پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکە ماوەیەکی زۆر لە دژی شەنگال و ئێزدیەکان پڕۆپاگەندەیەکی رەشکردنی پەیرەو کرد و دوای ئەنجامدانی چەندین چاوپیکەوتن لەگەڵ بەغدا، لە بەرواری ٩ی تشرینی یەکەمدا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق لە بارەی شەنگال و کۆمەڵگای ئیزدیەوە، رێکەوتنێکی قێزەوەنی ئیمزا کرد. هاوکات هەر یەک لە نەتوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و ئەلمانیاش ناوبژیوانیان کردووە.
دوای ئیمزاکردنی رێکەوتنەکە، فەلاح مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پەدەکە سپاسی حزبەکەی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و ئەلمانیا و فەرەنسا کرد کە بۆ ئیمزاکردنی ئەو رێکەوتنە ناوبژیوانیان کردووە.
لە ٣ی تەباخی ٢٠١٤ کاتیک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، پەدەکە هێزەکانی خۆی و حکومەتی ناوەندیش سەرباز و پۆلیسەکانی خۆی کشاندەوە و شەنگال و کۆمەڵگای ئیزدیان لەبەردەم قڕکردن هێشتنە.
دوای دەستوەردانی گەریلاکانی هەپەگە و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە، بە سەدان هەزار ئێزدی لە قڕکردن رزگار کران، بەڵام دیسان چەتەکانی داعش بە هەزاران ژن و منداڵی ئێزدیان رفاند و بە هەزاران گەنج و پیاویشیان کوشت.
دوای هێرشی چەتەکانی داعش، ئێزدیەکان لە ژێر ناوی یەبەشە و یەپەژە-شەنگال هێزی خۆپاراستنیان دروست کرد. دوای خۆڕاگریەکی زۆر و بەرفراوان لە مانگی تشرینی دووهەمی ٢٠١٥ ناوەندی شاری شەنگال لە دەستی چەتەکانی داعش رزگار کرا و پاک کرایەوە.
هێزەکانی پەدەکە دواتر گەڕابوونەوە بۆ ناوچەکە و بەشێک لە شارەکەیان کۆنترۆڵ کردەوە. هەدەپە و یەبەشە بۆ ئەوەی لە ناو ماڵی کورددا شەڕ دروست نەبێت، لە هاتنەوەی هێزەکانی پەدەکە بێدەنگ بوون.
لە مانگی ئازاری ٢٠١٧دا پەدەکە لە سەر هێڵی سنوون-خانەسوور چەکدارەکانی خۆی بە ناوی 'پێشمەرگەکانی رۆژ' جێگیر کرد و بە رێگای ئەوانەوە هێرشیان کردبووە سەر یەبەشە، بەڵام ئێزدیەکان بە خۆڕاگریەکەیان ئەو کردەوە تێکدەرانەیان پووچەڵ کردەوە.
پەدەکە بۆ جاری دووهەم رایکرد
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ دوای ریفراندومەکەی پەدەکە، کاتێک عێراق هێزەکانی خۆی و حەشدی شەعبیی گواستەوە بۆ ناوچەکە، پێشمەرگەکانی پەدەکە جارێکی تر رایانکرد.
دوای چەند مانگێکیش لە ئەنجامی رێکەوتنێکی نێوان حکومەتی ناوەندی عیڕاق و ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال، هێزی یەبەشە وەکو هێزێکی فەرمی و بەشێک لە سوپای عێراق قبوڵ کران.
بازرگانیەکی قێزەوەن
هێزەکانی هەپەگە کە بە سەدان هەزار ئێزدیان لە دەستی دڕندەکانی داعش رزگار کرد و شەنگالیان ئازاد کرد، لە مانگی نیسانی ٢٠١٨ بە شێوەیەکی فەرمی خۆیان لە شەنگال کشاندەوە. لەگەڵ ئەمەش پەدەکە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکاتەوە کە پەکەکە لە ناوچەکە بوونی هەیە و بازرگانیەکی قێزەوەن بە شەنگالەوە دەکات.
لە ساڵیادی پلانگێریە نێودەوڵەتیەکە لە دژی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هاوکات لە ساڵیادی هێرشە داگیرکەریەکانی سەر سەرێکانی و گرێ سپی، واتە ٩ی تشرینی یەکەم، رێکەوتنێکیان لە بارەی گوایا بەڕێوەبەرایەتی، ئاسایش و بونیادنانەوەی شەنگال ئیمزا کرد.
ئێزدیەکان ناڕەزایەتیان لە دژی ئەو رێکەوتنە دەربڕی و جەختیان کردەوە کە هیچ رێکەوتنێک لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان، جێگای قوبوڵکردن نیە و ئەم پەیمانەشیان وەکو بەردەوامی هێرشەکانی ٣ی تەباخ پێناسە کرد.
