سیپیتی ئەمریکی: بناری قەندیل لە دوێنێوە حەوت جار بۆردوومان کراوە
کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی، ڕایگەیاند لە دوێنێوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر حەوت جار بۆردوومانی بناری قەندیلی کردووە.
کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی، ڕایگەیاند لە دوێنێوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر حەوت جار بۆردوومانی بناری قەندیلی کردووە.
ئەندامی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی کامەران عوسمان، لە بارەی بۆردوومانە چڕەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەم دوو ڕۆژەدا بۆسەر بناری قەندیل و سنووری پشدەر، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، زانیاری وردی خستەڕوو.
ئەو ئەندامە ئاشکرای کردووە، سوپای تورکیا لە بەرەبەیانی دوێنێوە حەوت جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی گوندەکانی سنووری شارۆچکەی پشدەر و بناری قەندیلی کردووە. بۆردوومانەکان زیانی گیانیان نەبووە تەنها زیان بەر ژینگە و دارستانی ناوچەکە گەیشتووە.
وردەکاری بۆردوومانەکانی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:
دوێنێ کاتژمێر ٥:٤٠ خولەکی سەرلەبەیانی، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی ئێندزە، بێپاڵان، کۆمتان و کورتەکی کرد لە بناری قەندیل و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش، لە کاژمێر ١٠:٣٥ خولەکدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی هەر یەک لە گوندەکانی ئەبوبەکرە و قەڵاتووکانیان کرد لە سنووری شارۆچکەی پشدەر.
ئاماژەی بەوەشداوە، ماوەی دوو ڕۆژە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە نزمی بەسەر شارۆچکەی پشدەر و ئیدارەی ڕاپەڕیندا دەسوڕێنەوە، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی بۆردوومانەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو، بەڵام زیان بەر ژینگە و دارستانەکانی ناوچەکە کەوتووە.