مەراسیمی پرسەی نازم داشتان و جیهان بیلگین بەڕێوەچوو
لەناوچەکانی گیادینی ئاگری و میدیادی مێردین مەراسیمی پرسەی رۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین کە لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا شەهید ببوو، بەرێوەچوو.
لەناوچەکانی گیادینی ئاگری و میدیادی مێردین مەراسیمی پرسەی رۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین کە لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا شەهید ببوو، بەرێوەچوو.
مەراسیمی پرسەی نازم داشتان لە ناوچەی گیادینی ئاگری بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەرانی لقی وان و ئاگری مەبیا-دەر، توهای-دەر، دەبەپە و دەمپارتی، چالاکوانانی تەژەئا، پەرلەمانتارانی دەم-پارتی نەجلا دەمیر، هەڤاڵ بوزداغ، مەحمود دیندار، هاوسەرۆکانی شارەوانی بازید و گیادین و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بەشدارییان لە پرسەکەدا کرد.
"راگەیاندنی ئازاد تاریکییەکان دەڕەوێنێتەوە"
خانم کایا هاوسەرۆکی لقی وانی مەبیا دەر بە ئاماژەدان بەوەی راگەیاندنی ئازاد تاریکی دەڕەوێنێتەوە و وتی، "هاوڕێیانمان بە هەواڵەکانیان راست و درۆی دەوڵەتی تورکیان ئاشکرا کرد، هەربۆیە کرانە ئامانج و شەهیدبوون. بەڵێن دەدەین کە رێبازی تێکۆشانی ئەوان درێژە پێبدەین و ئاوات و ئامانجی ئەوان کە بریتیبوو لە دامەزراندنی کوردستانی ئازاد بهێنینەدی".
لای خۆیەوە نەجلا دەمیر پەرلەمانتاری دەم پارتی وتی. "لە هێرشەکانی ٥ ساڵی رابردوودا ١٣ میدیاکار شەهیدبوون. بە گشتی ١٠٠ ساڵە ئەم هێرشە قڕکارییە بەردەوامە و سەدان هەزار کورد کوژراون. دەبێت بزانن کە خەڵکی کورد، کوردەکانی پێشوو نین، بەرگری لە مافەکانی خۆیان دەکەن".
"تورکیا لە هەوڵی ئەوەدایە راستی لەناوببات"
مەراسیمی پرسەی جیهان بیلگین لە ناوچەی میدیادی مێردین بەڕێوەچوو. سەدان کەس بەشدارییان لە پرسەکەیدا کرد و بە بەرزکردنەوەی وێنەکانی جیهان بیلگین رێپێوانیان کرد ودروشمەکانی "شەهید نامرێ"، "جیهان و نازم شکۆی ئێمەن" و "راگەیاندنی ئازاد کپ ناکرێت"یان وتەوە. دواتر غوربەت تەکین هاوسەرۆکی مەبیا-دەر وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، تێکۆشانی جیهان بیلگین و نازم داشتان فراوانتر دەکەن.
ئەحمەد کان باڵ بە نوێنەرایەتی لە سەندیکای رۆژنامەوانانی دیجلە فورات وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لەوەکرد کە رۆژنامەنووسان بەهۆی ئەوەی بەدوای دۆزینەوەی راستییەوە بوون تیرۆرکراون و وتی، "ئەو دوو هاوڕێیەمان رێبوار و شوێنکەوتووی رێچکەی شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد بوون. لێرەدا جارێکی دیکە بەڵێنیان پێدەدەینەوە کە رێگە و میراتی ئەوان بگرینەبەر و نەهێڵین پێنوسەکەیان لەسەر زەوی بکەوێت".
بریتان گونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتیش بە ئاماژەدان بەوە لە سایەی راگەیاندنی ئازادەوە جیهان لە تێکۆشانی گەل کورد لە پێناو ئازادی ئاگادار بووەتەوە و وتی، "تەنیا لە یەک مانگدا ٦١ هێرش بۆ سەر راگەیاندن ئەنجامدراوە. تورکیا هەوڵ دەدات راستی و حەقیقەت لەناو ببات. نە تانک، نە تۆپ و نە درۆن توانای لەناوبردنی راستییان نییە. ئامانج سڕینەوە و لەناوبردنی گەلی کوردە. لە سەردەمی شێخ سەعیدەوە ئێمە چۆکمان دانەداوە و چیتریش خۆمان بە دەستەوە نادەین. لە سایەی پێنوسی جیهان و نازمەوە هەمووان ئاگاداری بەرخودانی گەلی کوردن. هەربۆیەش قەرزارباری ئەوانین. لەبەر ئەوەش دەبێت پارێزگاری لە میراتی ئەوان بکەین. تێکۆشان بۆ ژیان و هێنانەدی ئاواتەکانمان بەردەوام دەبێت".
لە کۆتاییدا دایکی جیهان بیلگین، کاتبە بیلگین قسەی کرد و و وتی، "دەمەوێت تەرمی کچەکەم بهێندرێتەوە و لێرە بە خاکبسپێردرێت بۆ ئەوەی هەموو ئازیزانی بچنە سەردانی گڵکۆکەی. هیوادارم جیهانی من و نازم ببنە هەوێنی ئاشتی. سەرەخۆشی لە هەمووان دەکەم".