ریحان حچۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری دیمۆکراتیکی شەنگال و حەجی چەلیک هاوسەرۆکی ناڤ-یەک و فەلەکناس ئوجا پەرلەمانتاری هەدەپە لە بارەی رێکەوتنەکەی نێوان پەدەکەوە بۆ ئاژنسی هەواڵی فورات قسەیان کرد.
رێکەوتنەکەی نێوان تاوانباران و خائینەکان
ریحان حچۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیمۆکراتیکی شەنگال ئەو رێکەوتنەی وەکو "پلانگێڕیەک لە دژی ئێزدیەکان" پێناسە کرد و رایگەیاند، ئەو پەیمانە هاوکات بەردەوامی فەرمانەکەی ٣ی ئابە.
ریحان حچۆ رایگەیاند، پەدەکە و حکومەتی ناوەندی عێراق دوو بەرپرسیاری یەکەمی هێرشەکەی ٣ی ئابن و وتی:"بەر لە ٣ی ئاب ئەو دوو هێزە لە شەنگال بوون. بەڵام دوای ئەوەی داعش هێرشی کرد، ئەو دوو هێزە ئێزدیەکانیان لە ناو کۆمەڵکوژیەکە بەجێ هێشت و رایانکرد. بۆیە ئەو دوو هێزە تاوانبارن. حکومەتی عێراق، شەنگالی بەجێ هێشت و ئەمە تاوانە. پەدەکەش لەگەڵ ئەوەی تاوانی ئەنجامدا، هاوکات خیانەتی کرد. ئەو دوو هێزە مافی ئەوەیان نیە کە لەسەر شەنگال تەنانەت قسەیەکیش بکەن."
'ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوبەشی ئەم تاوانەن'
حچۆ تیشکی خستە سەر ئەوەی، پەدەکە پێشووتریش هێرشی کردە سەر شەنگال و هاوکات لە بەرامبەر سپۆنسەرانی ئەم جارە، واتە (ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان) ناڕەزایەتیان دەربڕی و وتیشی:" ئەم پەیمانە لە ژێر چاودێریی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئیمزا کرا. ئەم رێکەوتنە بەردەوامیی فەرمانەکەی ٣ی ئابە. بۆیە ئەو هێز و رێکخراوانەی ناو ئەم پلانگێریە، بۆ ئێمە وەکو هاوبەشی تاوانەکەن."
قوربانیەکە چی دەبێت با ببێت، ئێمە قبوڵی ناکەین'
ریحان حچۆ وتی:"ئەم رێکەوتنە، رێکەوتنی لەناوبردنی ئێزدیەکانە، ئێمە ئەوە قبوڵی ناکەین. هەوڵێر و بەغدا بازرگانیمان پێوە دەکەن. زۆر قوربانیمان بۆ ئازادیدا. ئەو قوربانیانە بۆ ئەوە نەبوو کە هەوڵێر و بەغدا یان هەندێکی تر، ئێزدیەکان وەکو دیاریەک پێشکەش بە یەکتر بکەن. هیچ بڕیارێک لە دەرەوەی ئیرادەی خۆمان قبوڵ ناکەین. قوربانیەکەی چی دەبێت با ببێت، ئێمە قبوڵی ناکەین. ئێمە پاروویەکی هێندە ئاسان نین کە قوتمان بدەن. ئێمە هەڵوێستمان بە ئاشکرایی خستووەتەروو، هەمیشە هەڵوێستمان دەخەینەروو."
'لە بارەی خۆپاراستنمان لیپرسینەوەمان لەگەڵدا دەکەن'
ریحان حجۆ لە بارەی هەڵوێستی دژی رێکەوتنەکە وتی:"وەکو ئەوەی هیچ رووینەداوە، دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ بەر لە ٣ی ئاب. ئەوانەی دەبێت دادگایی بکرێن، بەڕێوەبەرانی هەوڵێر و بەغدان، بەڵام لەگەڵ ئەمە هەڵساون و لێپرسینە لەگەڵ ئێمەدا دەکەن. دەڵێن،'بۆچی چەکتان هەڵگرتووە، بۆچی خۆتان پاراستووە!. هەڵساون و لێپرسینەوەی ئەوەمان لەگەڵدا کە بۆچی لەناو نەچووین. ئەوانەی کە دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوانن. شوێنی خائینان لە شەنگال نابێتەوە. شەنگال شوێن و زێدی ئێزدیەکانە و وەکو زێدی ئازادکراوی ئێزدیەکانیش دەمێنێتەوە. ئێمە جگە لەمە هیچ شتێکی تر قبوڵ ناکەین."
