ڕێپێوانی ئازادی لە ڕحا بەردەوامە
"ڕێپێوانی چارەسەری دیموکراتیک و ئازادی" لە دووەم ڕۆژدا لە ڕحا بەردەوامە.
"ڕێپێوانی چارەسەری دیموکراتیک و ئازادی" لە دووەم ڕۆژدا لە ڕحا بەردەوامە.
پلاتفۆرمی ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان، لە چوارچێوەی کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد" دوێنێ لە ئامەدەوە بەرەو ئەنقەرە "ڕێپێوانی چارەسەری دیموکراتیک و ئازادی"یان دەست پێ کرد. ڕێپێوانکەران و لەنێویاندا هاوسەرۆکانی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئوچار و کەسکین بایندەر ئەمڕۆ لە ڕحا بوون. جەماوەر لە ناوەندی ڕحا لە پارکی عەلی شەلی کۆبوونەوە.
زۆر کەس بەشداری ڕێپێوانەکەیان کرد و درووشم دژی گۆشەگیری و هێرشی سەر ڕۆژئاوا بەرزکرایەوە، پۆلیس ڕێگەی بە ڕێپێوان نەدا، بۆیە لەنێو پارکەکە ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە.
سەرەتا کەسکین بایندەر تیشکی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند دەیانەوێت بە دەستی چەتەکان ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن، گوتی: "گەلەکەمان ئەم سیاسەتەی ئێوە قبووڵ ناکات. ڕۆژئاوا کلیلی ئاشتی و یەکێتی سوریایە. گەلانی ڕۆژئاوا ستاتۆیەکیان هەیە. دەتانەوێت ئەم ستاتۆیە شکست پێبهێنن و ئەمەش دوژمنایەتییە. لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پەیامی پێکەوەژیان دەدات، داوای ئاشتی دەکات. بەڵام تورکیا بەدەستی داعش شەڕ دەست پێ دەکات. خۆی بۆ شەڕکردن دژی ڕۆژئاوا ئامادە دەکات. نەک بۆ شەڕ و داگیرکاری، بەڵکو بۆ داننان بە ستاتۆی کورد ئامادەکاری بکەن."
بانگەواز بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی
بایندەر ڕایگەیاند تەواوی جیهان دان بە ستاتۆی ڕۆژئاوا دەنێت کەچی دەسەڵات شەڕ پێش دەخات و دان بە ستاتۆیەدا نانێت، گوتی: "کوردەکان یەکڕیزن بۆ ستاتۆکەیان تێدەکۆشن، دژی ئەم سیاسەتە داگیرکارییەی ئێوە بەرخۆدان دەکەین. گەلی کورد ستاتۆی خۆی بەدەست دەهێنێت و ئەمەش مافی ڕەوایە. زیهنیەتی ئێوە سەرناکەوێت و شکست دەهێنن".
بایندەر داوای کرد هەموو هێزەکانی نێو پەرلەمان بۆ چارەسەری پرسی کورد کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام بدەن و بۆ جێگیرکردنی پرسی کورد لە دەستووردا هەمووان بە ئەرکی خۆیان هەستن.
هەروەها داوای کرد سیاسەتی نکۆڵی سەد ساڵە کۆتایی بێت و پەرلەمان بڕیاربدات بۆ دانپیانان بە ئیرادەی گەلی کورد، گوتی: "بانگەواز لە کوردانی هەموو جێیەک دەکەم، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، دەبێت دەسکەوتەکانمان بپارێزین، ڕۆژی یەکێتییە".
"ڕێگە نادەین هێرش بکرێتە سەر شۆڕشی ژنان"
چالاکوانی تەژەئا، چاگلار دەمیرەل گوتی: "ئێمەی ژنان ناونیشانی چارەسەر پێشکەش دەکەین، ڕێگە نادەین هێرش بکرێتە سەر شۆڕشی ژنان. ستاتۆی ڕۆژئاوا و شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ هەموو جیهان نموونەیە".
هەروەها لە درێژەی قسەکانی گوتی: " موخاتەبی پرسی کورد بەڕێز ئۆجالانە. هەمووان دەزانن کە موخاتەبەکە کێیە. ناونیشانی چارەسەر بەڕێز ئۆجالانە و دەبێت هەنگاو بۆ ئازادی جەستەیی وی بنرێت. دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە و با بەڕێز ئۆجالان بە شێوەی جەستەیی ئازاد بێت. با ئاشتی لە ڕۆژئاوا بەدی بهێنین و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناویندا بڵاوی بکەینەوە. وەک ژنان با ئەم کارە بکەین".
پاشان ڕێپێوانکەران بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ گەل چوونە نووسینگەی یاسایی ڕحا.