نەورۆز فازڵ: سەرچاوەی هەموو کێشەکان هێرشەکانی پەدەکە و تورکیایە

نەورۆز فازڵ چاودێری سیاسی دەڵێت: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هاوکاریی پەدەکە دەیەوێت هەم باشوری کوردستان داگیر بکات هەم هەموو شۆڕشگێران و وڵاتپارێزانی کورد لە ناوبەرێت.

نەورزۆ فازڵ چاودیری سیاسی لە باشوری کوردستان نرخاندنی بۆ دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسیەکانی باشوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)  کرد.

"تورکیا هۆکاری کێشە و ئاڵۆزیەکانی عێراق و باشوری کوردستانە"

ئەو چاودێرە سیاسیە لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر کێشەکانی باشوری کوردستان و وتی: "ئاڵنگارییەکان تەنها پەیوست نین بە کێشەێکی هەرێمیی بچووک، بەڵکوو بابەتەکە لەوە گەورەترە و پەیوەستن بەو قەیرانە، کە سیستمی جیهانیی سەرمایەداری دروستی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ ناوچەکە بۆتە کێشە و بەشی سەرەکیی ئالنگاریەکانی باشوری کوردستان بە هۆی دەستیوەردانی دەوڵەتی تورکیاوەیە."

ناوبراو بەم شێوەی درێژەی بە قسەکانیدا:" ڕاستە کوردستان یەک وڵاتە، بەڵام ڕاستیک هەیە ئەویش ئەوەیە ئێستا باشوری کوردستان بە شێوازێکی فەرمی سەر بە حکومەتی عێراقە، سیاسەتی، ئابوری، کلتوری و سەربازیی سەر بە عێراقە، عێراقیش دووچاری قەیرانێکی قوڵ بۆتەوە، لە لایەن هەریەک لە دەوڵەتانی تورکیا و ئێرانەوە، بە ڕاستەوخۆ دەستێورەدان دەکەن لە عێراق، ئیرادەی ئەو دەوڵەتانە بەسەر ئیرادەی حکومەتی عێراقیەوەیە و بەمەش هەرێمی کوردستان پشکی شێری بەر کەوتوە لەو کێشانەدا".

"هێزە سیاسیەکان دابەشبوون بەسەر هێزە داگیرکەرەکاندا"

نەورۆز فازڵ جەختی لەوە کردەوە، بە شێکی زۆری پارت و لایەنە سیاسیەکانی عێراق دابەش بوون بەسەر جەمسەرە داگیرکەراکانی ناوچەکەدا و وتیشی: "بەهامەن شێوە ئەو سیاسەتە کاریگەریی لەسەر باشوری کوردستانیش هەیە، بەشێکی زۆری لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستانیش دابەشبوون بەسەر دەوڵەتانی داگیرکەردا".

لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر سیاسەتی تورکیا و پلانەکانی و وتی:" دەوڵەتی تورکیا پلانێکی مەترسیداری هەیە بۆ سەر باشوری کوردستان، دەیەوێت هەژموونی کەمالیستی تورکی و عوسمانی بەسەر کۆ گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتیش بە سەر باشوری کوردستان دا بسەپێنێت، بۆ ئەمەش کارێکی جدی بۆ  کردوە هێزێکی زۆری هێناوەتە باشوری کوردستان، لە ناوخۆشدا هێزێکی بەکرێگیراوی وەک پەدەکە هاوکارییان دەکات بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان و بۆ لێدان لە هێزێکی شۆڕشگێر و وڵاتپارێزی وەک پەکەکە."

"تورکیا پەدەکە بەکار دەهێنێت بۆ کوشتنی شۆڕشگێران و وڵاتپارێزان"

نەورۆز فازڵ پێوایە تورکیا هەمیشە پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات، کە دەبێت لە باشوری کوردستان شەڕی پەکەکە بکات، بەڵام لە ڕاستیدا بابەتەکە ئەوە نییە بەڵکو تورکیا دەیەوێت باشوری کوردستان داگیر بکات و وتیشی: "تورکیا دەیەوێت سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی بۆ خۆی بەرێت، دەیەوێت سروشتی جەوانی کوردستان داگیر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش سود لە هێزیكی نۆکەری وەک پەدەکە وەردەگرێت، ئەوەی تورکیا و پەدەکە دەیکەن خیانەتە و داگیرکارییە و هاوکاریەکانی پەدەکەش بۆ تورکیا خیانەتە."

دەربارەی پلانەکانی تورکیا لەسەر هەرێمی کوردستان نەورۆز ئەو فازڵ وتی: "هەیمەنەیەک، کە تورکیا بەسەر هەرێمی  کوردستانیدا  سەپاندوە کاریگەری کردووەتە سەر پەیوندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە بە پێی دەستور هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەڵام هەیمەنەی تورکیا وای لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە ڕێكەوتنێکی ٥٠ ساڵە دەربارەی نەوت بکەن و دەست بەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان بگرێت، ئەمەش لە لایەن حکومەتی عێراق قەبوڵکراو نییە."

"هاوکاریەکانی پەدەکە بۆ تورکیا خیانەتە"

دەربارەی هۆکاری شکاندی شکۆی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن پەدەکەوە ناوبرا وتی: "لە لایەکی دیکەوە  پەدەکە هەوڵ دەدات شکۆی دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بشکێنێت، شکۆی پەرلەمان بشکێنێت بۆ ئەوەی بتوانیت ئەو دام و دەزگایانە بخاتە خزمەتی دەوڵەتی تورکیا، بۆ ئەوەی درێژە بە سیاسەتی چەپەڵی خۆی بدات و لەگەڵ تورکیا باشوری کوردستان بە تەواوەتی ڕادەستی تورکیا بکات. "

دەربارەی کولتوری قرکردنی سیاسی و تیرۆری سیاسی ناوبراو وتی: "لە ماوەی ڕابردوودا ئەو جۆرە سیاسەتە گەشەی کردوە، میژووی تیرۆری سیاسی لە باشوری کوردستان کۆنە، لە ماوەی ڕابردوودل بە هەزاران کەسی سیاسی و شۆڕشگێڕ لە باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتەنای داگیرکەرەوە بە هاوکاری هێڵی خیانەت تیرۆر کراون."

"هێرشی تێرۆریکارانە لە باشوری کوردستان ڕوو لە هەڵکشانە"

دەرباری تیرۆری سیاسی  و شەهیدکردنی زەکی چەلەبی، کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە لایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پەدەکە  لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا وتی: "ئەو  جۆرە سیاسیەتە زۆر نا ئەخلاقیانەیە، بەم شێوازە دەیانەوێت ڕێکخستنی وڵاتپارێز و ژینگە پارێزی وەک پەکەکە تەسفیە بکەن، بۆ تەسفیەکردنی پەکەکە تورکیا بە کرێگراوەکانی خۆی لە باشوری کوردستان بەکار دەهێنێت، بۆ ئەوەی مرۆڤی ئازاد و فکری ئازاد لە ناوبەرن."

لە کۆتایی قسەکانیدا ناوبراو وتی: "دەبێت هەموو کەس ئەوە باش بزانێت هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کەوتوونەتە خزمەتی هیزە داگیرکەرانەوە، هاوڵاتیانی باشوری کوردستانیش دژی ئەو سیاسەتەن و حزبە سیاسیەکانی باشوری کوردستان بەم جۆرە کارە قەوارەی باشوری کوردستانیشیان خستووەتە مەترسییەوە خەریکە لە ناوی دەبەن."

ژ.ت