رۆژنامەنووسانی باشوور تیرۆرکردنی نازم داشتان و جیهان بیلگینیان شەرمەزار کرد

ژمارەیەک رێکخراوی داکۆکیکاری مافەکانی رۆژنامەنووسان لە باشووری کوردستان بە توندی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگینیان شەرمەزارکرد و رایانگەیاند، دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و کردەوەکانی لە خانەی تیرۆری نێونەتەوەییدان.

ئەمڕۆ لە سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی كۆمەڵێك دەزگا و ڕێكخراو لەبارەی شەهیدكردنی دوو ڕۆژنامەنووس لەلایەن دەوڵەتی تورك كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی لەبارەی شەهیدكردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕۆژئاوای كوردستان شەهید کران بەمجۆرە دوا.

کاروان ئەنوەر ڕایگەیاند، "هەردوو ڕۆژنامەنووس نازم داشتان و جیهان بیلگین لەسەر بابەتێکی شەرەفمەندانە و پیرۆز شەهیدکران.

وتیشی، ئەکرێت لە هەڵمەتی درۆنی داهاتوودا یەکێک لەئێمەی ڕۆژنامەنووس بەر هێرشی درۆنەکانی تورکیا بکەوین و شەهیدبین.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا ١٣ ڕۆژنامەنووس لەلایەن سووپای تورکیاوە شەهید کراون، حەوت ڕۆژنامەنووسیش برینداربوون.

'ئەوەی تورکیا دەیکات تیرۆری نێونەتەوەییە'

باسی لەوەشکرد، ئەوەی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت تیرۆری نێونەتەوەییە، بەتەنها لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە بیانپارێزین، دەشڵیت: ڕۆژنامەنووسان بەرامبەر یاسا هەرکێشەیەکیان هەبێت دەتوانین بەشێک بین لە چارەسەر، بەڵام ئەم تیرۆرانە تیرۆری نێونەتەوەیین.

ڕاشیگەیاند، ڕۆژنامەنووس چەکەکەی ئەو کۆڵە پشتەیە لە پشتییەتی یان قەڵەمەکەی دەستییەتی و لەسەر بابەتی شەرەفمەندانە شەهید دەکرێن.

کاروان ئەنوەر باسی لەوەشکرد، پێویستە ئەم کەیسانە بکرێن بە کەیسی نێونەتەوەیی و سکاڵا تۆماربکەین، دەبێت فیدراسیۆنی جیهانیش پاڵپشتبن و بێنە سەر خەت.

ئاماژەی بەوەشدا: دەوڵەتی تورک دەستپارێزی نەکردووە لە تیرۆر و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەنووسان دەبێت لەنێو خۆیاندا بە بێ جیاوازی یەکگرتووبن.

ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشوور: دەوڵەتی تورک لە رۆژنامەنووسانی ئازاد دەترسێت

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا تەوار عادل بەناوی ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری كوردستانەوە وتی، دەوڵەتی تورك بە درێژایی مێژوو دەستی سووربووە بە خوێنی كورد و لە بەرامبەردا لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا گەلی كورد دژی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك لە وەستاوەتەوە.

باسی لەوەشكرد، ڕاگەیاندنی ئازاد لە بەرامبەر هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر گەلی كورد ڕۆڵی گرنگ و كاریگەریان هەبووە لە خستنەڕووی ڕاستییەكان.

ئەوەشی خستەڕوو، بە ئامانجكردنی ڕۆژنامەنوسانی ئازاد لەلایەن دەوڵەتی توركەوە ئەو ڕاستییە دەردەخات كە ئەو دەوڵەتە لە ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەترسێت.

باسی لەوەشكرد، لە ماوەی ڕابردوودا هەموان شاهیدی شەهیدكردنی هەریەكە لە رۆژنامەنووسانی ژن ناگیهان ئاركاسەل و گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین بووین لەلایەن دەوڵەتی تورك و ڕاشی دەگەیەنین ئێمەش لەسەر ڕێبازی ئەوان بەردەوام دەبین.

