قەرەیلان: گەریلا بە شێوەیەکی مێژوویی لە دژی دەوڵەتی تورک بەرخودان دەکات

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە رایگەیاند، گەریلا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی مێژوویی بەرەنگاری دەکات و راشیگەیاند، "ئێمە سەرکەوتوین، بەڵام نابێت هەڤاڵان بەسەرکەوتن سەرخۆش ببن".

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) بە بۆنەی ١ی ئایارەوە بە بێتەل بۆ هێزەکانی گەریلا لە ئەیالەتی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین قسەى کرد. قەرەیلان ١ی ئایار جەژنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی پیرۆز کرد و رایگەیاند:

"بە پێشەنگایەتیی پارتیمان پەکەکە دۆزی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە کوردستان ئەمڕۆ بە تێکۆشانی گەل و گەریلا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی. تێکۆشانی سۆسیالیزمی دیموکراتیک و رەنج لە سایەی بیر و رامانی رێبەر ئاپۆ لە کوردستاندا گەشەی کردووە و بەرز دەبێتەوە.

وەک دەزانرێت مانگی ئایار لە هەمان کاتدا مانگی شەهیدانە. ئێمە لە کەسایەتیی هاوڕێ حەقی قەراردا یادی شەهیدە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان بە رێز و حورمەتەوە دەکەینەوە. ئێمە چەکی ئەوان لەسەر زەوی ناهێڵینەوە، ئاڵاکەیان شەکاوەتر و بەرزتر دەکەین و خەونەکانیان بەدی دەهێنین. لەسەر ئەو بنەمایە بە گەورەکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان ئێمە خاوەنداری لە یادیان دەکەینەوە. لە دژی داگیرکەریی تورک لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەرخودانێک بەڕێوەدەچێت، کە بەرخودانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بەرخودانێکی مێژووییە. ئێستا لە ئاڤاشین، زاپ و مەتینا تێکۆشانێکی زۆر واتادار بەڕێوەدەچێت، کە لە رووی سیاسی و سەربازییەوە ئەنجامەکانی زۆر گرنگ دەبن، بۆ ئەوەیە ئێمە دەڵێین، بەرخودانێکی ئاسایی نییە. قۆناغ و پرۆسەیەکی مێژووییە و لە شەڕی ئازادیی کوردستاندا ئەو تێکۆشانە لە ئاستی ستراتیژیکدا بەڕێوەدەچێت.

دەوڵەتی تورک لە دژی گەلەکەمان و گەلانی ناوچەکە حساباتی چەپەڵ و قێزەونی هەیە. ئەو شەڕە بۆ ئەوە دەکات تاوەکو بتوانێت حساباتە قێزەونەکانی بەجێبهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە هیچ شێوەیک سەرنەکەوتووە. ئێستا دەیانەوێت لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەڕ قورس بکەن و گەریلا لە هەرێمەکە بکەنە دەرەوە و خۆی لەو هەرێمانەدا جێگیر بکات. هەروەها دەیانەوێت ناوچەیەکی دابڕا و تامپۆن دروست بکەن، دەشیانەوێت ناوچەیەکی ستراتیژیش داگیر بکەن و بەو شێوەیە هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان. پێکهێنانی دۆخێکی لەوشێوەیە لە هەمان کاتدا بۆ گەلانی عەرەب و گەلانی تری ناوچەکە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەیە.  

