شاندی رۆژنامەوانان سەردانی کۆمپانیای چەتریان کرد

شاندی رۆژنامەوانان کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە شەهیدکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین سەردانی سلێمانیان کردووە، لە چوارچێوەی دیدارەکانیاندا کۆمپانیای چەتریان بەسەرکردەوە، کە ئەو ئەو دوو رۆژنامەوانە شەهیدە لەوێ کاریان دەکرد.

لەسەر داوای ڕۆژن (ڕۆژنامەنووسانی ژنی کوردستان) و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەبارەت بە پرسی شەهیدکردنی ڕاگەیاندکارانی ئازاد (گوڵستان تارا و ‌هێرۆ بەهادین)، لە ئەورووپاوە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس سەردانی سلێمانیان کرد، ئەمڕۆ سەردانی کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی کرد.

شاندەکە کە پێکهاتبووە لە ڕۆژنامەنووسان ئالیجە ماگار، ئێمما ئاودری، دلێر ئاکرێی، هەندرین فەرەج محەمەد، ژاڵان زیاعی و دەڤریم ئاڵپ و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری سلێمانی دەمێننەوە و سەردانی لایەنەکان دەکەن.

سەرەتا شاندەکە هاوخەمی خۆیان بۆ شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووسان “گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین” دەربڕیی و دواتریش باسیان لە ڕۆڵی ڕاگەیاندنی ئازاد و ئەو کارمەندانەی کە لە کۆمپانیای چەتر کاردەکەن بەرز نرخاندیان.

هەروەها ئاماژەیان بەوەدا، ڕاگەیاندنی ئازاد سەرەتا لە چەند کەسێکەوە دەستی پێکرد بەڵام ئێستا بە سەدان کەس لەسەر ئەو ڕێبازە کار دەکات و ترس و تۆقاندن نامان وەستێنێت بەپێچەوانەوە گڕوتینی زیاترمان دەداتێ و جەخت کرایەوە، کە دەبێت ڕاگەیاندنی ئازاد هەوڵەکانی خۆی زیاتر بکات و دەنگی حەقیقەت بگەیەنێت بە جیهان.

باسیان لەوەشکرد، کار لەسەر کەیسی ڕۆژنامەنووسان “گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین” لە ناوخۆ و دەرەوەدا دەکرێت و دەبرێتە دادگای لاهای.

بڕیارە ئەو شاندە سەردانی چەندین ناوەندی ڕاگەیاندنی و ڕێکخراوی تایبەت بە ئازادیی ڕادەڕبڕین و کایەی ڕۆژنامەگەریی بکەن.