شەڕڤانی فەلسەفەی ڕاستی

شەهیدبوون لە چیاکانی کوردستان کۆستێک و زیانێکی گیانی نییە. ئەوانە دەزانن، ئەوانە ڕۆیشتوون و ئەوەی لەدوای خۆیان جێیان هێشتووە دەستکەوت و میراتێکی گەورەیە، ئاگر ئەردەخان هەمیشە بەم شێوەیە یادیدەکرێتەوە.

رۆڵە ئازاکانی چیاکانی وڵاتی بەهەشتی میزۆپۆتامیا لە پێناو ئازادیدا شەڕێکی گەورەی مرۆڤایەتی لە دژی خوداوەندە بێبەزەییەکانی سەردەم ئەنجام دەدەن، ئەوانەن خۆیان لەگەڵ ڕاستیەکانی مێژوو گونجاندووە و بەها کۆمەڵایەتییەکان دەخوڵقێنن. لە سەنگەرەکانی شەڕ لە لوتکەی چیاکاندا، داستانی قارەمانێتی دەنووسنەوە. چونکە داهاتووی مرۆڤایەتی و ئازادییان لە ئاگری لوتکەی شاخەکاندا بینیوە. یەکێک لەو گەریلایانە ئاگر ئەردەخان بوو.

دڵێکی گەنج بەدوای کۆمەڵایەتی بووندا دەگەڕێت

بوراک ئۆلمەز بەناوی خۆی لە ناو ڕیزەکانی گەریلادا ئاگر ئەردەخان لە ساڵی ١٩٩٤لە ناوچەی هانانی شاری ئەردەخان لە هەرێمی سەرحەد لەدایک بووە. بەشێکی ژیانی لە گونددا بەسەر بردووە، کەسایەتی لە گونددا دروست بوو و کۆمەڵگەییبوونی لە کۆمەڵایەتی بوونیگوندەکەی وەرگرتووە. پاشان بۆ خوێندن ڕووی لە شار کردووە و دواتر هەستی بە ناکۆکییە سەرەتاییەکانی نێوان کۆمەڵگا کردووە. گەورەترین ناکۆکییەکان جیاوازی چینایەتی بوون. بینیی کە دەوڵەمەندەکان بەردەوام دەوڵەمەندتر دەبن و هەژارەکان هەژارتر، هەندێکیش ناچارن وەک کۆیلە بژین. بەهۆی ئەو کاریگەریانەی دەوروبەرەی دوور لە ناسنامەی خۆی گەورە بووە. لە ژینگەیەکدا کە گەورە بوو کوردایەتی و وڵاتپارێزی تێدا بەهێز نەبوو. ئەم دوورکەوتنەوەیە تا ساڵانی زانکۆ بەردەوام بوو. کاتێک چووە زانکۆ، لەوێ بزووتنەوەی گەنجانی وڵاتپارێزی بینی و لەگەڵیان ئاشنا بوو، ئەو کات پرسیاری لە خۆی کرد 'من کێم؟' هاوکات لەگەڵ ئەم لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونانە، زیاتر هێرشە فاشیستەکانی بە چاوی خۆی بینی و زیاتر تێگەیشت و دەسەڵاتی داگیرکەری ناسی. بە تێپەڕبوونی کات بەرە بەرە هۆشیاری سیاسی وای لێکرد دەست بەگەڕان و تێکۆشان بکات. لە ئەنجامدا لەوە تێگەیشت کە ناتوانێت لەناو سیستەمدا وڵامی پرسیارەکانی بدۆزێتەوە. هەڤاڵ ئاگری دەیزانی کۆمەڵگایەکی سیاسی و ئەخلاقی لە دەرەوەی سیستەم دروست دەبێت و ڕووی لە فەلسەفەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ کرد، ئەو ژیانە نوێیەی کە ڕێبەر ئاپۆ بە خۆڵقاندنی پەکەکە بنیاتی نابوو.

ئاگر ئەردەخان لە ساڵی ٢٠١٤ بڕیاری بەشدار بوونیدا و چووە نێو تێکۆشانی ئازادی کوردستانەوە. بە پەروەردە و ڕاهێنانی لە شەڕڤانی نوێدا هونەری ژیانی گەریلایی فێر بوو. ئەو لە بواری پەروەردەدا بەهای کۆمەڵایەتیبوونی خۆی دانا و بەشداری ناو تێکۆشانی گەورەی پراکتیک بوو بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە خوڵقێنەرانی ئەم ژیانە نوێیە لە چیاکانی کوردستان.

