ئەمڕۆ لە مەهاباد دوای بەخاکسپاردنی تەرمی ئیسماعیل مەولودی، یەکێک لە شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی دوێنێی ئەو شارە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەشێوەیەکی فراوان لە مەهاباد سەریهەڵدا.
خۆپیشاندەرانی مەهاباد دەستیان بەسەر بەشێکی فەرمانداریی شاری مەهاباد-دا گرتووە و هێزەکانی ئێرانیش تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کردووە؛ بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان تائیستا ژنێکی تەمەن ٥٢ ساڵ بەناوی “کوبرا شێخ مستەفا” و گەنجێکی دیکە بەناوی “شاهۆ خزری” لە مەهاباد کوژراون.
هاوکات لە شارەکانی مەریوان و بانەش هەزاران کەس خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە و هێزێکی زۆری ئێرانیش بە شارەکاندا بڵاوکراونەتەوە و تەقەی ڕاستەوخۆ لە هاوڵاتییان دەکەن.
هەروەها لە سنە، دیواندارە، دێگولان، کرماشان، بۆکان و چەندین شاری دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەشێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندەران دروشم دژی ڕژێمی ئێران دەڵێنەوە.
هەر ئەمڕۆش هەزاران کەس لە خوڕم ئاوا-ی لوڕستان بەشدارییان لە مەراسیمی چلەی نیکا شاکەرەمی کرد و دروشمیان دژی عەلی خامنەیی وتەوە.
ف.ق