تیرۆری پۆلیسی تورک لە ٣ شاری کوردستان؛ چەندین کەس دەستگیرکران

پۆلیسی تورک لە چەندین شاری باکوری کوردستان هەڵیانکوتایە سەر ماڵان. لە هەڵکوتانەکەیاندا چەندین کەسیان دەستگیرکرد. یەکێک لە دەستگیرکراوەکان کەسێکە، کە بە رێژەى سەدا ٩٠ کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەتە.

پۆلیسی تورک بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەى قۆسەری مێردین هەڵیکوتایە سەر ماڵی هاجیرە تانریگان چالاکوانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا).

پۆلیسەکان لە هەڵکوتانەکەیاندا دەرگاکانی ماڵەکەیان شکاند و ماڵەکەیان تاڵان کرد و تانریگانیان دەستگیرکرد. بەپێی زانیارییەکان، تانریگان بەهۆی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە ئامەد دەستگیرکراوە.

هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە لە شاری وان، ئارژین تونجەر، فەرهاد ئازان، ڕۆژین ڤارهان، محەمەد شەریف دەمیرئاگاچی، کە بە رێژەى سەدا ٩٠ کەمئەندامە دەستگیرکران.

لە ئامەدیش ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە دیار سینجار، نوروڵا ئۆزگون و هەروەها شێخموس دۆکو، مەزڵوم کارداش لە هەڵکوتانی پۆلیس بۆ سەر ماڵەکان دەستگیرکران. لەسەر ئەو هەڵکوتانە و هۆکاری دەستگیرکردنەکان هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.

ژ.ت