لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا و ئێران ٤٢٥ کوژراون
تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی (سی پی تی) ڕایگەیاند لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئێراندا لەنێوان ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٢٤ دا ٤٢٥ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧٠ گوند چۆڵکراون.
تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی (سی پی تی) ڕایگەیاند لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئێراندا لەنێوان ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٢٤ دا ٤٢٥ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧٠ گوند چۆڵکراون.
ئەم ئێوارەیە لە هۆتێل ڕۆتانای شاری سلێمانی (سی پی تی) دەربارەی ئامارەکانی هێرشەکانی داگیرکاری سەر باشووری کوردستان سیمینارێکی ئەنجامدا و بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئێرانی ئاشکرا کرد.
سی پی تی ڕایگەیاند لە هێرشەکانی تورکیا – ئێران لانی کەم ٨٤٥ کەس بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە، ٧٠٢ کەسیان لەلایەن دەوڵەتی تورک و ١٤٣ کەسیان لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە قوربانی.
سی پی تی گوتی: "لەو ٧٠٢ كەسەی كە لە ئەنجامی هێرشەكانی توركیاوە بوونەتە قوربانی، ٣٤٤ هاوڵاتی شەهیدبوون و ٣٥٨ هاوڵاتیش برینداربوون، هەروەها لە ئەنجامی هێرشەكانی ئێران ٨١ كهس شەهیدبوون و ٦٢ كهسی دیكهش برینداربوون".
هەروەها ڕایگەیاند لەو ژمارانە ١٩٤ قوربانییان منداڵن و ٢٠٤ قوربانییان ژنن، هەروەها ١٨ كەسیان گومان دەکرێت قوربانی بن بە چەكی كیمیایی، گوتی: "زیاتر لە ١٧٠ گوندی هەرێمی کوردستان، بەهۆی لەشكركێشییەكانی تورکیا و ئێرانەوە چۆڵكراون".
لەکۆتاییدا سی پی تی گوتی: "سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ بۆردوومانی گوندی زارگەلی کرد لە بناری قەندیل، لە ئەنجامدا ١٨هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی، ئەمەش یەکەم بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا بوو لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها یەکەمین بۆردوومانی دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئاشتیی بوو لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، بەگشتیی لە ٦٩٪ـی قوربانییانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومان و هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیاوە بوون".