محەمەد نەسرەدین: ڕۆژانە تورکیا بە ‌هێرشەکانی دژایەتی خۆی بۆ کورد دووپات دەکاتەوە

محەمەد نەسردەین چاودێری ساسی دەڵێت: "بەرژەوەندیی هەندێک کەس و لایەن لەناو دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگە خۆشکەربووە بۆ فراوان بوونی هێرشەکانی تورکیا".

سەرلەبەیانی پێرێ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، سێ جار گوندی توتەقەلی سەر بە ناوچەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵی بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا ٥ کەس شەهیدکران، کە ٢ کەس لە شەهیدەکان خەڵکی ئەو گوندە بوون، پاش هێرشەکەی ناوچەی ئاغجەلەر دوای نیوه‌ڕۆی هەمان رۆژ كاتژمێر ١٣:٠٠ به‌ كاتی ناوچه‌كه‌ فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی هێرشبه‌ری ده‌وڵه‌تی فاشستی تورکیا له‌ کامپی بەنابەرانی مه‌خمور ئۆتۆمبێلێكی كرده‌ ئامانج و لە ئەنجامدا گەنجێک شەهید بوو.

سەبارەت بە فراوان بوونی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیا بەجۆرێک کە خەڵکی لەناوچەکانی قوڵایی ناو خاکی عێراق بکاتە ئامانج، و لەبارەی بێدەنگی لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فدڕاڵی عێراق بەرامبەر پێشەڵکارییەکانی تورکیا و بەئامانج گرتنی خەڵکی سڤیلی باشوری کوردستان، محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەداری دیاری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

لەهەر شوێنێک ئیرادەی ئازاد هەبێت تورکیا لیدەدات

محەمەد نەسڕدەین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەداری دیاری شاری کەرکوک سەبارەت بە هێرشەکانی دوێنی دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان ووتی: "هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سنوری چەمچەماڵ و بەردەوام بوونی هێرشەکانی بەڵگەی ئەوەیە، کە هەموو رۆژێک دەوڵەتی فاشستی تورک بە سەرکردایەتی ئەردۆغان، پەیمانی دژایەتی کردنی گەلی کورد دووبارە دەکەنەوە لەهەر شوێنێک کە دەنگی ئازادی کوردی هەبێت ئەوان دژی ئەو دەنگەن، ئەم هێرشەی تورکیا لە سنوری چەمچەمال کە نزیک کەرکوکە ئەوە ئاشکرا دەکات بیانوی تورکیا بۆ تەنها لێدان لە پەکەکە لە قەندیل بیانویەکی ڕاست نیە، بەڵکو ئامانجی تورکیا ئەوەیە لەهەر شوێنێک ئیرادەیەکی ئازادی میللەتی کورد هەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، تورکیا لیدەدات".

 هیچ بیانویەک نیە کە هیچ لایەنێک ڕەوای بە هێرشەکانی تورکیا بدات

هەروەها ئەو چاودێرە سیاسییە ووتیشی: "بەردەوام دووبارە بوونەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی دوور لە ناوچەی شەڕ، هیچ بیانویەک بۆ هیچ لایەنێکی هەرێمی کوردستان و عێراق ناهێلێتەوە کە ڕەوایی بە‌هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بدات، پێویستە حکومەتی ناوەندی فیدڕاڵی عێراق و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەهەموو تواناکانیانەوە ڕووبەڕووی ئەم هێرش و داگیرکارایانەی تورکیا ببنەوە، ئەم هێرشانەی تورکیا بەزاندنی سنوری عێراقە و کە سەروەری عێراق تیدا پێشەڵکاراوە، کردەوە سەربازییەکانی تورکیا دەستوەردانە لە کاروباری حکومەتی عێراق و هەروەها ڕێز نەگرتنە لە ئیرادەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی تورکیا دەیکات هەوڵدانە بۆ سەپاندنی ئیردەی خۆی بەسەر هەرێی کوردستاندا".

پێویستە یەکڕیزبین دژی هێرشی فاشستی تورکیا

هەروەها ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی گەلی باشوری کوردستان دژ بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیا، ڕایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتێکی هەرێمی کوردستان (پەدەکە) دەستی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا تیکەڵە، بەڵام خەڵکی کوردستان بەگشتی لەگەڵ مافی ڕەوای گەلەکەمانن و دژی ئەو رژێمەی تورکیان کە ئەمرۆ دژایەتی تەواوی گەلی کورد دەکات، لەم قۆناغە هەستیارەی کە ناوچەکەی پێدا تێدەپەرێت پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان یەکرێز بن لە دژایەتی ئەم هێرش و هەوڵە داگیرکاریانەی تورکیا کە لەباشوری کوردستان ئەنجامی دەدات".

هیچ لایەنێکی کوردی بۆی نیە پاساو بۆ هێرشەکانی تورکیا بهێنێتەوە

سەبارەت بە فراوان بوونی هێڕشەکانی تورکیا، محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی ووتی: "فراوان بوونی هێرشەکانی تورکیا ئەوە دەسەلمێنێت کە تورکیا کورد بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەبینێت، دەبینین کە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ووڵاتان بەردەوام لە گۆڕانکارییە بەڵام لە سیاسەتی داژیەتی کردنی گەلی کورد تورکیا بەردەوامە و تورکیا سورە لەسەر داژیەتی کردنی مافی ڕەوای گەلی کورد، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هۆشیاربن لە داژیەتییەکانی تورکیا وە پێویستە هیچ لایەنێکی کوردی بۆی نیە پاساو بۆ هێرشەکانی تورکیا بهێنێتەوە".

بەرژەوەندی هەندێک لایەن ڕێگە خۆشکەربووە بۆ فراوان بوونی هێرشەکانی تورکیا

سەبارەت بە هۆکاری بێ دەنگی هەردوو حکومەتی هەڕێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئەو چاودێرە ئاشکرای کرد و ووتی: "ئەو لایەنانەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فدڕاڵی عێراق بێ دەنگن لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا، ئەوە ئەو لایەنانەی کە ئەمڕۆ بەرژەوەندییان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا هەیە کە ئەمەش شەرمێکی گەورەیە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی عێراق کە ئەمڕۆ سنوری ووڵاتەکەی دەبەزێندرێت لەلایەن ووڵاتێکی بێگانە و دوژمنی وەکو تورکیاوە هێرش دەکرێتە سەر خاکەکەی بێ دەنگی هەڵدەبژێرێت یان هەڵوێستێکی لاواز دەردەبڕێت، ئەمەش ڕوونە کە بەرژەوەندی هەندێک کەس و لایەن لە هەرێمی کوردستان و عێراق، وایکردووە ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ ئەم هێرش و دوژمنکارییەی کە ئەمڕۆ ورکیا ئەنجامی دەدات".

لەپێناو بەرژەوەندی دەسەڵاتێکی شکسخواردوو دەبن

لە کۆتایدا محەمەد نەسڕەدین ووتی: "دەسەڵاتێک ڕازی بێت بە هێرش کردنە سەر خاکەکەی و بەزاننی سنور و پێشێلکردنی سەروەرییەکەی لەپێناو دەستکەوتی سیاسی، ئەو جۆرە دەسەڵات و سیاسەتمدارانە دەسەڵاتێکی شکسخواردوو و دواکەوتوو دەبن، چونکە لەئاست داخوازی میللەت و گەلی ووڵاتەکەی خۆیان دا نابن".

ژ.ت