لە کۆنفرانسی "ژن، ژیان، ئازادی"، روانگە و بەرنامە پێشنیازکراوەکانی پەژاک خرایەڕوو

لە میانی کۆنفرانسی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە لە ڕۆژانی ٣٠ی ئەیلول بۆ ١ی تشرینی یەکەم لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، روانگە و بەرنامە پێشنیازکراوەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) خرایەڕوو.

روانگە و بەرنامە پێشنیازکراوەکانی پەژاک لە کۆنفرانسی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەم شێوەیەیە:
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی 'ژن، ژیان، ئازادی'
هەرچەند شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'، یەکێک لە بەهێزترین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تۆمار کرد، بەڵام بەھۆی ھەندێک کێشە لەوانەش لاوازبوونی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و لەبارنەبوونی دۆخی جیهانی، نەیتوانی گۆڕانکاری لە پەیکەری سیاسی ئێراندا بکات. بەڵام ئەم ڕاپەڕین و شۆڕشە پەرەی بە یەک وتارێکی بەهێزی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا، کە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی لە بواری کولتووریدا گۆڕی، ھەربۆیە وەک شۆڕشێکی کولتووری و ئەقڵیەتی ناودێری دەکەین.

ئەو گۆڕانکارییانەی کە شۆڕش لە کۆمەڵگادا خۆڵقاندی، لە سایەیی بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی کۆمەڵایەتی توێژەکان لەبارەی ئازادی ژن و کۆمەڵگە بوو. هەربۆیە دیکتاتۆری ئایینی سیاسی تێکشکا و کۆمەڵگا دەستکەوتی گەورەی فکری و کرداری بەدەست هێنا! شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' ھەروەھا ئەو مەودا و درزە قووڵانەی نێوان گەلان و نەتەوەکان لابرد، کە لێکەوتەی سیاسەتە دەسەڵاتخوازییەکانی ڕژێمی دەسەڵاتدار بوون. تەنانەت زۆرێک لە گۆڕانکارییەکان له بواری ئابوری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، فکری، ئایینی، نەتەوەیی، ئیتنیکی و یاسایی به بواری یاسا سیاسییەکان گرێدا و ئەوەی خستەڕوو، کە چیتر کۆمەڵگا بۆ دواوەوە ناگەڕێتەوە. ڕەنگە ئەمە لە کاتی مانگرتن و ڕاپەڕینەکانی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشدا سەلمێنرابێت. لە ڕێگەی پێکهاتەی نوێ و گەشەی فکری گەلان، بەرەنگاری پێکهاتەی کۆن و ستەمکاری سیستەمی دەسەڵاتخواز بووەوە. تەواوی ئەم گەشە و هۆشیارییە فکریانەش بە ئازادی ژنان، وەک کۆڵەکەی سەرەکی بەستراوەتەوە. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە زۆر شتی ڕوون کردەوە و ئاستی زیندوویی کۆمەڵگە و دەسەڵات وەک دوو دژبەری یەکتری بۆ ئێمەی "پەژاک" ئاشکرا کرد، ھەربۆیە لەمەودوا باشتر دەزانین، داخوازی، پێویستی و هێزەکانی کۆمەڵگە چین و دەبێت لە گۆڕەپانی پراکتیکدا چی بکەین. بەتایبەتی لە بواری تێکۆشان لە پێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد، ئاستی زیندوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی خستەڕوو و یارمەتیدەر بوو، کە باشتر لە کۆمەڵگا و داواکارییەکانی تێبگەین و بەو پێیەش خۆمان بەڕێکخستن بکەین و هەنگاو بنێین.
گرنگترین پرس، چارەسەری سیاسی
بە بۆچوونی حزبەکەمان پەژاک، چارەسەری زۆرێک لە کێشە و پرسەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەتایبەتی پرسەکانی ئابووری، ژنان، ژینگە، کولتوور، ئایین و هتد..، بە ڕێڕەوی چارەسەرکردنی پرسە سیاسیەکاندا تێدەپەڕێت. ڕەنگە ئەمڕۆ کۆمەڵگا، بە زەوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان بە تەواوەتی لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆر بێ چەک کراوە، ھەربۆیە بە بەدەستهێنانی ئازادی لە ڕەهەندی سیاسیەوە، گەل و نەتەوەیەک دەتوانێت ئازادیە ئابووری، ئیکۆلۆژی، کولتووری، ئایینی-مەزھەنی، کۆمەڵایەتی و هتد.. بەدەستبهێنێت. ڕەخساندنی زەمینەی گەشەسەندنی کولتووری، زمان و مێژووی کوردان بە شێوەیەکی تەواو ئازاد، بەبێ مسۆگەرکردنی "ئازادییە سیاسییەکان" ئەستەمە. ھەربۆیە تێکۆشانی سیاسی بە پلەی یەکەم ڕەهەندەکانی تری تێکۆشان لە ئابوورییەوە تا کۆمەڵگا و کولتوور لە خۆ دەگرێت. چارەسەرکردنی پرسی کورد و پەرەپێدانی زمان، کولتوور و خۆبەڕێوەبەری ئەم گەلە دێرینەش پێویستە و لە پلەی یەکەمیشدا بە بەدەستهێنانی ئازادییە سیاسییەکان بەدی بێت.
