دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان- نوێدەکرێتەوە

لە باشووری کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

Loading live posts...

١٨:٠٠

دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کوردستان کۆتایی هات و بنکەکانی دەنگدان داخران.

١٦:٤٥

١٥:٤٥

دەنگدانی بەرپرسانی بنەماڵەی بارزانی لە شووێنی تایبەت و VIP و خۆجیاکردنەوەیان لە هاووڵاتیان بووەتە مایەی رەخنە لە شەقامی کوردی، بەوپێیەی لە کاتی بانگەشە و تەنانەت رۆژی دەنگدانیشدا داوای دەنگ لە گەل دەکەن، بەڵام ئامادەنین هاوشان و هاوشێوەی هاووڵاتیان لە بنکە ئاساییەکانی دەنگدان بەشداری لە دەنگدان بکەن.

١٥:٣٣

پێشێلکاری و ساختەکارییەکانی پەدەکە بەردەوامە و لە چەندین بکە لە دهۆک و هەولێر هێزە ئەمنییەکان چوونە ناو بنکەکانی دەنگدان و هەڕەشە و توندوتیژییان بەرامبەر بە چاودێرانی لایەنەکانی دیکە ئەنجامداوە، هەروەها بڵاوکردنەوەی کارتی کاندیدەکانی پەدەکەش بەردەوام.

لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە بەشێک لە بنکەکانی دەنگدان لە شەقڵاوە دەنگدەرانی پەدەکە نەک بە کارتی دەنگدان بەڵکوو تەنیا بە نیشاندانی ناسنامە و پێناسی باری شارستانی دەنگ دەدەن.

١٥:٢٥

ئەگەرچی تا کاتژمێر ١٢:٠٠ رێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەدا ٣١ بوو، بەڵام لە دوانیوەڕۆوە ژمارەیەکی زۆرتری هاووڵاتیان روویان لە بنکەکانی دەنگدان کردووە و لەئێستادا بەراورد بە پێشنیوەڕۆ قەرەباڵغی بە بەشێکی زۆری بنکەکانەوە دەبیندرێت.

١٤:٠٨

کلۆدیۆ کۆردۆن جێگری نوێنەری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسیی و هاوکاریی هەڵبژاردن گەیشتە سلێمانی و بڕیارە بە مەبەستی چاودێرییکردنی پرۆسەکە سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدان بکات.

١٣:٥٦

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێژەی بەشداریی دەنگدان لە دەنگدانی گشتیی بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کاتژمێر ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆ ڕاگەیاند کە ٣١٪ـە، لەو ڕێژەیەش لە بازنەی هەولێر ٣٤٪، هەڵەبجە ٣١٪، دهۆک ٣١٪ و لە بازنەی سلێمانی ٢٩٪ـی دەنگدەران دەنگیانداوە.

١٣:٥٠

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق: ئەو هاووڵاتییانەی پەنجەمۆریان نەخوێندووەتەوە و تۆماركرابێت حاڵەتی تێپەڕاندن دەیگرێتەوە دەتوانن بچنەوە بۆ دەنگدان و دەنگبدەن

١٣:٢٨

پرۆسەی دەنگدانی گشتیی لە باشووری کوردستان بەردەوامە

پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تا کاتژمێر ١٨:٠٠ دەنگدەران دەتوانن مافی دەنگدانیان بەکاربهێنن و پەدەکەش وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەردەوامە لە گزی و ساختەکاری.

 

١٢:٤٥

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق ڕایگەیاند، پڕۆسەى هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا هیچ کێشە و گرفتێک ڕووینەداوە، وتیشی: لە یەکەم ڕۆژی بانگەشەوە تا ئەمڕۆ ٥٥ سكاڵا تۆمار کراوە.

١٢:٣٢

مەسرور بارزانی: هاوڵاتییان سزای ئەوانە بدەن کە یاری بە چارەنووسیانەوە دەکەن

مەسروور بارزانی، جێگریی دووەمی پەدەکە کە سەرۆکایەتی کابینەی نۆیەمی دەکرد و بەپرسی یەکەمە خراپی خزمەتگوزار و بژێوی هاووڵاتیان و حزبەکەشی هاوکار و داردەستی سوپای تورکە لە داگیرکردنی باشوری کوردستان و لەپێناو مانەوەی خۆیان یاری بە چارەنووسی گەلی باشوری کوردستانەوە دەکەن، دوای ئەوەی لە بنکەی تایبەت دەنگی دا و داوای کرد، هاوڵاتییان سزای ئەوانە بدەن کە یاری بە چارەنووسیانەوە دەکەن.

