شاندی ڕۆژنامەنووسان لەپێناو گوڵستان و هێرۆ گەیشتنە سلێمانی

کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس لەسەر داوای ڕۆژن و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەپێناو ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهید کران، گەیشتنە سلێمانی. شاندەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شارەکە کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.

لەسەر داوای ڕۆژن (ڕۆژنامەنووسانی ژنی کوردستان) و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەپێناو گوڵستان تارا و ‌هێرۆ بەهادین، کە لە ٢٣ی ئابدا لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە نزیک سەیدسادقی سلێمانی بەئامانج گیران، لە ئەوروپاوە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس سەردانی سلێمانیان کرد.

شاندەکە کە پێکهاتووە لە ڕۆژنامەنووسان ئالیجە ماگار، ئێمما ئاودری، دلێر ئاکرێی، هەندرین فەرەج محەممەد، ژاڵان زیاعی و دەڤریم ئاڵپ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری سلێمانی سەردانی لایەنەکان دەکەن.

شاندەکە سەردانی کۆمپانیای چەتر پرۆدەکشن شوێن خەباتی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، بنەماڵەی هێرۆ بەهادین، شوێنی کۆمەڵکوژییەکە و سەردانی ڕێبین بەکر کە لە کۆمەڵکوژیەکەدا بریندار بووە دەکەن هەروەها ، گۆڕی هێرۆ بەهادین و ئەو مۆنۆمێنتەی کە بۆ گوڵستان و هێرۆ دروستکراوە بەسەردەکەنەوە، هەروەها لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی کۆدەبنەوە، هاوکات سەردانی ڕێکخراوە پیشەییەکان، ڕۆژنامەکان، تەلەفزیۆن و ڕادیۆکانی شاری سلێمانی دەکەن.

ئەم سەردانانە بە ئامانجی پشتیوانی لەو ڕۆژنامەنووسانە ئەنجام دەدرێن کە لەژێر هەڕەشەی هێرشی دەوڵەتی تورکیادان. بڕیارە لە کۆتایی سەردانەکەدا شاندەکە لێدوانێک بۆ ڕای گشتی بدەن.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەو ڕۆژنامەنووسانە دوای سەردانە مەیدانییەکەیان، لەگەڵ ڕێکخراوە پیشەییەکانی ئەوروپا کۆببنەوە و ئەنجامەکانیان پێ ڕابگەیەنن.