بە دیمەن

قودرەت ئۆچوک: میکانیزمەکانی دەوڵەت هۆکاری مەزنبوونی کارەساتەکە بوون

هاوسەرۆکی شارەوانی شەمرەخ قودرەت ئۆچوک ڕایگەیاند، لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکە و تەشەنەکردنی و زیانە گیانییەکان، سەرەڕای هەموو بانگەوازەکان میکانیزمەکانی دەوڵەت نەکەوتنەکار و ئەمەش وایکرد کارەساتەکە مەزنتر بێت.

هاوسەرۆکی شارەوانی شەمرەخ قودرەت ئؤچوک

بەهۆی ئاگرەکەی نێوان ناوچەی چناری ئامەد و ناوچەی شەمرەخی مێردین، تادێت ژمارەی گیان لەدەستدان زیاتر دەبێت. هاوسەرۆکی شارەوانی شەمرەخ قودرەت ئۆچوک ڕایگەیاند بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ٥ کەس کە گیانیان لەدەستداوە، نموونەی دی ئێن ئەی وەرگیراوە.

قودرەت ڕایگەیاند نەخۆشخانەکان توانای چارەسەرکردنی بریندارەکانیان نییە، دووپاتی کردەوە سەرەڕای بانگەوازەکان وەزارەت ناچالاک بووە و ڕەوشی بریندارەکان سەختە، کارمەند و کەرەستەی نەخۆشخانەکانی ئێرە بەشی چارەسەرکردنی برینداران ناکەن. 

هەوڵیاندا لەڕێگەی چەواشەکارییەوە بەرپرسیارێتی دەوڵەت بشارنەوە

قودرەت ڕایگەیاند ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە بەڵام لە هەندێک مێرگ و کوێستاندا هێشتا ئاگر هەیە، دووپاتی کردەوە لێدوانی وەزارەت و بەرپرسان دەربارەی ئاگرەکە ناڕاستن، دەیانەوێت لەڕێگەی چەواشەکاری و زانیاری ناڕاستەوە گەورەیی کارەساتەکە بشارنەوە.

هەروەها ئاشکرای کرد، گوندنشینان لە شەوەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون، گوتی: "ئێمە تا سەرلەبەیانی تەلەفۆنمان کرد، گوتمان ئاگر کەوتۆتەوە. پێویستە هەلیکۆپتەر بنێرن، ئاگرکوژێنەوە و ئامبۆڵانس بنێرن، بەڵام وەزارەت ناچالاک مایەوە، لێرە وێرانکارییەکی دڕندانە پێکهات، چەندەها کیلۆمەتر زەوی سووتان".

ناسنامەی ٥ کەس ئاشکرا نەکراوە

قودرەت ڕایگەیاند ٣ ژن و ٢ پیاو بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە و هێشتا ناسنامەیان نەچەسپاوە، بۆ ئەمەش نموونەی خوێن وەرگیراوە. ئاشکرای کرد ڕەنگە ٣ ژنەکە لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە گیانیان لەدەستدا بێت، ٢ پیاوەکەش پێ دەچێت شوان بن، گوتی: "لە شەمرەخ ٧ کەس گیانیان لەدەستدا و ناسنامەی ٢ کەسیان نەچەسپاوە. لە چناریش ناسانمەی ٣ کەس نەچەسپاوە. ئەوەی لای ئێمە یەکلابۆتەوە، ١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە. لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکە و تەشەنەکردنی و زیانە گیانییەکان، سەرەڕای هەموو بانگەوازەکان میکانیزمەکانی دەوڵەت نەکەوتنەکار و ئەمەش وایکرد کارەساتەکە مەزنتر بێت".