تەرمی هەردوو شەهید هێڤا و دلاوەر بە خاکسپێردران

لە قامیشلۆ بە مەراسیمێکی شایستە تەرمی هەردوو شەهیدی هێڤا عەرەبۆ و دلاوەر عەرەبۆ بە خاکسپێردران.

مەراسیمی شەهید

بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە کانتۆنی جزیرە، ئەمڕۆ تەرمی ئەندامی کۆردیناسیونی کۆنگرە ستار هێڤا عەرەبۆ (سالیحە ڤیان) و ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتیک، دلاوەر عەرەبۆ (هۆگر دەرباسیە) کە لە هێرشەکەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە ٢٧ی کانوونی دووەم لە دەڤەری ڕاپەڕین شەهید بوون، بە مەراسیمێکی شایستە لە گۆڕستانی شەهید ڕۆستەم جودی لە شاری دەرباسیە بە خاکسپێردران.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد، دواتر ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار، شیراز حەمە قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا ئامانجی هێرشەکە بۆ شکاندی ئیرادەی ژنانە و گوتی: "لە دژی ئەم هێرشانە ئیرادەمان بەرزتر دەکەینەوە، بەردەوام دەبین لە ئامانجی شەهیدانمان."

هەر لە مەراسیمەکەدا ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک عەمار ئەل قادر قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا گەنجان و ژنان بۆ پاراستنی خاک و وڵاتییان گیانی خۆیان فیدا دەکەن.

دواتر باوکی شەهید سالیحە و مامی شەهید هۆگر قسەیکرد و دەسنیشانیکرد شەهیدانی گیان بەخشی ئازادیین و بانگەوازی بۆ یەکێتی نەتەوەیی کرد لە پێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا و گوتی: "بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە پێویستمان بە بەرفراوانکردنی تێکۆشان هەیە."

لە کۆتاییدا بەڵگەنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا، تەرمی هەردوو شەهید بە وتنەوەی درووشمی "شەهید نامرێ"، بە هەلهەلەی سەرکووتنەوە سپاردەی خاک کران.