شاندێکی کەنەکە سەردانی چەند پارتێکی باشووری کوردستانی کرد

شاندێکی کەنەکە لە شاری هەولێر لەگەڵ چەند پارت و لایەنێکی باشووری کوردستان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکاندا ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان و یەکڕیزی کورد تاوتوێ کرا.

ئەمڕۆ لە شاری هەولێری باشووری کوردستان، شاندێکی کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بەشداری هاوسەرۆکی کەنەکە زەینەب موراد و چەند ئەندامێکی کەنەکە سەردانی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستانیان کرد. سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان هاوڕێ مام خدر و ئەندامانی سیاسیی بزووتنەوەکە پێشوازیان لە شاندەکە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی هەرێمەکە و بەتایبەت ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان تاوتوێ کران و جەختکرایەوە لەسەر یەکێتی و یەکڕیزی کورد و پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، شاندەکە سەردانی حزبی شیوعی کوردستانیان کرد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکە هەندرێن ئەحمەد و بەرەڤان ئامێدی، ئەندامی سەرکردایەتی نەبەز مستەفا و ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی حزبەکە هاوتا ڕەسوڵ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی لە هەولێر پێشوازیان لە شاندەکە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشکخرایە سەر گۆڕانکارییەکانی سوریا و جەختکرایەوە لەسەر مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.

بەهەمانشێوە شاندەکە سەردانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشان پێشوازی لە شاندەکە کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر بەستنی کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی لەسەر ئاشتی کوردستان، هەروەها دووپاتکرایەوە پێویستە پشتیوانی و هاوهەڵوێستی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا زیاتر بکرێت.