سه‌ربازانی تورك له‌ ئامه‌د نه‌یانهێشت گه‌ل بچێته‌ سه‌ردانی گۆڕستانه‌كان

له‌ ئامه‌د سه‌ردانی گۆڕستانه‌كانی سیس، چه‌می ئه‌لیكان و پریشمان به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنه‌وه‌ كه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تی مه‌بیا-ده‌ر داواكرابوو، له‌لایه‌ن سه‌ربازانی توركه‌وه‌ رێگری لێكرا.

به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئامه‌د به‌ پێشه‌نگایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی هاوكاری و پشتیوانی له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كه‌سانیه‌ خزم و كه‌سوكاریان له‌ لانكه‌ی شارستانیه‌ن له‌ ده‌ستداوه‌ (مه‌بیا-ده‌ر) سه‌ردانی گۆڕستانه‌كان كرا. له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كاندا پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)ی ئامه‌د و كۆمه‌ڵه‌ی پشتیوانی له‌ بنه‌ماڵه‌ی زیندانیان و سزادراوان (توای –ده‌ر) چوونه‌ سه‌ردانی گۆڕستانی ئه‌لیكان و سیس له‌ لیجه‌ و گۆڕستانی پریشمان له‌ ناوچه‌ی پیران.

پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراتیكه‌كان (ده‌به‌په‌)ی ئامه‌د، توای-ده‌ر، رێكخراوه‌كانی هه‌ده‌په‌ له‌ په‌یاس، فارقین، چه‌رموغ، هه‌زرۆ، بسمل و چنار و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتیان ویستیان بچنه‌ سه‌ردانی گۆڕستانی سیسی لجه‌. به‌ڵام گۆڕستان له‌لایه‌ن سه‌ربازانه‌وه‌ گه‌مارۆدرا و سه‌ربازان نه‌یانهێشت جه‌ماوه‌ر بچنه‌ ناو گۆڕستانه‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگیه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ له‌ به‌رده‌م گۆڕستاندا كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیان به‌ست.

‘دڕنده‌ییه‌كی به‌م جۆره‌ له‌ هیچ شوێنێكی جیهان بوونی نییه‌‘

هاوسه‌رۆكی مه‌بیا-ده‌ر مه‌ریه‌م سۆیلو له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا قسه‌ی كرد و له‌سه‌ردا جه‌ژنی هه‌موولایه‌كی پیرۆز كرد و وتی، "ئێمه‌ جه‌ژنی هه‌موو شه‌هیدانی ئازادی پیرۆز ده‌كه‌ین. بنه‌ماڵه‌كان ویستیان بچنه‌ سه‌ردانی گۆڕی رۆڵه‌كانیان به‌ڵام رێگرییمان لێكرا. نه‌یانهێشت بنه‌ماڵه‌كان بۆ رۆڵه‌كانیان نزا بكه‌ن و له‌گه‌ڵیاندا قسه‌ بكه‌ن. دڕنده‌ییه‌كی به‌م جۆره‌ له‌ هیچ شوێنێكی جیهان بوونی نییه‌. ئێمه‌ ئه‌م سته‌مه‌ قبوڵ ناكه‌ین. چی ده‌كه‌ن با بیكه‌ن، ناتوانن ئیراده‌ی گه‌ل بشكێنن. ئێمه‌ تا كۆتایی له‌سه‌ر دۆزی رۆڵه‌كانمان ده‌بین".

دواتریش هاوسه‌رۆكی هه‌په‌ده‌ی ئامه‌د زه‌یاد جه‌یلان قسه‌ی كرد. جه‌یلان باسی له‌وه‌كرد، كه‌ له‌هه‌موو ئایینه‌كاندا مافی سه‌ردانی گۆڕستانه‌كان هه‌یه‌ بۆ هه‌مووان و به‌م جۆره‌ قسه‌ی كرد: "به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ده‌بینین كه‌ ناهێڵن بنه‌ماڵه‌كان فاتیحایه‌كی دابده‌ن. ئێمه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ به‌ توندی شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین. ئێمه‌ تا كۆتایی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانماندا ده‌بین".