ئازادی ژنان
"پیاوانی دەسەڵاتدار"، هەزاران ساڵە بوونەتە ھۆی وێرانکاری گەورە لە کۆمەڵگا، سروشت و تەنانەت گەردوونیشدا! کاتی ئەوە هاتووە کە واز بھێنن و ڕێگە بۆ ژنان بکەنەوە. سیستەمی پیاوسالاری یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ئەو کێشانەن کە ئەمڕۆ بوونیان ھەیە. بەبێ ئازادی ژن و ڕزگاربوونی ژنان لە چنگی سیستەمی ئێستای پیاوسالاری جیهانی و بەبێ بڕوابوون بەم ئەندیشە ئازادیخوازانەیە، هیچ حزبێک ناتوانێت حزبێکی ڕەسەن و ڕاستەقینە بێت! پەژاک حزبی ئازادی ژنانە، چونکە بەبێ ئەوە، ئازادی کۆمەڵگا وەھمی دەبێت. ھەربۆیە لە مافی بەڕێوەبردن و بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەت و کایەکانی دیکەدا، ڕەچاوی یەکسانی تەواوەتی مافەکان بە شێوەی ٥٠ بە ٥٠ دەکات، کە زیاترە لە ستانداردە یاساییەکانی جیهان. ھەر دوو چەمکی ڕەگەزگەرایی ژن یان پیاو ڕەتدەکرێتەوە و بە جێگەی چەمکی "ئازادی ژن" بەکاردەهێنرێت. کە فەلسەفە و دروشمەکەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە. پەیوەندی نەریتی پیاوسالارانە بە شێوەیەکی وێرانکەر بەسەر کایەکانی کۆمەڵگا و ئیکۆلۆژیش زاڵە، ھەربۆیە بەبێ ئازادی ژن، جیهانی پیاوان گۆڕانکاری لە ئەقڵیەتدا بە خۆیەوە نابینێت، کۆمەڵگە و ئیکۆلۆژیش ئازاد نابن. دیاردەی ئازادیی ژن، تا ئێستا ئەڵقەیەکی ونبوو یان زۆر لاواز لە پەیکەری حزبە کوردی و جیهانییەکاندایە. لەم ڕووەوە پەژاک لە ئاستی جیهانیدا قسەی بۆ وتن هەیە و فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە سەرانسەری ئێران و کوردستان و لە دەرەوەی سنوورەکانی هەردووکیان، ئەو توانایەیی سەلماندووە. یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەم فەلسەفەیە، زیادبوونی زانیاری کۆمەڵایەتی لە ئێران و گۆڕینی ئەقڵیەتی کۆمەڵگایە لەباری ئازادیی ژنەوە، کە دەبێت ئەم ڕێگە پڕ ھەوراز و نشێوە، بەڵام بەنرخە بەردەوام بێت. بێ گومان "ژنۆلۆژی" یان زانستی ناسینی ژن، کە لە ئاستی زانستێکە بۆ گەیشتن بە ئازادی ژنان، ڕێگایەکی دوورتر لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبڕێت.
ئازادی کۆمەڵگا و ستراتیژی پەژاک
یەکێکی دیکە لە ئامانجە بنچینەییەکانی پەژاک، لە ڕووی پارادیگمایی لە هەموو کایە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتوورییەکان و بە گشتی، لە بواری بەڕێوەبردندا، دانانی "کۆمەڵگەی مەدەنی" لەسەروو ھەموو شتێکەوەیە. هەزاران ساڵە لە ناو وڵاتان و شارستانییەتە جیاوازەکاندا کۆمەڵگا لە سیستمی تایبەتی خۆی بێبەش کراوە. ھەربۆیە پێویستە کۆمەڵگای مەدەنی بە شێوەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک بە بەشداری هەموو گەلان، فرە نەتەوە و ڕەنگییەکانی دیکەی کۆمەڵگا، لە سەرووی دەوڵەت، حزبەکان و دامەزراوەکان، لوتکەی بەڕێوەبەری بگرنە دەست و ڕێکخستنەوەی لە خوارەوە بۆ سەرەوە ھەبێت. ئەوەی لە شەقام و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی سەردەمیانە باڵا دەست بوو، کۆمەڵگا بوو و ئەمەش تایبەتمەندی و خاڵی جیاکەرەوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی 'ژن، ژیان، ئازادی'یە لە ئێراندا.