سەنتەری میترۆ: تیرۆرکردنی جیهان بیلگین و نازم داشتان سەرکۆنە دەکەین

دیاری محه‌مه‌د، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە وتارەكەیدا رایگەیاند، "سه‌ركۆنه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامەنوسانی ئاژانسی هاوار، جیهان بیلگین، نازم داشتان، دەكەین و جەختدەكەینەوە لەوەی فشار زیاتر بكەین تا  رێكخراوە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ كاربكەن بە ئامانجی راگرتنی حكومەتی توركیا لە كوشتنی رۆژنامەنوسان، دورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدارنین تیایدا، لەتازەترین روداویشدا بە ئامانج گرتنی تیمی ئاژانسی هاوار بو".

رۆنووس: دەوڵەتی توركیا دەست لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هێرش بۆسەر میدیاکاران هەڵناگرێت

هاوكار عیزەت بەناوی ڕێكخراوی ڕۆنووس لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لەبارەی شەهیدكردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید کران بەمجۆرە دوا.

هاوكار عیزەت وتی، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا دەوڵەتی توركیا لە سنووری كۆبانێ دوو ڕۆژنامەنووسی شەهید كرد و سەرەڕای ئەوەش هێرشەكانی بۆسەر سنووری دهۆك لە باشووری كوردستان بەردەوامە.

باسی لەوەشكرد، هێرشەكانی توركیا بۆسەر ڕۆژنامەنوسان بەردەوامە و لە كۆتا حاڵەتدا دوو ڕۆژنامەنووسی دیاری لەكاتی كاركردندا لە سنووری كۆبانێ شەهید كرد.

ئەوەشی خستەڕوو، شەهیدكردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە جارێكی دیكە سەلماندی كە دەوڵەتی توركیا دەست لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هێرش بۆسەر میدیا تیمەكانی ڕاگەیاندن هەڵناگرێت.

باسی لەوەشكرد، بە توندی سەركۆنەی هێرشی توركیا بۆسەر ڕۆژنامەنووسان دەكەین و توركیا دەیەوێت بە هێرشەكانی بۆسەر ڕۆژنامەنوسان دەنگی ئازاد كپ بكات.

کۆمپانیای چەتر: دەبێت سنوورێک بۆ کردەوەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست دابندرێت

لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیاییش پەیامێکی لەبارەی تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان نازم داشتان و جیهان بیلگین بڵاوکردەوە کە لە بەشێکیدا هاتبوو: " ئامانج گرتنی ئەو رۆژنامەوانانە بە شێوازێکی پلان بۆ داڕژراو و کردەوەیەکی ترۆریستی بووە. بێدەنگی جیهان سەبارەت بە کردەوە ترۆریستیەکانی دەوڵەتی تورکیا دۆخێکی مەترسیداری هێناوەتە ئاراوە و بووەتە هۆی بەرەواژۆ کردنی راستیەکان.

ڕۆژنامەنووسان رۆژانە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە رووبەرووی هەڕەشە دەبنەوە کە ئامانج لەم هەڕەشانە سەرکوت کردنی راستیەکانە. دەبێ هەمووان باش بزانن کە ئەم چاوترسنکردنانە رۆژنامەوانانی ئازاد و بە ویژدان ناترسێنێ و لە دەربڕینی راستیەکان سڵ ناکەنەوە. ئێمە دەمانەوێ بە هەڵويستی هاوبەش پيش بەم تاوانانە بگیردرێت و کۆتایی بە سیاسەتی کووشتن  و زیندانی کردنی رۆژناموانان بهێندرێ.

بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا خەباتێکی یاسایی لە دژی دەوڵەتە تاوانکارەکان ئەنجام بدرێت، داوا لە میدیا کوردی وجیهانییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین تا بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر ڕۆژنامەنوسان بگرنە ئەستۆ.

هەر وەها داوا لە رای گشتی جیهانی دەکەین کە سەبارەت بەم تیرۆرەی کە دەوڵەتی تورک دژی رۆژنامەوانان دەیکات بێدەنگ نەبێن و سنوورێک بۆ ئەو کردەوانەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دابنرێت."