لە پەرلەمانی عێراق دەستگیرکردنی چالاکوانان لەلایەن پەدەکەوە شەرمەزارکرا

ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق لە پەرلەمانی عێراق دەستگیرکردنی چالاکوانانیان لە لایەن پەدەکەوە شەرمەزار کرد.

ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بە دەستگیرکردنی چالاکوان، ڕۆژنامەنووسان لە هەولێر و دهۆک لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)وەدا و شەرمەزاریان کرد و ڕایانگەیاند، ئەو کردەوانە لەدژی پێوانەی مافەکانی مرۆڤە و داوایان کرد ئازاد بکرێن.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا وترا،"ئێمە دەستگیرکردنی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی شەرمەزار دەکەین. چەند ڕۆژ لەمەوبەر هێزە ئەمنیەکان لە دهۆک و هەولێر ژمارەیەک چالاکوانیان دەستگیرکرد. هەروەها ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ژمارەیەک چەکدار هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە هەولێر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕفاند.

ئەم هەڵمە دەستگیرکردنانە لەدژی یاسای مافەکانی مرۆڤ و دەستووری عێراقە و لەدژی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی عێراقە. پێویستە بە زوترین کات ئازاد بکرێن."

ف.ق