هه‌روه‌ها رێكسختنه‌كانی هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د، لجه‌، خه‌نی، پاسور و ئه‌ندامانی توای-ده‌ر و مه‌بیا – ده‌ر چوونه‌ سه‌ردانی گۆڕستانی چه‌می ئێلیكانی لجه‌ی ئامه‌د. جه‌ماوه‌ر له‌ ناوه‌ڕاستی ناوچه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ و به‌ره‌و گۆڕستان به‌ڕێ كه‌وتن. به‌ڵام له‌سه‌ر رێگا سه‌ربازان رێگه‌یان له‌ جه‌ماوه‌ر گرت و به‌ پاساوی چه‌ده‌غه‌ی والیگه‌ری رێگه‌یان نه‌دا جه‌ماوه‌ر بچنه‌ناو گۆڕستانه‌كه‌وه‌. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ تێكۆشانی ئازادیدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ خوله‌كێك رێزگرتنی ئه‌نجامدا و نزایان كرد. جه‌ماوه‌ره‌كه‌ به‌ دروشمی "شه‌هید نامرێت" گه‌ڕایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌به‌په‌ی ئامه‌د، په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د دێرسیم داغ و رێكخستنه‌كانی هه‌ده‌په‌ی ناوچه‌كانی یه‌نیشه‌هیر، رێزان، پیران، گێل، ئه‌رغه‌نی و شانكوشه‌ش ویستیان بچن بۆ سه‌ردانی گۆڕستانی پریشمانی پیران. به‌ڵام جه‌ماوه‌ره‌كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌ربازانه‌وه‌ رێگرییان لێكرا. له‌و باره‌وه‌ جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر رێگه‌ی پیران كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی به‌ست.

‘‌ئێوه‌ ناتوانن به‌هاكانمان له‌ بیر ئێمه‌ ببه‌نه‌وه‌‌‘

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا هاوسه‌رۆكی مه‌بیا-ده‌ر شێخموس كاراداغ كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر رێگرییه‌كه‌ نیشان دا و وتی، "بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان هه‌موو ساڵێك به‌ر له‌ جه‌ژن ده‌چنه‌ سه‌ردانی گۆڕستانی شه‌هیدان. به‌ڵام هه‌موو جارێك به‌ هه‌مان پاساو قه‌ده‌غه‌ی ده‌كه‌ن. ئێمه‌ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین. له‌ ساڵانی ١٩٩٣ نزیكه‌ی ٣٣ گه‌ریلا به‌ چه‌كی كیمیایی شه‌هیدكران و له‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا له‌ پیران به‌ خاكسپێردران. ئێمه‌ له‌ ساڵای ٢٠٢٢دا له‌ ناو ئه‌و هێرشانه‌شدا هێشتا به‌رده‌وامین. چی ده‌كه‌ن با بیكه‌ن ئێوه‌ ناتوانن به‌هاكانمان له‌ بیر ئێمه‌ ببه‌نه‌وه‌".

‘ناونیشانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه‌ و كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕ، ئیمراڵییه‌‘

په‌رله‌مانتار دێرسیم داغشی رێگرییه‌كه‌ی وه‌ك دوژمنایه‌تی پێناسه‌كرد و به‌م جۆره‌ درێژه‌ی به‌ قسه‌كانیدا: "هیچ هێرش، هه‌ڕه‌شه‌ و ئاسته‌نگییه‌ك ناتوانن به‌هاكانمان له‌ بیرمان ببه‌نه‌وه‌. ئێمه‌ خاوه‌نداری له‌ ناسنامه‌، ئایین، كولتور و گۆڕستانه‌كانمان ده‌كه‌ین. ئێمه‌ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین. ئه‌و بیركردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئێستا نییه‌.

هێشتا شوێنی گۆڕی شێخ سه‌عید دیار نییه‌. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌ هێرشی چه‌په‌ڵ وه‌ك چه‌كی كیمیایی كوردان له‌ ناو ببه‌ن، با باش بزانن كه‌ كۆتایی ئه‌وان وه‌ك سسه‌ددام ده‌بێت. ویستیان ئێمه‌ له‌ناو ببه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان له‌ناو چوون. ئه‌وانه‌ی ١٠٠ ساڵه‌ سه‌رنه‌كه‌وتوون، ئه‌مڕۆش سه‌رناكه‌ون. هێرشی ئه‌مڕۆ بۆ سه‌ر گۆڕستانه‌كان، به‌شێكه‌ له‌ سیاسه‌تی شه‌ڕ و گۆشه‌گیری. ناونیشانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ و كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕ، ئیمراڵییه‌".

هـ . ب