لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگری نەورۆز دەگەشێتەوە

لە زۆربەی گوند و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگری نەورۆز بە بەشداری هاووڵاتیان دەگەشێتەوە. هاوڵاتییان تا درەنگانی شەو لەدەوری ئاگری نەورۆز بە جۆشەو شادی و سەمایان دەکرد.

نەورۆزی ڕۆژهەڵات

ئاهەنگی نەورۆز لە شار، ناوچە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای بارانبارینی بەخوڕ و گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران بە شێوەیەکی جەماوەریی پێشوازی لێکرا. لە گوندی قەمتەر سەر بە شاری مەهاباد، گوندی مێماندار سەر بە نەغەدە، گوندی حەسەن نورانی شنۆ، هەروەها ناوچەی سەرچناری بۆکان، هاووڵاتییان لە مەیدانەکانی نەورۆز کۆبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان هەڵکرد و بە خۆشی و شادیەوە بە پۆشینی جل و بەرگی ڕەسەنی کوردەواری ئاهەنگیان گێڕا.

پاش هەڵکردنی ئاگری نەورۆز، هاوڵاتییان تا درەنگانی شەو بە گۆرانی و سەما کردن لە دەوری ئاگرەکە نەورۆزیان پیرۆز کرد.