"دەبێت شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە شەڕێکی تاکتیکی سەیر نەکرێت"

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کەوتووەتە دۆخ و کاتێکی لاوازەوە. ئاکەپە – مەهەپە نەک بەهێز نین، بەڵکو لە لاوازترین کات و سەردەمی خۆیاندان. بۆ ئەوەى بتوانن تەمەنی مانەوەیان لەسەر دەسەڵات درێژ بکەنەوە هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. مان و نەمانیان لەو شەڕەدا دەبینین، بەڵام ئەگەر لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا سەرنەکەون و تێکبشکێن ئەو کاتە رژێمی ئاکەپە – مەهەپە بە تەواوەتی لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە. بێگومان تێکشکاندنیان بۆ گەلەکەمان، گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراسییەکان لە هەرێمەکەدا دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە و سەردەمێکی نوێ. یانی ئەو شەڕەی ئێستا لە زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و حەفتانین بەرێوەدەچێت لە هەمان کاتدا شەڕی دیموکراسیی تورکیایە. داهاتووی هێزە دیموکراسی و ئازادییەکان بەو شەڕەوە بەستراوەتەوە.

راستە شەڕ ئێستا لە چیا بەڕێوەدەچێت، بەڵام کاریگەریی لەسەر تەواوی تورکیا و ناوچەکە هەیە. بۆیە سەرنجی هەموو کەس لەسەر ئەم شەڕەیە. هەڤاڵانی ئێمە ئاگاداری گرنگیی ئەم شەڕەن. یانی ئەم شەڕە تەنها شەڕی پاراستنی ناوچەیەک نییە، بەڵکو شەڕی داهاتوو، هەبوون و ئازادیی گەلەکەمانە، شەڕی دیموکراسییە. دەرەئەنجامەکانی بەو شێوەیە دەبن. بۆیە ئێمە دەمانەوێت لەو شەڕەدا سەربکەوین. وەک بزووتنەوە ئەگەر مەترسی هەبێت ئێمە مەترسییەکە لە بەرچاو دەگرین و دەبێت فیداکاری بکرێت. با هەموو هەڤاڵان ئەوە بزانن، کە ئەوە بڕیاری ئێمەیە. یانی نابێت بە شێوەی تاکتیکی لەو شەڕە نزیک ببنەوە، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی ستراتیژی لێی نزیک ببنەوە. لە کاتێکدا دوژمنەکەمان لاوازە، زۆر دەرفەت هەیە، کە ئێمە دەتوانین بەکاری بهێنین. ئەگەر دوژمن تێکبشکێت ئەنجامی زۆر گەورە بە دەست دێت.    

بەرخودانێک، کە ٨ رۆژە بەردەوامە دەرەئەنجامی زۆر گرنگی بە دوای خۆیدا هێناوە. پار لە حەفتانین، مانگی شوبات لە گارە بەرخودان نیشاندرا. ئێستا ئەوە ٨ رۆژە لە مام رەشۆ، شەهید سەردار، قەلا بێدەوێ، جیلۆی بچووک و زەندورا جارێکیتر ئەو بەرخودانە بەڕێوەدەچێت. ئەوە بۆ گەلێک زۆر گرنگە. لە راستیدا نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو هێزەکانی ناوچەکە و جیهانیش گرنگە. لە ناوچەکە ئێستا ئێمە گەریلای سەدەی ٢١مان ئافراندووە. لەبەر ئەوەش ئەو دەرەنجامانەى کە تاوەکو ئێستا خوڵقاون بۆ ئێمە زۆر گرنگن.

"گەریلا قارەمانەکان نەیانهێشت دوژمن بە ئامانجەکەى بگات"

