قەڵای سورچک هێشتا لەسەر پێیە

بە مەبەستی خۆ پاراستن لە هێرش و پەلەماری دەرەکی بە درێژای مێژوو کورد لەسەر گرد، زنار و شوێنە بەرزەکان قەڵا و قولەی دروستکردوە، یەكێک لەو قەڵا مێژوویانەی کە کورد دروستی کردوە ناوی ( سورچک-ە) وێرای ئەوەی بەشێکی زۆری هەڵوەشاوە، بەڵام تهێشتا لەسەر پێیە.

خاکی کوردستان و گەلی کورد بە درێژای مێژوو بۆنەتە ئامانجی داگیرکەران، کوردان بۆ ئەوەی زمان،  چاند و هەبوونی خۆیان بپارێزن، لەسەر شوێنە بەرز و سەخت و لوتکەی زنار و لاپاڵەکان قەڵا و قولەی خۆپاراستنیان دەروستکردوە.

 ئەم شێوازە لە خۆپاراستن و  بەرگریە  کە دروستکردنی قەڵایە لە تەواوی کوردستان بەدی دەکرێت، یەکێک لەو قەڵایانەی کە کوردان دروستیان کردوە قەڵای سورچکە لە باشوری کوردستان.

قەڵای سورچک خاوەن مێژوویکی کۆنە، بەڵام  بە تەواوی نازانرێت لە چ سەردەمێک بوونیاتنراوە.

قەڵای سورچک ئەو قەڵا دێرین و مێژوویەیە کە دەکەوێتە نزیک گوندی قەویلەی خۆرھەڵاتی ناحیەی بەرزنجەی ناوچەی شارباژێڕ و لەسەر ڕەوەزە شاخێکی سەخت و بەرز لەشوێنێکی گرنگ و ستراتیژی ھەڵکەوتووە.

بەشێک لەسەرچاوەکانی مێژوو ئاماژە بەوە دەکەن دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی ئەردەڵان و پێش فەرمانڕەوایی مەئموون بەگ (١٤٥٧ـ١٤٩٤ز) ی ئەردەڵان. لەسەردەمی میرنشینی بابانیشدا وەکو زیندانێکی گرنگی سەربازی سوودی لێ وەرگیراوە و بەھۆی کێشە و ململانێ بەردەوامەکانی ناو بنەماڵەشەوە چەند پاشایەکی بابانی ماوەیەک تێیدا زیندانیکراون، ھەر چەندە دیوارەکانی لەبەردی تایبەتی بە قسڵ و گەچ و بەشێوەیەکی زۆر پتەو دروست کراوە، بەڵام لەئێستادا بەھۆی پشتگوێخستنی لایەنی پەیوەندیدار زوربەی دیوارەکانی داڕماوە، دەربارەی دروستکردنی، باس لەوە دەکرێت دوای تەواو کردنی قەڵاکە، وەستاکەی کوژرابێت بۆ ئەوەی نھێنی دروست کردن و شوێنە سەربازییەکانی بە شاراوەیی بھێڵرێتەوە و دوژمن کەڵکیان لێوەرنەگرێت.

شێوازی دروستکردنی قەڵاکە

دەرگای بەشی خوارووی قەڵای سورچک دەڕوانێتە گوندی میرمامدا. سەرچاوەی ئاوی قەڵاکە لەوێوە لەژێر تاشەبەردوو شاخەکەوە ھەڵدەقوڵێت. دەوری سەرچاوە ئاوەکە بەدیواری قەڵاکە ھەڵچنراوە و خستوویانەتە ناو قەڵاکەوە. بەراستی کارێکی ئەندازیاری پڕ ھونەری جوانی ئەو سەردەمەی تێدا کراوە بۆ ئەوەی دوژمن پەی بەسەرچاوەی ئاوی قەڵاکە نەبات لە ترسی داگیرکردن. پاشان بەچەندەھا پلیکانەی بەردین سەردەکەویتە ناو قەڵاکە.

قەڵاکە لەسەر چیایەکی گەورە و بەرز دروستکراوە، سەرەتا کاتێك بە چیاکەدا سەردەکەویت بە هێچ شێوەیک قەڵاکە نابینیت، دوای نزیکەی کاتژمێرێک ڕۆیشتن بەپێ بەرەو سەرەوە بە شێک لە دیورا ڕاگرەکانی چیاکە دردەکەون.

دوای ئەوەی نزیکەی کاتژمێرێک ڕیگامان کرد، ئینجا توانیمان خۆمان بگەینین بەدەرگای یەکمی قەڵاکە کە دەکەوێتە  رۆژهەڵاتی چیاکەوە، لەبەر دەرگای قەڵاکە کانیەکی پڕ لە ئاومان بینی، لە دوای کانیکە کورە دۆرێک دەست پێدەکات بەرەودەرگای قەڵاکە دەڕوات، بەڵام بە شێوازی تەنگ دروستکراوە، کە ئاستەمە دوو مرۆڤ بەیکەوە پێدا تێپەرن.

هەتا زیاتر بەرەو سەرەوە هەڵدەکشیاین زیاتر پاشماوەی قەڵەکەمان دەبینی ، بەڵام بە داخەوە لەبەر نەپاراستن و گرینگیپێنەدانی لایەنی پەیوندیدار بەشێکی زۆری قەڵاکەش هەڵوەشابوو، بەڵام وێرای ئەو  هەموو زیانەی کە بینیویەتی، بەڵام هێشتا ئەو قەڵایە خۆی ڕاگرتوە و لەسەر پێە.

لە ناوەڕاستی قەڵاکە هەندێک دیوار ماون، هاوکات هەندێک دیواری هۆدەکانی قەڵاکە نەڕووخاون، جیاواز لەوەش بەشێکی زۆری شوراو و دیوارە ڕاگرەکانی قەڵاکە هێشتا ماون.

ف.ق