ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بۆ سبەینی بانگەوازێکی بڵاوکردەوە

مەخەدەشە دوای کۆبوونەوە نائاساییەکەی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە خەڵکی شەنگال کرد کە لەبەردەم ناوەندی ئاسایش کۆببنەوە.

ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال- مەخەدەشە، ئەمڕۆ لەسەر دۆخی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییە، لە بینای ئەنجومنی گەلی خانەسۆر و بە بەشداریی نوێنەری هەموو ڕێکخراوەکانی خۆبەڕیوبەری و نوێنەری یەبەشە و ئاسایشی ئێزدیخان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەڕیوەبرد و دوای کۆبوونەوەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هیچ بڕیارێک دژی ئیرادەی خۆمان قبوڵ ناکەین، ئەوەی ئێستا لێرەیە و خاوەنی شەهیدە ئێمەن، عێراق قەرزداری ئێمەیە، ناچین و داخوازییەکیشیان لێناکەین، پێویستە ئەوان بێن و داواکاریی ئێمە ببپرسن، شەش ساڵ تێپەڕیوە و ئێمە ڕەنجێکی گەورەمان داوە، ئەمڕۆ دەیانەوێت بێ ئیرادەمان بکەن.

هەروەها هاتووە: وەک خەڵکی شەنگال پێداگرین لەسەر داخوازییەکانمان و تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین، عێراق ئیرادەی ئێمە ناناسێت، مافیان نییە دەستێوەردانی هێزەکانی پاراستنمان، بەتایبەتی ئاسایشی ئێزدیخان بکەن، هەنگاوێک پاشەکشێ ناکەین و تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین، نامانەوێت شەڕ بکەین، هەمیشە هەوڵمان داوە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین و ئیرادەمان بناسرێت، ئەگەر بگەینە ئاستی شەڕ، ئەوکات هەموومان ئاسایشین.

لە کۆتاییش هاتووە: داوا لە هەموو کۆمەڵگای ئێزدی دەکەین، سبەینێ کاتژمێر ٠٩:٠٠ی بەیانی، لە بەردەم ناوەندی ئاسایش لە شەنگال و خانەسۆر و سنونێ کۆببنەوە و پشتیوانی لە ڕۆڵەکانیان بکەن.

ف.ق