بێگومان ئەو بەرخودانە بە ئاسانی پێکنایەت. بە رۆحی فیدایی ئاپۆیی، بە ئازایەتییەکی گەورە، بە رەنجێکی زۆر و گەورە، بە فیداکارییەکی گەورە ئافرێنراوە. هەڤاڵان ئێستا لە هەموو سەنگەرەکاندا لە هەموو تونێلەکاندا، لە ژێر زەویدا لە هەموو شوێنێکدا پڕ لە حەماسەت و جۆش و خرۆشن. ئێمە ئەوە دەزانین و هەستی پێدەکەین. ئێمە دەزانین، کە رەنجێکی زۆر گەورە دەدرێت و هەڵوێستێکی مێژوویی بەڕێوەدەچێت. بۆیە ٨ رۆژە سەرباری بەکارهێنانی ئەو هەموو تەکنیکە ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن و ناشتوانن بەدەستی بهێنن. ئەوان بۆ خۆیان دەڵێن، "ئێمە دووەمین گەورەترین سوپای ناتۆین، هەموو جۆرە تەکنەلۆژیایەکمان لە بەردەستدایە"، سەرباری ئەوەش ئەوان تەنها خۆیان نایەن، لەگەڵ خۆیاندا چەتەکانی سوریاش دەهێنن. هەموو تواناکانیان بەکار دەهێنن. سەرباری ئەوەش لەبەر ئەوەى گەریلا قارەمانەکانمان وەڵامیان دەدەنەوە، ئیمە بینیمان، کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە ئامانجەکانی بگات.

بەپێی ئەو زانیارییانەى هەڤاڵان پێیان راگەیاندووین، ئێستا لە شاخی شەهید دڵگەش و لە ئاڤاشین ٤ هەڤاڵی قارەمانمان شەهید بوون. هەڤاڵ چیاگەر، دڵشێر، ئەکین و ئاسیە. ئێمە جارێکیتر بە رێزەوە یادیان دەکەینەوە و ئەوانە ٤ شەهیدی قارەمانمانن. گەریلاکانمان هەموو تاکتیک و شێوازەکانی دوژمن و هەروەها هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی دوژمنیان پووچ کردووەتەوە. هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەى هەڤأڵان پێیانداوین، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٢٠ سەربازی دوژمن کوژراون، گورز لە ٢ کۆپتەر دراوە. ئەوانە ئەنجامی ئاسایی نین. ئێستا دەبێت ئێمە لەم ٨ رۆژە وانەی گرنگ وەربگرین. لە شەڕێکدا کە ٨ رۆژە بەردەوامە کەموکوڕیی ئێمە چییە؟ دەبێت ئێمە کەموکوڕییەکانی خۆمان ببینین و بەپێی ئەوە بجوڵێینەوە. دەبێت ئێمە کەموکوڕییەکانمان چارەسەر بکەین. ئەوە بابەتێکی گرنگە. ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە وانە لە کەموکوڕییەکانمان وەربگرین ئەوا ئێمە ئەنجامی زۆر گەورەتر بە دەست دەهێنین.

"ئەوە هێشتا سەرەتایە"

لەلای ئێمەوە سەرکەوتنێک بەدیهاتووە، بەڵام دەبێت هەڤاڵا لە سەرخۆشیی سەرکەوتندا نەژین. ئەوە سەرەتایە، چونکە دوژمن نزیکایەتیی و رەفتارەکانی ئاسایی نییە. لەبەر ئەوەش دەبێت ئێمەش بە هەستیارییەوە نزیک ببینەوە، ئەنجامی گرنگ بخەینەروو و بە سوکی سەیری دوژمن نەکەین، بۆیە دەبێت ئێمە سەرکەوتنەکەمان گەشتر بکەین. دوژمن هەموو رۆژێک و کاتژمێر بە کاتژمێر، خولەک بە خولەک تووشی بەرخودانی گەریلا بکەین. ئێمە دوژمن بەو شێوەیە تێکبشکێنین. یانی دەبێت لە هەموو شوێنەکاندا هیچ دەرفەتێک بۆ دوژمن نەهێڵینەوە. وەک من وتومە، گەریلاکانی سەردەمی ئەمڕۆ لە کوردستان بۆ هەموو جیهان دەبنە نمونە.

