سەربازانی دەوڵەتی تورک لە کێستێ سەرچاوەكانی ئاو داگیر دەكەن ‌و دار دەبڕنەوە

سوپای توركی داگیركەر، سەرچاوەی ئاوی گوندی کێستێی داگیر كردووە ‌و دارەكانی ناوچەكەیش دەبڕێتەوە ‌و هەڕەشەی كوشتنیش لە خەڵكەكەی دەكات.

سوپای تورکی داگیرکەر کە سەرچاوەی ئاوی کێستێی داگیر کردووە، هەڕەشەی کوشتن لە هاوڵاتییەكی ئەو گوندە دەكات کە ویستوویەتی ئاو بەربداتەوە، بە وتەی ئەو هاوڵاتییەیش، ئەو دارانەی کە سەدان ساڵە لە ناوچەکە دەپارێزران، لە لایەن سوپای تورکەوە، بڕاونەتەوە.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی کە لە میدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە، ڕاستیی هەڕەشەی کوشتنی سەربازانی تورک لە گوندنشینانی گوندی کێستێ، دەسەلمێنرێت.

ئەو هاوڵاتییە کە نەناسراوە، لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەڵێت: بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکەوە، گوندی کێستێی خواروو، كاول بووە ‌و ئەوكاتەی ویستوویەتی بچێت بۆ گوندی کێستێی کۆن لە بەرواری باڵا، لەلایەن سەربازانی توركەوە هەڕەشەی كوشتنی لێکراوە.

باس لەوەیش دەكات، كە کاتێک گەیشتووەتە گوندەکە، چاوی بە چەندین سەربازی تورک کەوتووە و یەکێکیان كە زمانی کوردی زانیوە، پێی وتووە، کە ڕێگە نادات ئاو بۆ گوندی کێستێی خواروو بەربداتەوە.

دەیشڵێت: “ویستوویەتی دەنگی سەربازەکان تۆمار بکات ‌و پێیشی وتوون، ئەوەی ئێوە بەرامبەرمان دەیکەن، زوڵمە”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: سەربازانی دەوڵەتی تورکی داگیركەر، دار هەیە كە تەمەنی ٥٠٠ ساڵ دەبێت، بڕیویاننەتەوە.

سوپای تورکی داگیرکەر لە ٢٣ی نیسانەوە بۆ داگیرکردنی خاکی باشوور، هێرشێکی بەرفراوانیان دەست پێکرد ‌و یەکێک لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی داگیرکاریی و هێرشی دەوڵەتی تورک بووەوە، گوندەکانی بەرواریی باڵایە.

ف.ق