شاندی هەدەپە لە شەنگال: ئاکەپە لێرە تاوانی ئەنجامدا

شاندی هەدەپە لە شەنگال رایگەیاند، کە راپۆرتی خۆیان لە پەرلەمان ئاشکرا دەکەن و باسی لەوەکرد، "دەسەڵاتی ئاکەپە لێرە تاوانی ئەنجامدا.

لە شەنگال لە ماوەی رابردوودا لە ١ ی شوباتدا دەوڵەتی تورک هێرشێکی بەرفراوان و قورسی ئەنجامدابوو. دوای ئەو هێرشانە و بە مەبەستی پشتگیری لە کۆمەڵگای ئێزدی و سەرجەم پێکهاتەکانی شەنگال و هەروەها بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر ئەو هێرشانە شاندێک لە چوار پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەردانی شەنگالی کرد و لە دوێنێوە لە شەنگال چەندین دیداری ئەنجامداوە.

شاندەکە ئەمڕۆش سەرلەبەیانی لە ناحیەی سنونێ سەردانی پادێی کرد. هاوسەرۆکانی پادێ عومەر ساڵح و زەهرا سلێمان، ئەندامانی پادێ و هەروەها سەرۆک هۆزەکانی شەنگال پێشوازیان لە شاندەکەی هەدەپە کرد.

دوای سەردانەکەیان بۆ لای پادێ شاندەکە روویانکردە ئەنجومەنی گەلی خانەسۆر کە لە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١دا لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان کرابوو. شاندی هەدەپە لەبەردەم بینای ئەنجومەنەکە لێدوانی رۆژنامەوانیاندا. لەوێدا هەر چوار پەرلەمانتارەکەی هەدەپە پەیامی خۆیان گەیاندە کۆمەڵگای ئێزدی و رای گشتی.

پەرلەمانتاری هەدەپە ئۆزگونەش: ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگای ئێزدیداین

پەرلەمانتاری شڕنەخی هەدەپە حەسەن ئۆزگونەش سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئامانجی سەردانی شاندی هەدەپە بۆ شەنگال و وتی ئەوان بۆ هاوبەشی کردنی ئێش و ئازارەکانی کۆمەڵگای ئێزدی هاتوون بۆ شەنگال. ئۆزگونەش هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعشی بۆ سەر شەنگال شەرمەزار کرد و بەم جۆرە دووا: "وەک گەل و هێزە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکانی تورکیا، ئێمە پستیوانی و پاڵپشتی خۆمان پێشکەش بە کۆمەڵگای ئێزدی دەکەین. لەبەرامبەر هەموو کۆمەڵکوژی و دڕندەییەکان ئێمە لەگەڵ ئێوەدا دەبین. هێرشەکە لە هەر لایەکیشەوە بێت ئێمە بەرامبەری دەوەستینەوە. ئێمە تاسەر لەگەڵ راستی گەلی ئێزدیداین.

پەرلەمانتاری هەدەپە موراد چەپنی: من وەک سۆسیالیستێکی تورک هاتووم راستیەکان بە چاوی خۆم ببینم

پەرلەمانتاری ئیزمیری هەدەپە موراد چەپنییش لە سەرەتای پەیامەکەیدا باسی لەوەکرد کە ئەو وەک سۆسیالیستێکی تورک هاتووە بۆ شەنگال بۆ ئەوەی راستییەکان بە چاوی خۆی ببینێت. موراد چەپنی وتی کە ئەوان بە نوێنەرایەتی گەلانی تورکیا لە شەنگالن و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "ئێمە بە نوێنەرایەتی هەموو گەلانی ئازادیخواز، ئاشتیخواز لە شەنگالین. گەلی شەنگال دەیەوێت بە بیر و باوەڕی خۆی لە سەر پێی خۆی بوەستێت. ئێمە لە شەنگال راستی کۆمەڵگای دیموکراتیکمان بەدی کرد. ئیمە هەموو ئەو شتانەی لە شەنگال بینیومانن لە ئەنقەرە لەگەڵ گەلاندا هاوبەشی پێدەکەین. بەڵام ئێمە دەتوانین بڵێن سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپە لە شەنگال تاوانن".

یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵی هەدەپە هودا کایا بوو کە ئەویش لە بەر بینای ئەنجومەنی گەل پەیامی خۆی راگەیاند. هودا کایا لە سەرەتاوە سەرنجی راکێشا بۆ سەر مێژووی کۆمەڵگای ئێزدی و بەرخودانی کۆمەڵگای ئێزدی لەبەرامبەر چەتەکانی داعش. هودا کایا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەویش وەک ژنێکی تورک و موسوڵمان بەمەبەستی دەربڕینی پشتیوانی لە گەلی شەنگال هاتووە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "کۆمەڵگای ئێزدی بۆ ئەوەی سەر لەنوێ ژیانی خۆی بونیات بنێتەوە، لە هەوڵێکی زۆر باشدایە. ئەم شوێنەی کە ئێمە لەبەردەمیداین، وەک ئێوەش دەیبینن ئەنجومەنی گەل بوو. لە شەنگال نەخۆشخانە، ئەنجومەنی گەل، شوێنەکانی ژیان و نیشتەجیبوونی ژن و مندالان بۆردومان دەکرێن. لەپێناو ژیانێکی ئازاد و ئاشتیانە چی بکەوێتە ئەستۆمان دەیکەین".

ئوجا: خۆزگە چیای شەنگال زمانی هەبوایە و باسی ئەو بەرخودانەی بکردایە

لە کۆتاییدا پەرلەمانتاری ئیلیعی هەدەپە فەلەکناس ئوجا قسەی کرد. ئوجا سەرنجی بۆ سەر کولتور، مێژوو و بەرخودانی شەنگال راکێشا و بەم جۆرە دووا: "خۆزگە چیان شەنگال زمانی هەبوایە و باسی ئەو بەرخودانەی بکردایە. ئێمە دەزانین ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئێزدخان ئاسایی نین. دەیانەوێت ئێزدیەکان لە ریشەوە لەناوببەن. بەڵام با هەموو کەسێک باش بزانێت، وەک چۆن کۆمەڵگای ئێزدی لە ٧٤ فەرماندا سەری بەخشی بەڵام نهێنی خۆی نەدرکاند، یەک ئێزدیش بمێنێتەوە ئەو ئێزدخان دەپارێزێت".

ئوجا لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان لە گەڕانەوەیاندا راپۆرتی خۆیان لە بارەی شەنگالەوە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ رای گشتیی ئاسکرا دەکەن.

هاوسەرۆکی پادێ: ئێمە دەمانەوێت هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیادا ئەو راستیە بگەیەنێتە هەموو جیهان

لەدوای پەیامەکانی شاندی هەدەپەوە، هاوسەرۆکی پادێ زەهرا سلێمان بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد. سلێمان سەرنجی راکێشا بۆ سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و وتی، "ئەمڕۆ بتوانن ئەوانەی بینیویانە بە راپۆرتێک ببنەوە بۆ پەرلەمانی تورکیا. ئیمە دەمانەوێت کولتور و نەتەوەی خۆمان بپارێزین. ئێمە داوا دەکەین شاندی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، ئەم راستیانە بگەیەنێتە هەموو جیهان".

بەرنامەی شاندەکەی هەدەپە بەو راگەیەنراوە کۆتاییهات و شاندەکە لە شەنگال گەڕایەوە.

هـ . ب