ئیکۆلۆژی
ئەمڕۆ زیاتر لە مرۆڤ و کۆمەڵگا، ئیکۆلۆژی لەلایەن ڕژێمە باڵادەستەکان ڕووبەڕووی لەناوچوون بووەتەوە، بەڵام هەمان ئەو ڕژێمانە بەهۆی داڕمان و ھەڵوەشانەوە لە ڕووی ئیکۆلۆژییەوە، لە کۆتایی خۆیان نزیک دەبنەوە. لەناوچوونی ئیکۆسیستەم لەناوچوونی مرۆڤایەتییە. ھەربۆیە بونیادگەرایی و پەروەردەکردنی مرۆڤێکی ھۆشیار بەرامبەر ژینگە و ئیکۆسیستەم، ڕێکخستنی کۆمەڵگا وەک پارێزوانی ژینگە و ئیکۆلۆژیکردنی ئابووری، پیشەسازی، بەرهەمهێنان، بازرگانی و کشتوکاڵ، هەروەها شێوەکانی ئاوەدانکردنەوە و بیناسازی، لە کارە لەپێشینەکانی پەژاکە، کە پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەی زانستگەرا بەڕێوەبچێت. چەمکی ئیکۆلۆژی وەک سروشتی یەکەم، لەگەڵ دوو چەمکی "کۆمەڵگەی دیموکراتیک (وەک سروشتی دووەم)" و "ژنی ئازاد (وەک سروشتی سێیەم)" یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پارادایگمای ئێمە. ئازادکردنی هەریەکێک لەم سێ سروشتە بەبێ ئازادکردنی ئەوانی دیکە مەحاڵە.
کۆنفیدرالیزم و نەتەوەی دیموکراتیک؛ دیموکراسی ڕاستەوخۆ
ئامانجی بنچینەیی پەژاک، پەیڕەوکردنی سیاسەتی دیموکراتیک لە چوارچێوەی سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک بۆ ڕێکخستنی گەل لە پێناو بونیادنانی "نەتەوەی دیموکراتیک"ـە. شکڵی سیاسی ئەو سیستەمەش بریتییە لە "خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک"، کە شێوەیەکی بەڕێوەبردنە لە خوارەوە بۆ سەرەوە لە ڕێگەی دیموکراسی ڕاستەوخۆوە و نەتەوە-دەوڵەت ڕەتدەکاتەوە. ھەر بۆیە هەموو دەرفەت، چەمک و ڕێکارەکان دەخاتە خزمەت ئامانجە گەورەکەی "نەتەوەی دیموکراتیک". بەم ئاراستەیە لە ڕێگەی چارەسەرکردنی پرسی کورد و تێکۆشان لە پێناویدا بەو ئامانجە دەگات.
پەژاک سیستەمی کۆنفیدراڵی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان لەسەر دەستی خۆیان بە شرۆڤەیەکی نوێ و پرۆژەیەکی خۆبەڕێوەبەری هەڵبژاردووە و سیستەمی "کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)" بۆ ئەو مەبەستە پەسەند کردووە. دیموکراسی، ئازادی ژن و ژیانی ژینگەگەرا بە بنەما دەزانێت. لە سیستمەکەیدا، هەموو پێکهاتە ئیتنیکی-نەتەوەیی، ئایینی، مەزھەبی و کولتوورییەکان دەتوانن خۆیان بە شێوەی کۆمۆن، ئەنجومەن، کۆنگرە، ئەکادیمیا، سەندیکا پیشەییەکان (سەندیکا ھەرەوەزییەکان) و حزبدا بەڕێکخستن بکەن. لە دۆزینەوەی چارەسەری پرسەکانی کۆمەڵگای کوردی و سەرجەم پێکھاتە نەتەوەیی، ئایینی-مەزھەبی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوونیان ھەیە، ڕێبازی دەسەڵاتخوازانە و دژە دیموکراتیک قبوڵ ناکات و مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک بە بنەما دەگرێت. ھەربۆیە هەموو نەتەوە و گەلێک مافی ئەوەی هەیە بە بێ دەستێوەردانی دەسەڵاتی ناوەندی، ناوچەکانیان بەڕێوە ببەن و بە پشتبەستن بە ئیرادەی خۆیان ئازادیی نەتەوەیی، کولتووری و ئازادی ژنان پەرە پێبدەن. هەروەها لەسەر بنەماکانی پاراستنی ڕەوا تێکۆشان دەکات.
