پشێلکردنی مافی منداڵان لە باکووری کوردستان؛ ٣٦ منداڵ ژیانیان لەدەستداوە

لە راپۆرتی ساڵانەی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا لەبارەی پێشێلکردنی مافی منداڵان هاتووە، ٣٦ منداڵ بەهۆکاری پێشێلکاری جیاجیا ژیانیان لەدەستداوە و ٨١ منداڵ دەستبەسەرکاون.

لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) راپۆرتی ساڵانەی پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانی ئاشکراکرد. راپۆرتەکە تایبەتە بە پێشێلکارییەکانی نێوان تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ و تشرینی دووەمی ٢٠٢٤.

ئەندامی لیژنەی مافەکانی مرۆڤی لقی ئامەدی ئیهەدە پارێزەر بەرفین ئەلچی راپۆرتەکەی ئاشکرا کرد و بەبیری هێنایەوە کە مافی منداڵان لە رێگەی پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دیاریکراون.

بەرفین ئەلچی ئەوەی خستەڕوو کە لە کوردستان لە ماوەی ساڵێکدا شێلانیان لە لایەن ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە ٤ منداڵ ژیانیان لەدەستداوە، ١٦ منداڵیش برینداربوون. بەرفین ئەلچی رایگەیاند لەناوچەکانی شەڕ و مینڕێژکراو، بەهۆی تەقەمەنییەوە منداڵێک ژیانی لەدەستداوە، منداڵێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.

ئەلچی هەروەها وتی، لە کوردستان ١٨ منداڵ بە شێوەی گوماناوی ژیانیان لەدەستداوە و لانیکەم منداڵێکیش هەوڵیداوە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت. ئەلچی ئەوەی خستەڕوو کە لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانیدا ٩ منداڵ ژیانیان لەدەستداوە، منداڵێکیش برینداربووە، لانیکەم ٥ منداڵیش لەناو خێزاندا رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە.

بەرفین ئەلچی وتی، "لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی توندوتیژیدا لانیکەم ٤ منداڵ ژیانیان لەدەستداوە، ٨ منداڵیش برینداربوون، ، لانیکەم ٤٨ منداڵیش رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە، لانیکەم منداڵێکیس رفێندراوە. لە کوردستان لانیکەم ٣٦ جار مافی ژیانی منداڵان پشێلکراوە. لە کوردستان ٨١ منداڵ دەستبەسەرکراون، ٢١ منداڵ زیندانی کراون. لەو منداڵانەی بڕیاری زیندانیان بۆ دەرچووە ٢ کەسیان لە شوێنی دەستبەسەرکردن، ١٠ کەسیان لە زیندان، ٣ کەسیان لە دەرەوەی ناوەندەکانی دەستبەسەری بە گشتی ١٥ منداڵ رووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بوونەوە".