نەورۆزی ئیدر: گۆشەگیری هەبێت خوشک-برایەتی نابێت، گۆشەگیری دەبێت هەڵبگیرێت!

لە ئیدر نەورۆز بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە پیرۆزکرا. پەرلەمانتاری دەم پارتی پەروین بوڵدان ناڕەزایەتی بەرامبەر گۆشەگیری نیشاندا و وتی، "گۆشەگیری هەبێت خوشک و برایەتی بوونی نییە. گۆشەگیری دەبێت هەڵبگیرێت".

بە هەزاران کەس لە گۆڕەپانی کلیچی ئیدر کۆبوونەوە و بە جلوبەرگی نەتەوەیی گۆڕەپانی نەورۆزیان رازاندەوە.

لەمەراسیمەکەدا کە کاندیدەکانی هاوسەرکایەتی شارەوانی ئیدر و نوێنەری تەژەئا وتاریان پێسکەش کرد و جەستیان لە گرنگی هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئادار کردەوە و داوایان کرد گەل بە جۆش و خرۆشی نەورۆزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.

پەرلەمانتاری دەم پارتی پەروین بوڵدان لە وتارێکدا ئەوەی خستەڕوو کە نەورۆز تەنیا جەژنێک نییە، لە هەمان کاتدا سەرهەڵدان و بەرخودانە.

پەروین بوڵدان ئەوەشی خستەڕوو کە گەلی کورد هەرگیز دەستبەرداری تێکۆشانی ئازادی نابێت و ناڕەزایەتی توندی بەرامبەر بە سیاسەتی گۆشەگیری لە ئیمراڵی نیشاندا.

بوڵدان روو لەو هێز و کەسانەی کە لە بەردەم ئاشتیدا دەبنە لەمپەر، وتی: ناتوانن ئایندەی گەلێک تاریک بکەن.

پەروین بوڵدان ئەوەشی خستەڕوو، "لە ئیمراڵی نەک هەر بەڕێز ئۆجالان، ئێوە تەواوی گەلێک گۆشەگیر دەکەن. ئەوە هەرگیز مایەی قەبوڵکردن نییە. گۆشەگیری هەبێت خوشک و برایەتی بوونی نابێت. گۆشەگیر دەبێت هەڵبگیرێت، ئاشتی و ئازادی دەستەبەر دەبێت، دیموکراسی لەم وڵاتە دەچەسپێت".

دواتر پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیدر یڵماز هون هەڵسەنگاندنەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە نەورۆزەکانی رابردووی خوێندەوە. دواتریش سیاسەتمەداران ئاگری نەورۆزیان داگیرساند و هەڵپەڕکێیان کرد.

لە بەشی کۆتایی مەراسیمەکەدا کۆما باژار و هونەرمەندانی ناوەندی کولتوری مێزۆپۆتامیا گۆرانیان پێشکەش کرد.

هـ . ب