"پەیامی سەرۆک ئاپۆ پەیامی خوشک-برایەتی گەلان بوو"
بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان سەبارەت بە بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەر ئۆجالان دەڵێن: "پەیامی سەرۆک ئاپۆ پەیامی خوشک-برایەتی گەلان بوو بۆ کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان."
بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان سەبارەت بە بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەر ئۆجالان دەڵێن: "پەیامی سەرۆک ئاپۆ پەیامی خوشک-برایەتی گەلان بوو بۆ کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان."
ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالیەوە لەگەڵ زیندانیانی دیکەی ئیمرالی و شاندی "دەم پارتی"، لەڕێگەی پەیامێکەوە داوای 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک'ی کرد، ئەم پەیامە مێژووییە لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات لەسەر شاشە گەورەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بیسترا و پێشوازی لێکرا، هەروەها لەلایەن زۆرێک لە لایەنە کوردستانی و نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لێکرا و وەک دەرفەتێکی مێژوویی پێناسە کرا.
لە باشوری کوردستانیش خەڵکی ئازادیخواز، وڵاتپارێز و کەسوکاری شەهیدان لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، کۆبوونەوە و لەسەر شاشە گەورەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گوێیان لەو پەیامە مێژووییە گرت، نەگ تەنیا خەلکی سلێمانی بەلکو خەلکی رۆژاوای کوردستان کە کۆچی باشوری کوردستان بوونە لەوێ ئامادەبوون.
'ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ ئێمەی کورد'
عەبدولوەهاب ئەحمەد کەسوکاری شەهید و چالاکوانی مەدەنییە، بۆ ئاژانسی هەوالی فوڕات (ANF) قسەی کرد، ئاماژەی بەوەکرد کە پەیامەکەی رێبەر ئاپۆ پەیامێکە دەتوانێت وەڵامێک بێت لەبەرامبەر بە دیکتاتۆریەت و فاشیست، و وتی: "ئەم تێکۆشانە وەکو هەڵکەندنی بیرێکی گەورەیە بە دەرزی و تێکۆشانێکە سەبر و ئارامییەکی زۆر گەورەی دەوێت، چونکە شەڕێکە کە سەد ساڵ زیاترە بەرامبەر بە گەلان، بەرامبەر هەموو ناوچەکە بەردەوامە، ئاشتییەک کە ئێمە بمانەوێت ئێستا بیدەین، ئاشتییەک نییە کە بتوانین هەرئیستا سوودمەند بین لی، ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە ئەمڕۆ ئەو پەیامەی ڕێبەر ئاپۆ دەستپێکی پەیامێکە کە ئەنجامێکی باشی لێدەکەوێتەوە، ئەگەرچی ئەم پەیامە بۆ ئێستا قورس بێت بەڵام لە ئەنجامیشدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنرێتەوە، چونکە تێکۆشان بۆ ئازادی، بۆ یەکێتی گەلان و ئاشتی لە ناو تەواوی نەتەوەکاندا، پەیامێکە بۆ خودی خۆی دەتوانێت وەڵامێک بێت لەبەرامبەر بە دیکتاتۆریەت، فاشیەت، و هەموو ئەو زەحمەتیانەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد و تەواوی گەلانی ناوچەکەدا دێت، بەداخەوە وەکوو باشور هێشتا لە گرنگی ئەو پەیامە تێنەگەیشتوون، چونکە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ ئێمەی کورد، چونکە مێژوو قەرزارمان دەکاتەوە لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا پێویستبوو تەواوی گەلی باشور لە هەموو جێگایەک ڕای خۆی، توانای خۆی، هێزی خۆی ببێتە مۆڕاڵێک لەپێشوازی ئەم پەیامە بێت.
'پەیامی رێبەر ئاپۆ پرۆسەی ئاشتی کردە دیاری بۆ کورد و گەلانی ناوچەکە'
محیەدین یوسف حسن کە کەسوکاری شەهیدە، خەلکی رۆژاوای کوردستانە و لە شاری سلێمانی ئەژی، ئەوەش وەکو زۆر کەسانی دیکە بە دڵخۆشی لە پارکی ئازادیی بوو و گوێی لە پەیامەکەی رێبەر ئاپۆی گرد، لە سەر پەیامەکە بەم شێوەیە قسەی کرد: "پەیامی سەرۆک ئاپۆ پەیامی برایەتی گەلان بوو بۆ کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ هەموو جیهانیش پەیامێکی بەنرخ و بەرزە، گەلی کورد بە پەیامی سەرۆکی ئاپۆ دڵخۆش بوون، ماوەیەکی زۆربوو گەلی کورد لە دۆخی سەرۆکی ئاپۆ ئاگادار نەبوون، بەڵام بینیمان سەرۆک ئاپۆ بەهێز قسەی کرد وپرۆسەی ئاشتی بۆ گەلی کورد و هەموو گەلان پێشکێش کرد، ئەم پەیامە بۆ کوردانی چوار پارچەی کوردستان زۆر گرنگ بوو، سەرەڕای سەرما و باران خەڵک کۆبوونەوە وبەدڵ خۆشی چاوەڕێی پەیامەکە بوون".
'پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان هێزی بیرکردنەوەمانی بەهێزتر کرد'
محێدین یوسف، لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەر ئۆجالان، ڕایگەیاند: "پەیامەکانی رێبەر ئاپۆ هێزی بیرکردنەوەمانی بەهێزتر کرد، ئەم بانگەوازە بۆ لە هەموو خەڵکی جیهان پیرۆز دەکەین و هیوادارین بانگەوازێک بێت بۆ ئاشتی و برایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".