ١٧:٠٠ بۆ چۆڵکردنی بیناکان و کارگەکان بۆ خاوەن بینا و کارگەکان ناردووە. بۆ ئەوەش ئەم بەیانییە پۆلیسیان ناردە سەر ئەو کارگە و ماڵانە، کە بە شوێنی "مەترسی لەسەر" دیاریکراون.

پۆلیس لە چوارچێوەی ئەو ناوچە و شوێنانە، کە بە "ناوچەى مەترسی لەسەر" راگەیاندراوە هەڵیکوتایە سەر بارەگای هەدەپە لە بەدلیس. یەکەکانی تێکدان و رووخان دەرگا و پەنجەرەکانی بارەگای هەدەپەیان دەرهێنا.

هاوکات حیزبەکانی تر لە دژی ئەو هەڵوێستەى پۆلیس رۆیشتن بۆ بارەگای هەدەپە و ناڕەزایەتییان نیشاندا و لەگەڵ یەکەی هەڵوەشاندنەوە و رووخان لە بارەگای ناوەندیی هەدەپە مشتومڕ دروستبوو. دوای مشتومڕەکان پۆلیس لە بارەگای هەدەپە رۆیشتنە دەرەوە و دەستیان بە گەمارۆدانی شەقام و کۆڵانەکانی ناچەکە کرد.

ژ.ت