سلێمان ئەحمەد ٢٢٩ ڕۆژە لای پەدەکە دەستبەسەرە

رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد ٢٢٩ ڕۆژە لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە و لە زینداندایە.

هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز سلێمان ئەحمەد رۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەمەبەستی سەردان چووبووە لای بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەڵەب. سلێمان رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی پێشخابور (سێمالکا) لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە رفێندرابوو و دوای حەوت مانگ پاڕێزەران توانیبوویان دیداری لەگەڵ ئەنجام بدەن. رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد ماوەی ٢٢٩ رۆژە لە زیندانی پەدەکەدایە.

هەفتەیەک دوای بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد کە گوایە ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانیەوە نییە و بەم جۆرەی هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسی لەو رۆژنامەنووسە کردبوو.

دواجار و لە ئەنجامی فشاری مەدەنی رۆژنامەوانان، سەندیکا و رێکخراوەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی، رۆژی ٢٢ی ئایار رێگە بە پاڕێزەرانی سلێمانی ئەحمەد درا، کە لە زیندانی ئاسایشی دهۆک چاویان پێی بکەوێت.

رۆژی ٣ ی حوزەیرانیش دادگای تاوانەکانی دهۆک رۆژی ٣٠ حوزەیرانی وەک رۆژی دانیشتنی تایبەت بە دادگاییکردنی سلێمان ئەحمەد دەستنیشان کرد.