شاندی هەدەپە لە شەنگال: ئاکەپە لێرە تاوانی ئەنجامداوە

شاندی هەدەپە دوای سەردانیان بۆ شەنگال ڕایانگەیاند، کە ئەنجامی سەردانەکەیان لە پەرلەمانی تورکیا بە ڕاپۆرتێک ئاشکرا دەکەن و دواتریش بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە.

شاندی هەدەپە کە لە چەند پەرلەمانتاریکی ئەو پارتە پێکهاتبوون دوای سەردانیان بۆ شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لە دۆخی خەڵکی ناوچەیەکەیان پرسیەوە و کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و سەرۆک عەشیرەتەکان ئەنجامدا.

شاندەکە ڕوویان لە ئەنجومەنی گەلی خانەسۆر کرد، کە لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومان کرا، شاندەکەی هەدەپە لەبەردەم بینای ئەنجومەنەکە بۆ میدیاکان قسەیان کرد.

حەسەن ئۆزگونەش، پەرلەمانتاری هەدەپەی شرناخ باسی لەوەکرد بۆ هاوبەشیکردنی ئازارەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی هاتوونەتە شەنگال وتیشی: ئێمە وەک گەل و هێزە دیموکراتی و ئازادەکانی تورکیا پشتیوانی خۆمان پێشکەشی گەلی ئێزدیمان دەکەین ئێمە لەگەڵتان دەبین لە دژی هەموو کۆمەڵکوژییەکان گرنگ نییە هێرشەکە بە چ شێوەیەک بێت، ئێمە دژی ئەوە دەوەستینەوە ئێمە تا کۆتایی لەگەڵ خەڵکی ئێزدیداین.

هاوکات موراد چاپنی، پەرلەمانتاری هەدەپەی ئیزمیر باسی لەوەکرد ئەو وەک سۆسیالیستێکی تورک هاتووەتە شەنگال بۆ بینینی ڕاستی دروستی ئەو دۆخەی هەیە و  ڕایگەیاند: خەڵکی شەنگال دەیانەوێت بە بیروباوەڕی خۆیان لەسەر پێ بوەستن ئێمە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگای دیموکراتیکی شەنگالدا رووبەرووی دەبینەوە ئێمە هەموو تێبینییەکانمان لە شەنگال لەگەڵ خەڵکی ئەنقەرە هاوبەش دەکەین بەڵام دەتوانین بڵێین کە سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپە لە شەنگال تاوانە.

بەرخۆدان و ڕوبەڕبوونەوەی ئێزدیی لە دژی چەتەکانی داعش تەوەری سەرەکی قسەکانی هودا کایا پەرلەمانتاری هەدەپەی ئەستەنبوڵ بوو، وتیشی: کۆمەڵگەی ئێزدی لە هەوڵێکی زۆرباشدایە بۆ بنیادنانەوەی ژیانی خۆی ئەمە ئەو شوێنەیە کەبینیمان و کە شوینی کۆبوونەوەی خەڵک بوو بۆردومانکرا، لە شەنگال نەخۆشخانە و کۆبوونەوەی خەڵک و ژیانی ژنان و منداڵان بۆردوومان دەکرێن.

لە کۆتایی قسەکانی پەرلەمانتارانی هەدەپە لە شەنگال فەلەکناس ئوجا، پەرلەمانتاری هەدەپەی باتمان وتی: ئێمە دەزانین کە ئەم هێرشانە بۆ سەر ئێزدیەکان لە دەرەوەی فەرمان نییە و دەیانەوێت ئێزدیەکان لە ڕەگ و ڕیشە دەربێنن، بەڵام با هەمووان باش بزانن، هەروەک چۆن کۆمەڵگای ئێزدی لە ٧٤ فەرماندا سەری نەوی نەکردووە هەموو ئێزدییەک ئێزدیبوون دەپارێزێت.

ئوجا ئاشکرایکرد لە کاتی گەڕانەوەیان ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر شەنگال لە پەرلەمانی تورکیا دەخەنەڕوو دواتریش بۆڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.