" تا ئۆجالان لە زیندان بمێنێتەوە ئاشتی نایاتە دی"

نووسەر و رۆشنبیر و چاودێری سیاسی شاری کەرکوک لەتیف فاتح فەرەج دەڵێت: "ئەوانەی لە ئێستادا ئۆجالان-یان گۆشەگیر کردووە خۆشیان لەسەر ئاستی دونیادا گۆشەگیر کراون".

دەوڵەتی تورک لە مانگی تەموزی ٢٠١١دا دەرگای ئیمڕالی لە بەرانبەر پارێزەران داخست و گۆشەگیریی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردی لە بەرزترین ئاستدا جێبەجێ کرد، ئەم کردارەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆڕەیی کوردی زیاتر لێکەوتەوە، لە ئێستاشدا بەشێوەیەکی سەختر گۆشەگیری دەستیپێکردووە و ئەمەش چارەسەری دۆزی کورد و چارەسەریی کێشەی نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردووە و ناوچەکەی بە قۆناغێکی سەختر و ئاڵۆزتردا بردووە، لە ئێستاشدا لەسەر داوای کەجەکە لە تەواوی جیهان و کوردستان و ئەوروپا هەڵمەت بۆ ئازادکردنی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد دەستیپێکردووە.

دەربارەی ڕاگەیاندنی کەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالان لەلایەن کەجەکە-وە کە لە ئێستادا ئەو کەمپەینە لە تەواوی جیهاندا بەڕیۆەدەچیت، لەتیف فاتح فەرەج نووسەر و رۆشنبیر و چاودێری سیاسی لەشاری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و باسی لە کاریگەریی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد لەسەر بەدی هێنانی ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ تەواوی ناوچەکە و تەواوی پێکهاتەکانی ناوچەکە و هەروەها باسی لە نەرێنێتیی مانەوەی گۆشەگیری کرد لەسەر پرۆسەی ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکاتەکانی ناوچەکە.

بە زیندانیکردنی ئۆجالان هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە لە زینداندان

سەبارەت بە زیندانیکردنی ئۆجالان و کاریگەری لەسەر ئاشتی و پێكەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە، لەتیف فاتح فەرەج نووسەر و رۆشنبیر و چاودێری سیاسی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "بە زیندانیکردنی ئۆجالان هەموو ناوچەکە بە پێکهاتەکانییەوە لە زینداندان، چونکە لە ئێستادا بیرکردنەوە و قسەی جیاواز نییە و ئاشتی نییە، کردنەوی دەرگای ئیمراڵی و ئازادکردنی ئاپۆ ئاشتی دەگەڕێنێتەوە بۆ نێو ماڵی کورد و تورک، هەروەها بە ئازادکردنی ئۆجالان پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکتر قەبولکردن دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە."

 بە مانەوەی ئۆجالان لە زینداندا هیچ ئاشتییەک نایاتە دی

هەروەها ناوبراو دەربارەی ڕاگەیاندنی کەمپەینی ئاشتی بۆ ئۆجالان کاریگەریی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد و ناوچەکە ووتیشی:  ''ناکرێت ئۆجالان لە زیندان بێت و باسی ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان بکرێت، بۆیە پێم وایە ئازادکردنی ئۆجالان لە ئیمراڵی ئازادکردنی پێکەوەژیانی و ئاشتی و دیموکراسییە، ڕاگەیاندنی کەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالان کە لەسەرتاسەری جیهان ڕاگەیاندراوە هەوڵێکی گرنگە، لە ئێستادا تورکەکانیش لەم ڕاستییە تێگەیشتوون، کە بە مانەوەی ئۆجالان لە زینداندا هیچ ئاشتییەک نایاتە دی، بە تایبەتی لە باکور و رۆژئاوای کوردستان قسەکەری یەکەم ئۆجالانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و ناوچەکە."

تورک گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە، کە ناتوانن ئاپۆ و پەکەکە لە کورد داببڕن

سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ دابراندنی ئۆجالان لە کورد، لەتیف فاتح فەرەج ووتیشی: "تورک پێشتر هەوڵیدا پەکەکە لە کورد داببڕن کە تیدا سەرکەوتوو نەبوون. پاشان هەوڵیاندا ئۆجالان لە کورد داببڕن لەمەشدا سەرکەوتوو نەبوون، لە ئێستاشدا تورک گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ناتوانن ئاپۆ و پەکەکە لە کورد داببڕن، بۆیە پێویستە هەوڵی ئازادکردنی ئۆجالان بێتە هەموو ناوچەکانی تورکیا و تورکەکان بگەنە ئەو باوەڕەی کە تا عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان بمێنێتەوە ئاشتی نایاتە دی."

تا ئاپۆ گوشەگیر بێت تەواوی سیاسەتی تورکیا گۆشەگیرە

لە کۆتایدا سەبارەت بە بەردەوامیی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، لەتیف فاتح فەرەج ئەوەشی ووت: "گۆشەگیریی ئۆجالان واتا گۆشەگیریی ئەردۆغان و گوشەگیریی سیاسەتی تورک و گۆڕانکاری لە تورکیا، ئەوانەی لە ئێستادا ئۆجالانیان گۆشەگیر کردووە خۆشیان لەسەر ئاستی دونیا گۆشەگیر کراون، بۆیە تا ئاپۆ گوشەگیر بێت تەواوی سیاسەتی تورکیا گۆشەگیرە."

ژ.ت