شایەتحاڵان: ئاگرەکە بەهۆی تەلی کارەبا بووە، نەوەک پووش و پەڵاش

گوندنشینان ڕایانگەیاند لێدوانی پارێزگار ناڕاستە و گوتیان: "ئاگرەکە بەهۆی سووتانی پووش و پەڵاشەوە نەبووە، تەلەکانی کارەبا پچڕاون و ئاگرەکە بڵاوبوویەوە. لەم ئاگرەدا، DEDAŞ بەرپرسیارە".

وتەی شایەتحاڵانی ئاگرەکە

ئەو ئاگرەی لەنێوان ناوچەی خانا ئاخپاری ئامەد و ناوچەی شەمرەخی مێردین کەوتەوە، زیانی بە ١٧ گوند گەیاند. هەرچەن لە سەرەتاوە گەل هەوڵیدا دەستوەردان بکات، بەهۆی خێرایی با، ئاگرەکە بەزوویی تەشەنەی کرد. سەرەڕای بانگەوازەکان بەڵام هەلیکۆپتەر لە شەودا بەکارنەهات، دەوڵەتی تورک پاش چەند کاتژمێر لە ئاگرەکە، هەلیکۆپتەری نارد.

"پارێزگار درۆ دەکات"

پارێزگای ئامەد و مێردین لە لێدوانی سەرەتایان بانگەشەیان کردبوو، ئاگرەکە بەهۆی سووتانی پووش و پەڵاش کەوتۆتەوە، بەڵام شایەتحاڵەکان ئەم بانگەشەیان بە درۆخستەوە.

هاوڵاتییەکی گوندی کۆکسالان ڕایگەیاند پاش با بەهێزەکە لە سێگۆشەی گوندەکانی باگاجیک و یاپراکباشی و یوجەباگ بەندی کارەبا پچڕا و پاش ڤۆڵتاژێکی بەرزی کارەبا، ئاگر کەوتۆتەوە. دووپاتی کردۆتەوە وەک گوندنشینان هەرزوو دەستوەردانیان کردووە بەڵام نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، بۆیە بانگەوازی لە ئاگرکوژێنەوە کردووە بەڵام درەنگ گەیشتوون بە شوێنی ڕووداوەکە، تەلە پچڕاوەکانی کارەبا بوونە هۆی سوتانی پووشەکان و ئاگرێکی مەزن کەوتەوە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو.

"چەند جار هۆشداریمان داوە بۆ نۆژەنکردنەوەی تاوەرەکانی کارەبا، بەڵام نەیانکرد"

گوندنشینەکە ڕایگەیاند پاش نزیکەی کاتژمێر و نیوێک ئاگرکوژێنەوە هاتوون و ئاگرەکە تەشەنەی کردبوو، زانیاریمان پێگەیشت دەربارەی گیان لەدەستدان و برینداربوونی هاوڵاتیان. بێجگە لە زیانی گیانی، زیانی مادی زۆر بە هاوڵاتیان گەیشت، گوتی: "دەوڵەت ئێمەی تەنها هێشتەوە، گەر پێشتر هاتبان، ئاگرەکە وەها تەشەنەی نەدەکرد. دامەزراوەی دابەشکردنی کارەبای دیجلە (DEDAŞ) پشکی لەم کارەساتە هەیە. چەند جار داواکاریمان بەرزکردەوە و گوتمان دەبێت تاوەرە کارەباییەکان نۆژەن بکرێنەوە، تەلەفۆنمان کرد، بەڵام نۆژەن نەکرانەوە، ئەوە هۆکاری ئاگرەکەی ئەمڕۆ بوو. دەیان ئاژەڵ مرداربوونەوە. هەرێمەکە گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێکی ڕەش. دەیان بریندار هەن".

چارەسەری برینداران بەردەوامە، دەگوترێت ڕەنگە ژمارەی گیان لەدەستدان زیاتر بێت، هەروەها ٦٦ کیلۆمەتر زەوی سووتاوە و سەدان ئاژەڵ مردار بوونەتەوە.