محەمەد خان یڵدز ئەندامی یەکینەکانی بەرخۆدانی سڤیل (یەپەسە)، کە لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٦دا لە شرنەخ شەهید ببوو، پاش ٦ ساڵ و لە دوای ئەنجامدانی چەندین پشکنین و گەڕانەوەى وەڵامی پشکنیەکان، تەرمەکەی ناسرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. تەرمی یڵدز لە گۆڕستانی بێکەسەکاندا لە گوندی ملگا وەرگیرایەوە و برایەوە بۆ زێدی خۆی لە ناوچەی پاسوری ئامەد.
بنەماڵەکە دەیانویست تەرمی کوڕەکەیان لە گۆڕستانی یەنی لە ناوەندی ناوچەی پاسور بە خاک بسپێرێن، بەڵام پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک بە پاساوی "لە بەڵگەکاندا شوێنی بە خاکسپاردنی دیاری نەکراوە" رێگایان بە بنەمالەکەى نەدا تەرمی رۆڵە شەهیدەکەیان لە گۆڕستانی یەنی بەخاک بسپێرێن. لە دوای ئەو رێگرییە بنەماڵەکەی دەیانویست تەرمەکە لە گۆڕستانی یەنی کۆی ناوچەی ڕەزان بەخاک بسپێرێن، بەڵام پۆلیس دیسانەوە بە هەمان پاساو رێگای نەدا تەرمی ئەو شەهیدەی کوردستان لەوێش بە خاک بسپێردرێت.
تەرمی یڵماز پاش چەند کاتژمێرێک لە ڕاگرتن برایە گوندی هاجانای سەر بە ناوچەی پاسوور. تەرمەکە لە ژێر گەمارۆی تیمە تایبەتەکانی پۆلیس و سەربازدا بەخاک سپێردرا. جگە لە ئەندامانی بنەماڵە ڕێگەیان بە هیچ کەسێک نەدا بەشداری لە بە خاکسپاردنەکەدا بکات.
هەورەها ئەندامانی بنەماڵەى ئەو شەهیدەی کوردستان رایانگەیاند، پۆلیس ڕێگەی نەداوە پرسەش بۆ ڕۆڵە شەهیدەکەیان دابنێن.
ژ.ت