لە مەریوان هێرشکرایە سەر هاوڵاتیان و ٣ کەس برینداربوون

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند هێزەکانی دەسەڵاتی ئێران هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیانی گوندێکی سەر بە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامدا ٣ کەس برینداربوون.

بەگوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ١٤ ی ئاداردا ٣ هاوڵاتی کورد لە نزیک گوندی دەرەکێ ڕووبەڕووی هێرشی چەکدارانی دەسەڵاتی ئێران بوونەوە و برینداربوون. ئەم سێ هاوڵاتییە بە ناوەکانی ئاریان کەرەمی (کاسبکار)، گوڵاڵە محەمەدی و مەحمود کەرەمی هەموویان خەڵکی گوندە زەکەریانی سەر بە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، سێ هاوڵاتییەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "بوو عەلی" لە مەریوان، بەڵام ڕەوشی تەندرووستییان خراپە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەتا هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئاریان کەرەمی کردووە، لەدوای ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەکەی دوانیان بۆ یارمەتیدانی بەرەو لای ئۆتۆمبێلەکە ڕۆیشتوون، بەڵام هێزە چەکدارەکان تەقەیان لەوانیش کردووە و لە ئەنجامدا بە سەختی بریندار بوون.