بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست رۆژنیۆز کەوتوون، ماوەی هەفتەیەکە هێزێکی تایبەتی ئاسایش و هێزێک بە ناوی "مەکتەبی سەرۆک"ی پەدەکە لە گوندی سەرێشمەی سەر بە ناوچەی خەلیفانی هەولێر هەتا گوندی بارزان لە پارێزگای دهۆک جێگر کراون و بە تەواوەتی ئەو دەڤەرەیان بە سەربازیی کردووە.
ئەو هێزەی کە براونەتە ئەو دەڤەرە چەکی دۆشکا، بیکەیسی و هەمەجۆرە چەکی پێشکەوتوو و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە جۆری هەمەری دژەگوللـەیان پێیە.
ئەو هێزەی پەدەکە، لە پێش گوندەکان بازەگەیان داناوە و دانیشتوانی ئەو گوندانە تەنها بە ناسنامەی باری کەسی دەتوانن هاتوچۆ بکەن، بۆ شوانەکانی ئەو هەرێمە قەدەغەکراوە کە ئێواران لە شاخ بمێننەوە، بەسەربازیی کردنی ئەو دەڤەرە و دانانی بازگە لەسەر ڕێگەی گوندەکان، گوندنشینانی بێزار کردووە.
لەمکاتەدا کە هەڕەشەکانی پەدەکە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ زیادییان کردووە، جێگیرکردنی هێزێکی تایبەتی سەر بە سەرۆکی پەدەکە لە هەولێرەوە تا بارزان، بەوە لێکدەدرێتەوە کە ئاماژەیەک بێت بۆ ئامادەکارییەکانی پەدەکە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ.
ز.ش