'بە هیچ شێوەیەک جێگای قبوڵکردن نیە'
حەجی چەلیک هاوسەرۆکی چەتری رێکخستنی ئێزدیەکان (ناڤ-یەک)یش لەم بارەیەوە رایگەیاند ئەم پەیمانە بووە بە هۆی تووڕەیی کۆمەڵگای ئێزدی و ئاماژەی بەوەش کرد کە، ئەم رێکەوتنە بە بێ ئامادەبوونی ئێزدیەکان ئیمزا کراوە، بە هیچ شێوەیەکیش جێگای قبوڵکردن نیە و وتی:"ئەو زیهنیەتەی لە ٣ی ئابدا ئێزدیەکانی لە ناو قڕکردن هێشتەوە، ئەمڕۆ دیسان لەسەر پێیە. هەردوو ئەو هێزەی ئەمڕۆ رێکەوتنەکەیان ئیمزا کردووە، لە ٣ی ئابدا بە سەدان هەزار ئێزدیان لە ناو کۆمەڵکوژیدا هێشتەوە و رایانکرد."
'لە ساڵیای پلانگێڕیە نێودەوڵەتیەکەدا، لە دژی ئێزدیەکان پلانگێریان ئەنجامدا'
چەلیک وتی:"ئەوانەی دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ئەوانەی دەبێت لەبەردەم ژنان و منداڵانی ئێزدیەکان چۆکدادەن و داوای لێبوردن بکەن، وەکو ئەوەی هیچ رووینەداوە، ئەمڕۆ هەڵساون و رێکەوتنێکی نوێیان ئیمزا کردووە و رێگە بۆ ئەوە خۆشدەکات، جارێکی تر ئێزدیەکان قڕ بکەنەوە."
چەلیک وتی:" رێکەوتنەکەش لە ساڵیادی پلانگێریەکەی دژی عەبدولا ئۆجالان و ساڵیادی هێرشە داگیرکەریەکانی سەر سەرێکانی و گرێ سپی ئیمزا کرا. ئێمە پێمان وایە ئەمە بەرێکەوت نیە. لە کەسایەتیی ئێزدیەکاندا دەیانەوێت بەردەوامی بدەن بە پلانگێریەکە."
چەلیک هاوکات هۆشداریدایە هەوڵێر و بەغدا کە هێچ رێکەوتنێک بە بێ ئامادەبوون و ئیرادەی ئێزدیەکان ئەنجامی نابێت و وتی:"بلا رای گشتیی کورد ئەوە بزانێت، ئەم رێکەوتنە کە ئیرادەی ئێزدیەکان لەبەرچاو ناگرێت، ئەنجامی خرابی بەدواوە دێت. ئەم رێکەوتنە وەکو رێکەوتنێکی مەترسیدار دەبینین. هاوکات دەبێت رای گشتی نێودەوڵەتیش لەبارەی ئەم رێکەوتنەوە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە. ئێمە لەسەر ناوی رێکخراوەکانی ئێزدیەکان دەست بە چالاکی دەکەین و بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین."
'ئەوانەی دوێنێ رایانکرد، ئەمڕۆ لەسەر ئێزدیەکان پەیمان ئیمزا دەکەن'
فەلەکناس ئوجا پەلەمانتاری هەدەپەش بە هەمان شێوە ئەم رێکەوتنەی بە پشتگوێخستنی ئیرادەی ئێزدیەکان بەناو کرد و راشیگەیاند، ئەم رێکەوتنە بە واتای تەواوکردنی فەرمانی ٣ی ئاب دێت و وتی:"ئەوانەی رێکەوتنەکەیان ئیمزا کرد، لە ٣ی ئابدا ئێزدیەکانیان بە بێ پاراستن هێشتەوە و رایانکرد. ئەمەش بە واتای تەواوکردنی هێرشەکەی ٣ی ئاب دێت."
'بەشێکە لە پلانگێڕی بۆ هێرشکردن'
فەلەکناس ئوجا وتی:"یەکێک لە ئامانجی هێرشەکانی داعش، چۆڵکردنی شەنگال بوو. ئەوەی ئەو کاتە نەیانتوانی بیکەن، بەم رێکەوتنە دەیانەوێت تەواوی بکەن و وتی:"ئەگەر لە خەمی ئێزدیەکان و شەنگالدا بوونایا، رێگەیان بە فیکری ئێزدیەکان دەدا کە چەندین ساڵە لە خۆڕاگریدان و قوربانی گەورەیان داوە. ئەو کاتەی مرۆڤ بیر لە هەڕەشەکانی سەر رۆژئاوا دەکاتەوە، تێدەگات کە ئەم رێکەوتنە بەشێکی هەمان پلانگێڕیەیە."
'حزبەکانی تری باشوری کوردستان بۆچی بێدەنگن'
فەلەکناس ئوجا لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بێدەنگی حزبەکانی تری باشوری کوردستان و رەخنەی لەمە گرت و هۆشداریشی دا کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکە بە هەمان شێوە دەتوانێت لە ناوچە دابڕێنراوەکانی تریش مادەی ١٤٠ بجوڵێنێت. یەنەکە، گۆڕان، پارتە ئیسلامیەکان و پارتەکانی تری باشور بۆچی بێدەنگن؟ بۆچی دەبێت پەدەکە بتوانێت سەربەخۆ بڕیارێکی لەم جۆرە بدات؟"
ز.ش