سێ هەفتەیە مامۆستایەکی زمانی کوردی دەستبەسەرکراوە و چارەنوسی نادیارە
سەرباری تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتە بە سەر دەستبەسەرکردنی مامۆستای زمانی کوردی سوسەن حەسەن زادە، تائێستا هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە بەردەست نییە.
سەرباری تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتە بە سەر دەستبەسەرکردنی مامۆستای زمانی کوردی سوسەن حەسەن زادە، تائێستا هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە بەردەست نییە.
سوسەن محەمەد زادە رۆژی ١٥ ی ئایار لەلایەن هێزەئەمنییەکانی ئێرانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بۆکان بە توندوتیژیەوە دەستبەسەرکرا و تائێستا بەبێ ئەوەی بتوانێت چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت یاخود پەیوەندی بە پاڕێزەرەکەیەوە بکات، لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی ئیدارەی ئیلاعاتی ورمێیە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کە بە درێژایی ئەو ماوەیە سوسەن حەسەن زادە تەنیا یەک جار پەیوەندیەکی کورتی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە و باسی لەوەکردووە، کە لە زیندانێکی تاکەکەسی لە ناوەندێکی ئەمنیەتی ورمێ راگیراوە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە تائێستا بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئەو چالاکوانە، بنەماڵەکەی چەندین جار سەردانی دادگا و ناوەندە ئەمنیەکانی بۆکانیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکی روونیان وەرنەگرتووەتەوە.
سوسەن محەمەد زادە کە ماوەی ١٧ ساڵ لە ناو شار و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە وانەی زمانی کوردی دەوتەوە، چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە بانگهێشت و رووبەڕووی لێپرسینەوە کرابووەوە.
ماوەی چەند ساڵێکە گوشارەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر مامۆستایانی زمانی کورد و ناوەندە فێرکارییەکان چڕتر بووەتەوە و لەماوەکانی رابردوودا سۆما پورمحەمەدی مامۆستای زمانی کوردی ئەندامی دەستەی بەڕێووەبەری ئەنجومەنی کولتوری نوژین لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشەوە لە شاری سنە بە تۆمەتی "دروستکردنی گروپ و تاقم بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات" سزای ١٠ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی کرماشانی بەسەردا سەپێندرابوو.
هـ . ب