شەڕێکی سەخت لە نێوان هێزەکانی پەدەکە و هۆزی هەرکی لە ئارادایە

لە دوێنێوە شەڕێکی سەخت لە نێوان هێزەکانی پەدەکە و هۆزی هەرکییدا لە ئارادایە و کوژراو و برینداربوونی لێکەوتووەتەوە.

لە شارۆچکەی خەبات کە دەکەوێتە نێوان ئاکرێ و دهۆکەوە لە دوێنێوە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی پەدەکە و هۆزی هەرکییدا شەڕێکی سەخت لە ئارادایە. لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکاندا چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازی هێزەکانی پەدەکە تێکشێندراون، هەروەها ئەندامێکی زێرەڤانی کوژراوە. وە چەندین کەس لە هێزەکانی پەدەکە لە لایەن ئەندامانی هۆزی هەرکییەوە دەستگیرکراون.

لایخۆیەوە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای ڕاوەستاندنی ئاڵۆزییەکانی کرد. هەروەها فەرماندە لە هۆزی هەرکی، ئەدهەم هەرکی نێگەرانی خۆی لەبارەی ئاڵۆزییەکانەوە دەربڕی و داوای ڕاوەستاندنی شەڕەکانی کرد.

بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە دیجیتاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە، تا درەنگانی شەویش شەڕوپێکدادانەکان بەردەوام بووە، لە شەڕەکاندا وێڕای تێکشانی چەندین ئۆئۆمبیلی سەربازی هێزەکانی پەدەکە، لەلایەن ئەندامانی هۆزی هەرکییەوە چەندین چەکی قورس و سوک بەکارهێندراون.