شاندی ڕۆژنامەوانان سەردانی میترۆ و ڕۆژنیوزی کرد

شاندی ڕۆژنامەوانان کە پەیوەست بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە شاری سلێمانی چاوپێکەوتنەکانیان بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ سەنتەری میترۆ و ڕۆژنیوز چاوپێکەوتنی ئەنجامدا.

لەسەر داوای ڕۆژن (ڕۆژنامەنووسانی ژنی کوردستان) و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەبارەت بە پرسی شەهیدکردنی ڕاگەیاندکارانی ئازاد (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین)، لە ئەورووپاوە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس سەردانی سلێمانیان کرد، ئەمڕۆ سەردانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسانیان کرد.

شاندەکە کە پێکهاتبووە لە ڕۆژنامەنووسان ئالیجە ماگار، ئێمما ئاودری، دلێر ئاکرێی، هەندرین فەرەج محەمەد، ژاڵەناو هۆرام و دەڤریم ئاڵپ و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری سلێمانی دەمێننەوە و سەردانی لایەنەکان دەکەن.

لە سەردانەکەدا ژاڵەناو هۆرام یەکێک لە ئەندامان شاندەکە ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی سەردانەکەمان بۆ سەنتەری میترۆ کارکردن و ڕوونکردنەوەی ئەم دۆخە ناهەموارەیە کە لەسەر ڕۆژنامەنووسان هەیە و بتوانین دۆخێک دروست بکەین کە چیدیکە ژیانی ڕۆژنامەنووسان لە مەترسییدا نەبێت.

'تیرۆری ڕۆژنامەوانان لە چوارچێوەی دیاردەی تیرۆری جیهانیدایە'

دواتر ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ وتی: لە هەرێمێکداین چواردەورمان بە ئاگر دەورەدراوە ناوچەیەکی سەقامگیر نییە بۆ هەموو تاکێک نەک تەنیا بۆ ڕۆژنامەنووس، تیرۆرکردنی ئەم ڕۆژنامەنووسانە لە چوارچێوەی دیاردەیەکی تیرۆری جیهانییە بۆیە پێویستی بە پشتیوانییەکی جیهانیش هەیە، ڕێکخراوە ناوخۆییەکان هەڵوێستی جددیان نەبووە لەبەر ئەوەی دەستی حزبیان لە پشتە و ئەوەی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسانن چەند ڕێکخراوێکی کەمن.

'هەڵوێست لە دژی تیرۆری ڕۆژنامەوانان گرنگە'

هەروەها دیاری محەمەد بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ وتی: گرنگە هەڵوێستمان لە دژی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنامەنووسان هەبێت و ڕێگریی بکەین لەوەی ئەم کردەوانە دووبارە ببنەوە، هەروەها دەبێت ئەم کردەوەیە بکرێت بە دیکۆمێنت و لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا ئاماژەیان پێ بدرێت، جەختیشی کردەوە نابێت لە شەهادەی وەفاتەکانی ئەو دوو شەهیدەدا بە قوربانی هاتوچۆ بنووسرێت و دەبێت شەهید تۆمار بکرێن.

'ببینە ڕێچکەگری حەقیقەت'

لە دوای چاوپێکەوتنی رێکخراوی میترۆ، شاندەکە سەردانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوزی کرد و لە لایەن خەباتکارانی ڕۆژ نیوزەوە پێشوازییان لێکرا. ڕۆژنامەوان عەزیز کۆیلۆئۆغلۆ لەبارەی سەردانیکردنەکانیانەوە هەندێک زانیاری بە ئاژانسی ڕۆژ نیوزدا و باسی لەوەکرد پێویستە ڕۆژنامەوانان ببنە ڕێچکەگری ڕێگەی حەقیقەت و تێکۆشانیان بەردەوام بێت.