سادەیی، سروشتی بوون، تێکۆشان و جوانی لە ژیانی پەکەکەدا زیاتر و زیاتر لە دڵیدا جێگیر بوو. هەر جار کە خۆی لەم ژیانەدا دەبینی و خۆی بەو پێیە پێشدەخست زیاتر دەگەیشتە ئەو ڕاستیە کۆمەڵایەتییەی کە لەناو کۆمەڵگادا بەدوایدا دەگەڕا. بە قوڵبوونەوەی لە فەلسەفە و ئایدیۆلۆژی سەرۆک ئاپو، تێکۆشانێکی مەزنی بۆ ڕزگاربوون لەو کەسایەتییەی کە سیستم سەپاندبووی دەست پێکرد. لە پێناو ئەو ژیانە شکۆمەندەی کە سەرۆک ئاپو خوڵقاندبووی، وتی: «ژیانێکی جوانە، باخچەی گەلان لە ناخی خۆیدا دەخوڵقێنێت و ئازادی و ڕەنگ بە کۆمەڵگا دەبەخشێت. لێرە دڵانێک خاوەن ڕۆحی شاخ، بە سادەیی و ڕاستگۆیی لەگەڵ یەک دەژین و ماندوونەناسانە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد لە تێکۆشاندانن. ئەوەی لەم ژیانەدا زۆر کاریگەری لەسەرکردووم ئەوەیە کە دڵە جوانەکان لە زۆر شوێنی جیاوازی وڵاتەوە بۆ یەک مەبەست و یەک ئارمانج لەدەور یەک کۆبوونەتەوە و تێکۆشانی ڕاستەقینەی ژیان بەڕێوە دەبەن"

لەم ژیانە نوێیەدا فەرماندەیەکی پێشەنگ بوو

بۆ قوڵبوونەوەی تێگەیشتنی لە فەلسەفەی ئاپۆیی و بوون بە گەریلایەکی لێهاتوو و مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، ڕووی کردە ئاکادیمیای فەرماندە مەعسووم کۆرکماز. لەوێ کەسایەتییەکی نوێی بۆ خۆی خوڵقاند و تێکۆشانێکی بەهێزی دەست پێکرد. لە ئاکادیمیادا، ئەو نەک تەنها کۆمەڵگا، بەڵکو تایبەتمەندی و جیاکاری ڕەگەزی هەمووی خستە بن پرسیارەوە. هەروەها تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پیاوسالاری خستە بن پرسیارەوە. بۆچوونی خۆی بەرامبەر بە ژنان بەم شێوەیە دەربڕی و وتی: "بۆ تێکۆشەرێک لە هێڵی ڕێبەر ئاپۆدا و وەک هێزێک بۆ بنیاتنانی ژیانێکی نوێ، تێگەیشتن لە ڕاستی ژنان گەورەترین بەرپرسیارێتی ژیانمانە. چونکە ئەو بابەتەی کە من زۆر لەلام نامۆ بوو ڕاستی ژنان بوو. ئازادی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ ژناندا دامەزراوە. بۆیە تا ئەو کاتەی لەگەڵ هەڤاڵە ژنەکانم و لەگەڵ پێوەرەکانی ژیانی ئازاد کە ڕێبەر ئاپۆ دیاری کردووە، باشتر خۆم بگونجێنم دەتوانم ئازادی بەدەست بهێنم."

ئەو ئیتر ئێستا گەریلایەکی لێهاتوو بوو. ئامادە بوو بچێتە ڕیزی پێشەوەی تێکۆشانی ئازادی. یەکێک لە گەورەترین خەونەکانی گەڕانەوە بوو بۆ ئەو شوێنەی کە وەک گەریلایەک تێدا لەدایک بوو. دەیویست لە چیاکانی ئەردەخان گەریلایی بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ گەلەکەی لە نزیکەوە تێکەڵ بێت، ویستی بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی ئەو ئیتر ئامادەی هەرجۆرە بەرپرسیارێتییەک بوو. بەڵام بە گوێرەی پێویستی بارودۆخ ڕوویکردە هەرێمی مەتینا.

ئەوان گەورەترین دەستکەوتەکانی ئێمەن

ئەو پەروەردەی فەرماندەیی ئاکادیمیای مەعسوم کۆرکمازی لە هەرێمی مەتینا دەست پێکرد. دڵ و ئیرادەی کە بە فەلسەفەی ئاپۆی خەمڵابوو، وای لێکردبوو ببێتە فەرماندەیەکی بەهێز لە ژیان و تێکۆشاندا؛ بە جۆرێک کە تەنانەت لە سەختترین بارودۆخەکانیشدا دیسیپلین و بەهێزبوونی خۆی ڕاگرتبوو. ئاگر ئەردەخان لە ساڵی ٢٠١٧ لە هێرشی دوژمن بۆ سەر هەرێمی مەتینا شەهید بوو. ئەو یەکێک بوو لەو گەریلایانەی لەسەر لوتکەی چیا بەرزەکان، لە دەوری ئاگری ژیانی ئازاد گۆرانی و سەمای دەکرد. هەر شەهید بوونێک لە چیاکانی کوردستان کۆست و زیانێکی گیانی نییە. ئەوانەی دەزانن ئەوانەی ڕۆیشتوون و بەجێیان هێشتووە دەستکەوت و میراتێکی گەورەن، ئاگر ئەردەخان هەمیشە بەم شێوەیە لەناو هەڤاڵانی بەبیر دێتەوە.