لێرە دەبێت ئێمە بە هەموانی نیشان بدەین، کە تەکنەلۆژیا چۆن پووچ دەکرێتەوە. لەبەر ئەوە ئیمە لە بڕیارگە و دوای ئەوەش هەڤاڵان فیداکاری بکەن، چونکا دەزانین، کە ئەوە بۆ گەلەکەمان، بۆ گەلانی ناوچەکە و گەلانی جیهان نمونەیە. لەبەر ئەوە هەر چی فیداکارییەک پێویست بێت دەبێت ئەنجامی بدەین. دەبێت ئێمە دەرفەت بە دەست دوژمنەوە نەهێڵینەوە، کە رێی بۆ بکرێتەوە و بە ئاسانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت. لەو رووەوە دەبێت ئێمە هەستیار بین. لە لایەکی ترەوە ئەو شەڕە شەڕی هەموو کوردانە، شەڕی پاراستنی کوردان و دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، بەڵام هێزەکانی باشوور لە رقدا بەرامبەر بەو شەڕە بوونەتە سەیرکەر. لەوە دەترسن  بەرامبەر بە دوژمن قسە بکەن و هەڵوێست بنوێنن. ئەوەش کێشە نییە، بەڵام با هاوکاریی دوژمن نەکەن، کەم پشتیوانی و هاوکاریی دوژمن بکەن. با تێکۆشانی گەریلا قارەمانەکان ببینن.  

"هۆشداری بۆ هێزەکانی سوپای تورک لە باشوور"

هێزی ئاسمانیی شەهید دەلال ئامەد لە کانی ماسی ٢ گورزیان لە دەوڵەتی تورک دا. هەروەها هێزەکانی شەهید بەدران گوندی کەرەمۆ لە شێلادزێ گورزیان لە هێزەکانی تورک دا و ٢ تانکیان تەقاندنەوە و چەند سەربازێکیشیان کوشت. ئەو دوو چالاکییە هۆشدارین. یانی هێزە داگیرکەرەکان، کە پێش ئێستا لە باشوور جێگیر بوو بوون دەبێت جموجوڵ نەکەن، دەبێت بەشداری شەڕ نەبن، ئەوە هۆشداری بوو. ئەگەر ئەو هێزە بەشداری شەڕ ببێت لە هەموو شوێنێکەوە دەبنە ئامانجی هێزەکانمان و ئەو توانا و دەرفەتەمان هەیە. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە ئەو پەیامەى ئێمە دەگاتە شوێنی خۆی.

ئێمە لەو بڕوایەداین، کە هەموو هەڤاڵانمان ئاگاداری گرنگیی قۆناغەکەن. هەڤاڵان بە بەرپرسیاریی خۆیانی دەزانن، دەزانن لە کوێ بن دەبێت چی بکەن، چۆن بجوڵێنەوە، چۆن بە دەستپێشخەریی خۆیان هەستن. لەو رووەوە تاوەکو دوا هەناسە ئێمە بڕوامان بە هەڤاڵانمان هەیە. ئێمە لە فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەلەوە هەموو هەڤاڵان، کە بەشداری بەرخودانی ئازادیی کوردستان و رێبەر ئاپۆ بوون پیرۆز دەکەین. ئیدی لە ئێستا بە دواوە دەبێت هەر هەڤاڵێک خۆی و هەڤاڵەکانی خۆی بپارێزێت و هیچ دەرفەتێک بە دەست دوژمنەوە نەدەن و هەموو دەرفەتەکانیان لە دەست دەربهێنن.

دەبێت گورزی پێویست لە جەستەى دوژمن بدرێت. لە چیاکانی زاگرۆس بەرخودانێکی مێژوویی هەیە. دەبێت هەموو هەڤاڵان بزانن، کە ئەمڕۆ لە کوردستان مێژووییەکی نوێ دەنووسرێتەوە. لەبەر ئەوەش دەبێت ئەو رێکردنە قارەمانانە بێت. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە بڕوا دەکەین، کە هەڤاڵان لەم رێکردنەدا پیرۆز و سەرفیراز دەبن. بەم بۆنەیەوە ئێمە سەرکەوتن بۆ هەموو هەڤاڵان دەخوازین".

ژ.ت