سەربازانی تورک گەنجێکی تەمەن ١٦ ساڵی کوردیان لە جۆلەمێرگ کوشت
سەربازانی رژێمی تورکی داگیرکەر لە ناوچەى رووبارۆکی جۆلەمێرگ گەنجێکی تەمەن ١٦ ساڵی کوردیان بە ئەنقەست کوشت.
سەربازانی رژێمی تورکی داگیرکەر لە ناوچەى رووبارۆکی جۆلەمێرگ گەنجێکی تەمەن ١٦ ساڵی کوردیان بە ئەنقەست کوشت.
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، سەربازانی تورک ئێوارەی دوێنێ لە گوندی بێروح ٣ گەنجیان گولـلەباران کرد، کە بۆ گەڕان و کۆکردنەوەى بەڕوو چووبوونە دەرەوە. لەو گولـلەباران کردنەدا ئۆزجان ئەرباشی تەمەن ١٦ ساڵ لە پشتەوە گولـلەى لێدرا و کوژرا.
سەبری ئەرباشی برازای کە ئۆزجانى بە کۆڵ هێنابوو خوارەوە وتی، "بۆ گەڕان و کۆکردنەوەى بەڕوو ٣ بۆ ٤ گەنج رۆیشتبوون بۆ بێروح، بەڵام سەربازەکان گولـلەبارانیان کردن. لە بنکەى سەربازیی مام رەشەوە گولـلەباران کران. دوای ئەوەى ئێمە بە رووداوەکەمان زانی رۆیشتین و لەگەڵ سەربازەکاندا پێکداهەڵپژاین. رێگایان نەدەدا ئێمە دەست لە بریندارەکەى خۆمان بدەین. هاوکاریشیان نەدەکرد. ئەوم کردە کۆڵی خۆم و تاوەکو سەر رێگا هێنام. گولـلەیەک بەر پشتی کەوتبوو. خوێنی زۆری لێڕۆشتبوو و گیانی لە دەستدا. ئێمە بۆ پشکنین و توێکاری پزیشکی بردمان بۆ نەخۆشخانەى حکومیی جۆلەمێرگ".
سەعید دەدە پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە لەبارەی رووداوەکەوە لە تویتەرەکەى خۆیدا نووسیویەتی، "جارێکیتر گەەنجکی تری کورد، جارێکیتر کوشتنێکی بە ئەنقەستی بێ ویژدانانە. ئەمڕۆ لە گوندی بێروح لە رووبارۆک ئۆزجان ئەرباشی تەمەن ١٦ ساڵیان کوشت. ئێمە دەزانین، ئەوان جارێکیتر بکوژەکەیان دەپارێزن و رێگا نادەن سزا بکرێت، بەڵام ئەگەر سەد ساڵیش تێپەڕێت، ئێمە لێیان دەپرسینەوە".
ژ.ت