کۆمەڵگای ئابووری
پەژاک هیچ جۆرە کۆمەڵگەیەک کە ناونیشانێکی دەسەڵاتخوازی و پاوەنکارانەی ھەبێت بە دروست نازانێت، ھەربۆیە ناونیشانی "کۆمەڵگەی ئابوری" و "کۆمەڵگەی دیموکراتیک" دروست ترن. ئابوورییەک کە لەسەر بنەمای قازانج و لە زیانی کۆمەڵگا بێت و هەروەها پشت بە شێوازەکانی کەڵەکەکردنی سامان و بەرهەمهێنان لە ئاستێکی زۆر و بێسوود ببەستێت، کە زیان بە ژینگە بگەیەنێت، بە ئابووری نازانین. جۆری ئابووری کۆمۆناڵی هاوبەش یان ئەو جۆرە ئابوورییەی کە زیان بە کۆمەڵگا ناگەیەنێت، لەلایەن پەژاکە قبوڵکراوە. لەپاڵ بڕوابوون بە ھەبوونی بازاڕ، بازرگانی و ئابوورییەک لەسەر بنەمای پێویستی، نەک لەسەر بنەمای قازانج، خۆبەڕێوەبەری ئابووریی پشتبەستوو بە خۆ، یەکێکە لە بناغە سیستماتیکەکانی پەژاک و لە پێناو نەھێشتنی نایەکسانی، پەرە بە جۆری ئابووری کۆمۆن دیموکراتیک دژی سیاسەتی جینۆسایدی کولتووری و تاڵانکردن دەدەین.
پەیامی ڕوونی پەژاک
بە گوێرەی ئەو بنەمایانەی ئاماژەمان پێدا، خواستی پەژاک تێپەڕاندنی ڕژێمی دژە دێموکراتیکی ئێران و گۆڕانکاری بنچینەیە. بەبێ دیموکراتیزەکردنی ئێران، کوردستانیش دیموکراتیزە نابێت، کە ئەمەش بە یەکگرتنی گەلان و نەتەوەکانی کورد، فارس، ئازەری، عەرەب، بەلوچ، گیلەک-مازەنی و ھتد.. دەستەبەر دەبێت. بەلای ئێمەوە هێزە سەرەکی و ڕاستەقینەکانی شۆڕش بریتین لە ڕەوتە چەپ و دیموکراتیکەکان، کە بەشێکیان لە ژنان، ژینگەپارێزان، سەندیکا پیشەییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییە سەربەخۆکان پێکهاتوون.
پێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک و چەپی ئێرانمان کردووە بە بەشێک لە ئامانجی دیپلۆماتیک و تێکۆشانمان و پێمانوایە یەکگرتوویی حزب و ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکان یەکێک لە ڕێگا بەهێزەکانی تێکۆشان بۆ تێپەڕاندنی ڕژێمی ئێستای ئێران و دیمۆکراتیزەکردنی ئێرانە. لەو چوارچێوەیەدا پێکهێنانی پلاتفۆرمی هاوبەش بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکان و بەشدارییەکی یەکگرتووانە بە ئامانجی پەیوەندیی بەرفراوانتر لە نێوان حزب و ڕێکخراوە ئێرانی و کوردییەکان و ئەنجامدانی کار و تێکۆشانی پراتیکی و دیپلۆماتیک پێویستییەکی گرنگە.
ئێمە، پەژاک، پێوەرە جیهانییەکانی ژیانی دیموکراتێک کە تا ئێستا لە لایەن گەلانی ئەوروپا و ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە، وەک بەها و دەستکەوتی بەڕێوەبردنی دیموکراتیکی کۆمەڵگە بەدیھێنراون و پێشکەوتنی بەدەست هێناوە، قبوڵمانە و بۆ پەرەپێدانی بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکانی ناوچە و کۆمەڵگاکەمان تێدەکۆشین. هەوڵ دەدەین پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕێکخراوە دیموکراتیکە نێونەتەوەییەکان بدەین و پەرەپێدەری کولتووری دیموکراسیتەوەر بین.
پەژاک بە خستنەڕووی ئامانج، رێکار و پەیامە ڕوونەکانی پێیوایە و هیوادارە، کە لەم کۆنفرانسەی ئێستادا بتوانرێت بە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک لە بوارەکانی پراکتیکی-ڕێکخراوەیی جۆرێک لە یەکگرتووی بەدی بهێنرێت. ھەربۆیە ئامادەین بۆ ھەموو جۆرە هاوکارییەک. دروشم و پێرسپێکتیڤمان ئەوەیە کە "ئازادی بەدی دێت!" بە هیوای گەیشتن بە ڕۆژانی ئازاد و شایستەی گەلەکەمان و هەموو مرۆڤایەتی. بەهیوای سەرکەوتن لە تێکۆشانی دیموکراتیک. ژن، ژیان، ئازادی!
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)