فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) لەبارەی بۆردومانی چڕی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، هێرشی ئاسمانی کاتژمێر ٢٢:٠٠ی شەوی ١ی شوبات دەستیپێکردووە و تاوەکو کاتژمێر ٠٣:٠٠ی سەرلەبەیان بەردەوام بووە.
فەرماندەیی یەبەشە باسی ئەوەی کرد کە لە هێرشەکانیدا ٢١ شوێن بۆردومانکراون، بەڵام هیچ زیانێک بە هێزە سەربازیەکانمان نەگەیشتووە.
٣ هاوڵاتی مەدەنی کە کاری بیرهەڵکەندنیان دەکرد شەهید بوون
یەبەشە باسی ئەوەی کرد کە جگە لە بارەگاکانی هێزەکانیان، شوێنێکی خەڵکی مەدەنیش بۆردومانکراوە و لەو شوێنە ٣ کەس مەدەنی شەهید بوون و کەسێکیش بریندار بووە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە هەوڵەکانیان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی شەهیدان بەردەوامە، بەڵام بە پێی زانیاریەکانیان ئەو کەسانەی شەهیدبوون، لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگادا کاری بیرهەڵکەندنیان کردووە.
'هێرشەکە بۆ ئەوەیە کە کۆچبەران نەگەڕێنەوە بۆ شەنگال'
فەرماندەیی گشتی یەبەشە لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەیدا باسی ئەوەشی کرد کە هێرشەکان بۆ ترساندنی کۆمەڵگایە و وتی، " گەلەکەمان هەموو رۆژێک لە کەمپەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەر خاکەکەیان. بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەی کۆچبەراب بکرێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەم سیاسەتە قێزەونە و هێرش ئەنجام دەدات."
هەروەها هاتووە، هێرشەکان بەردەوامی هێرشی داعشە لە تەمووزی ٢٠١٤دا و وتی، " بەڵام لە هەموو دۆخێکدا دوژمن ناتوانێت بکەوێتە نێو سەنگەرەکان."
'پێویستە گەلەکەمان لە هێزی پاراستنی خۆی پشتڕاست بێت، دوژمن ناتوانێت بێتە نێو خاکی پیرۆز'
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەی یەبەشەدا هاتووە، " سەنگەرەکانمان پۆڵاییئاسا دروستکراون. پێویستە گەلەکەمان لە هێزی پاراستن پشتڕاست بێت. بەم شێوەیە هەموو هێرشەکانی دوژمن پووچەڵدەکرێنەوە. دوژمن ناتوانێت بێتە نێو خاکی پیرۆز."
یەبەشە بەبیریهێنایەوە کە لەگەڵ ئەوەی ئەم هەموو بۆردومانە چڕە ئەنجامدرا، بەڵام هەموو هێرشەکان پووچەڵبوونەوە و بۆیەش پێویستە گەلەکەمان و دۆستەکانمان لەم هێزە و سەنگەرانە پشتڕاست بن."
یەبەشە ئاماژەی بە بانگەشەکانی نێو راگەیاندنەکان کرد و وتی، " هەندێک لە راگەیەندنەکانی پەدەکە بانگەشە بۆ داگیرکەری تورک دەکەن. رەوایەتیدان بە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ گەلی کورد، شەرەفمەندانە نییە و دوور لە ئەخلاقەوە. بانگمان بۆ ئەوان ئەوەیە کە دەست لەو زمانە بهێنن."
لە کۆتاییدا یەبەشە رایگەیاند، سەنگەرەکانیان جارێکی دیکە نیشانیدا کە وەک پۆڵا لە پشت گەلەکەیانن و داگیرکەر و دوژمن ناتوانن بچنە نێو خاکی شەنگال.
ف.ق