لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور خێمەی سەرەخۆشی بۆ شەهیدان دانرا

لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور بۆ گەریلاکانی هەپەگە شەهید بەرخۆدان گۆیی و ڕێناس جڤیان و هۆگر بۆتان خێمەی سەرەخۆشی دانرا.

لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) بۆ گەریلاکانی هەپەگە شەهید بەرخۆدان گۆیی (ڕزگار کارا) و ڕێناس جڤیان (بەدران ئەرن) و هۆگر بۆتان (شەریف ئادلیم) کە ١٩ ی تەمموزی ٢٠٢٤ لە هەرێمی کۆتۆل لە بۆسەی هێزەکانی ئێران شەهیدبوون، خێمەی سەرەخۆشی دانرا.

گەل و ئەندامانی دامەزراوە و مەجلیسەکانی کەمپەکە بەشێوەیەکی جەماوەری سەردانی خێمەکەیان کرد. پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، لەسەر ناوی گەل، هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی مەخمور ئەحمەد نێرەوەیی قسەی کرد.

ئەحمەد تیشکی خستەسەر داگیرکارییەکانی سەر کوردستان و ڕایگەیاند دوژمن بۆ دەسکەوتنی سامانەکانی کوردستان هێرشی سەر کوردستان دەکات، گوتی: "ڕێبەرێتی لەگەڵ هەڤاڵەکانی بۆ گۆڕینی هۆشمەندی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی بە تێکۆشان کرد. ئەوە ٤٠ ساڵە لە دەسپێکی شۆڕشەوە بۆ ئێستە، ڕۆڵەی بەنرخمان شەهید دەبن. بێگومان بە عەشق و ئەوین و خۆشەویستییەوە ئەم تێکۆشانە دەکرێت. هەموو کەسێک ناتوانێت ڕاستی ئەم سەدەیە بخوێنێتەوە و بەرامبەر ئەم ڕاستییە هەنوکەییە دژی دوژمن شەڕ بکات. ئەمڕۆش سێ قارەمانی خۆمان بیردەهێنینەوە کە ژیانی خۆیان بەخشی بەم تێکۆشانە، بەڵێن دەدەین شوێنکەوتەی ئەوان بین".

لەسەر ناوی بنەماڵەی سێ شەهیدەکە، برای شەهید بەرخۆدان، زوبەیر هیلالی قسەی کرد و سوپاسی گەلی کەمپی مەخموری کرد بۆ خاوەندارێتی لە شەهیدان، گوتی: "بانگەواز لە تەواوی خیانەتکار و خۆفرۆشانی ئەم وڵاتە دەکەم، بگەڕێینەوە سەر ڕێی ڕاست. سەری سەرۆکایەتی و هەڤاڵانیان و گەلەکەمان ساغ بێت".

مەراسیمەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.