لە شەنگال یادی شەهیدی فەرماندە عەگید جڤیان کرایەوە

عەگید جڤیان، ئەندامی کۆنسەی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە و فەرماندەی هەرێمی بۆتان، کە لە ڕزگارکردنی ئێزدییەکان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو، لە ١١ی ئەیلول ٢٠٢٠ لە وان شەهید بوو، لە شەنگال بە مەراسیمێک یادی کرایەوە.

مەراسیمی یادکردنەوەکە ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شەهیدانی شەهید دلگەش و شەهید بەرخۆدان بەڕێوەچوو، تێیدا هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە و نوێنەری ڕێکخرا و دامەزراوەکانی شەنگال و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ئێزدی بەشداربوون.

لە مەراسیمەکەدا دژوار فەقیر، بەناوی یەبەشە-وە قسەی کرد و وتی: لە کەسایەتی شەهید عەگید جڤیان، سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدان دادەنەوێنین، فەرماندە عەگید جڤیان، ئەو فەرماندەیەبوو، کە ئێزدیەکانی لە دەستی چەتەکانی داعش پاراست و نەیهێشت کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان گەورەتر ببێت، لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر شەنگال، فەرماندە عەگید و هەڤاڵانی، بەدەم هاواری خەڵکی ئێزدییەوە هاتن و لە چیای شەنگال ئێمەیان لە کۆمەڵکوژیی پاراست، لەوێوە ئێمە فەرماندە عەگیدمان ناسی.

هەروەها وتی: بە فەرماندەیی عەگید جڤیان، ڕێڕەوی مرۆریی بۆ ڕزگاربوونی ئێزدییەکان لە چیای شەنگالەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە و لەو ڕێگەیەوە ١٥٠ هەزار خەڵکی شەنگال ڕزگاریان بوو لە کۆمەڵکوژیی، هەر بە تێکۆشانی ئەو ئێزدییەکان بوونە خاوەنی هێزی خۆپاراستن و یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزدخان دروستبوو، هەروەها دامەزراوەکانی شەنگال دروستبوو، بۆیە ئێمە وەک گەلی ئێزدی خۆمان بە قەرزاری فەرماندە عەگید و هەڤاڵەکانی دەزانین، ئەو میراسەی ئەو بۆی جێهێشتووین دەیکەینە بنەمای تێکۆشانمان.

دژوار لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەئێستادا پیلانگێڕییەک بۆ لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانە هەیە کە ئێزدییەکان بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەستیان هێناوە، ئەوە بەواتای فەرمان و جینۆسایدێکی دیکەی گەلی ئیزی دێت، ئێمە دەست لە سەرکەوتن و ئیرادەمان بەرنادەین، چ بڕیارێک دەدەن با بیدەن، ئێمە خۆمان و دەستکەوتەکانمان دەپارێزین.

دواتر مەراسیمی سەربازیی بۆ ڕێزگرتن لە شەهید عەگید جڤیان ئەنجامدرا و لە مەیدانی شەهیدان درێژە بە مەراسیمەکەدرا و نوێنەری خۆبەڕێوبەری شەنگال و پادێ و چەند دام و دەزگایەکی دیکەی شەنگال وتاریان پێشکەشکرد، دواتر لە ڕێگای داتاشۆوە ڤیدیۆیەک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید عەگید نمایشکرا.

ف.ق