راگەیەنراوی دەبەپە، پارتی ئازادی و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لەبارەی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی

دەبەپە، پارتی ئازادی و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لە ٩مین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکیدا یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژیەکەیان کردەوە و داوایان کرد، ئەنجامدەران سزابدرێن.

فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندی ڕۆبۆسکیی ناوچەی قلەبانی شڕنەخ لە ساڵی ٢٠١١ دا ٣٤ کەسیان شەهید کرد کە ١٤ کەسیان منداڵ بوون. دەبەپە، پارتی ئازادی و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لە ٩مین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکیدا یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژیەکەیان کردەوە و راگەیەنراویان بڵاوکردەوە.

دەبەپە: پێویستە ئەنجامدەران سزا بدرێن

دەبەپە لە راگەیەنراوێکدا باسی ئەوەی کرد کە کۆمەڵکوژی شێخ سەعید، قۆچگری و دەرسیم و کوشتنەکانی ساڵەکانی ١٩٩٠ لەدژی گەلی کورد، سیاسەتی فەرمی دەوڵەت بوون و وتی، "وەک سزادانێک کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا. ٩ ساڵ لەمەوبەریش ٣٤ گەنجی کورد بە فڕۆکە شەهید کران و دۆسیەکەیان داخرا. پێویستە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی و کۆمەڵکوژیەکانی دیکە سزا بدرێن."

پارتی ئازادی: هیچ کاتێک کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی لەبیرناکەین

پارتی ئازادی باسی ئەوەی کرد کە کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، شتێکی ئاسایی نەبوو و وتی، "هیچ کاتێک ڕۆبۆسکی لەبیرناکەین و ڕێگا نادەین لەبیر بکرێت. لە ٩مین ساڵیادیدا بەڕێزەوە یادی شەهیدانی ڕۆبۆسکی دەکەینەوە."

سەندیکای پارێزەرانی ئامەد: پێویستە دۆسیەکە جارێکیتر بکرێتەوە

سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش رایگەیاند، بەهۆی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی هیچ بەرپرسێکی دەوڵەت سزانەدراوە و وتی، "بکوژەکان لەلایەن بروکراسیەوە دەپارێزرێن و بۆیەش ڕێگا نادرێت راستیەکان ئاشکرا بکرێن. ئێمە داوا دەکەین دۆسیەی لێپرسینەوەکە جارێکیتر بکرێتەوە، بکوژ و بەرپرسیاران سزابدرێن و دەست لە سیاسەتی سزانەدان هەڵگرن."

ف.ق