١٢:٠٤

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەنەکە دوای بەشدارییکردنی لە پرۆسەی دەنگدان ڕایگەیاند، هەڵبژاردن پرۆسەیەکی هەستیار و گرنگە، هەربۆیە داواكارم تەواوی هاوڵاتییان بچن دەنگی خۆیان بدەن و کاندیدی خۆیان دیاریی بکەن، دەشڵێت: ئەم وڵاتە موڵکی هەموو لایەنەکانە و پێویستە هەمووان خزمەتی بکەن.

١١:٥٤

نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێری هەڵبژاردن دەکات

نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراو و سەرۆکی یونامی د.محەمەد ئەلحەسەن ئەمڕۆ لە هەولێر سەردانی بنکەیەکی دەنگدانی کرد و داوای لە هاووڵاتیان کرد بەشداری دەنگدان بکەن.

بە گوێرەی بڵاوکراوەیەکی هەژماری یونامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس، ئەلحەسەن وتی: "رۆژێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، رۆژێکی باشە بۆ دیموکراسی، رێگەیەکە بەرەو پێشکەوتن".

١١:٣٠

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لەپێناو ماف و ئایندەدا بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن

ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەنەکە و هاوسەری سەرۆککۆماری عێراق، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە کاتی بەشداری لە دەنگداندا وتی، "لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و مسۆگەرکردنی داهاتوو، دەبێت هەمووان بەشداری لەهەڵبژاردندا بکەن".

١١:٠٥

سەرۆکی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەنەکە جەعفەر شێخ مستەفا، بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، لەگەڵ ئەوەی داوای لە هاوڵاتییان کرد بەشداریی هەڵبژاردن بن ڕایگەیاند، وەک یەنەکە دژی هەموو پێشێلکارییەکن لە هەڵبژاردندا.

١٠:٥٦

بەپێچەوانەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پەدەکە لەبەردەم بەشێکی زۆر لە بنکەکانی دەنگدان لە هەولێر و دهۆک بەردەوامە لە بانگشەی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کارتی کاندیدەکان بە سەر دەنگدەران.

١٠:٤٢

بە گوێرەی چەند دیمەن و ڤیدیۆیەیک پەدەکە لە تورکیاوە هاوڵاتییان بە مەبەستی ساختەکاریی و دەنگدان بردووەتە باشووری کوردستان.

١٠:٠٨

لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کرد و ڕایگەیاند، هیوادارم پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و پیرۆزبایی لە براوەکان دەکەم

٩:٥٣

حاکم عومەر، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە دوای داخستنی سندووقەکان لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ـی ئێوارە هەوڵ دەدەین پێش ٢٤ کاتژمێر دەرئەنجامەکان ڕابگەیەنین، سەبارەت بە دەنگدانی تایبەتیش دەڵێت: هیچ گرفتێکی ئەوتۆ نەبووە کە قردێلەی سوور بدرێت لە سندوقەکانى هەڵبژاردن.

٩:٣٥

 

٨:٤٧

هەڤاڵ ئەبوبەکر پاڕێزگاری سلێمانی لە خوێندنگەی زەکیە ئاڵکان دەنگیدا و لە دوای دەنگدانی ڕایگەیاند، داوا دەکەم هاوڵاتییان بە زوویی بچن بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدان بكەن، دەشڵێت: کۆمسیۆن بە هیچ شێوەیەک وادەکەى درێژ ناکاتەوە و کاتژمێر ٠٦:٠٠ـی ئێوارە پرۆسەکە کۆتایی دێت.

٨:٣٥

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە لە خوێندنگەی رەوشەن بەدرخان لە سلێمانی دەنگیدا و لە دوای دەنگدان رایگەیاند: "سووپاسی پشتیوانیی مەزڵوم عەبدی دەکەم، ئەو برای منە، وتیشی: کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین، هاوڵاتییانی کوردستان وەرن دەنگ بدەن".

٨:٠٠

کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد، کە تیادا ٢  ملیۆن و ٦٨٣ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

پرۆسەکە لە هەزار و ١٢٦٦ بنکە و لە چوار بازنەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.

بەهەمان شێوە لە کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانیش پەیامنێرمان رایگەیاند، پرۆسەکە لەو شارۆچکەیە دەستیپێکردووە و لە ٢٧ بنکە هاووڵاتیان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

باسی لەوەشکرد، ٥٢ هەزار و ٧٤٦ کەس لە کەلار مافی دەنگدانیان هەیە و تائێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت و چاوذێران و نوێنەرانی لیست و لایەنە سیاسیەکان چاودێری دەنگدانەکە دەکەن.

رۆژی هەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەرێوەچوو کە زیاتر لە ٢١٥ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.