مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک دەڵێت “بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەو پێشھاتە ئەمنی و سنووربەزاندنە دەڕوانین و ئیدانەی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و کەمپی ئاوارەکانی مەخموور دەکەین”.
مەکتەبی سیاسی یەنەکە ئەوەشی وتووە “وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکار و خانەوادە بەڕێزەکەیان، دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین”.
داواشی لە حکومەتی عێراق کردووە “ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عێراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و لە رێگەی کەناڵە دیبلۆماسییەکانەوە حکومەتی تورکیا لەم پێشێلکارییە ئاگاداربکاتەوە”.
ھاوکات داواشیکردووە حکومەتی ھەرێمیش لەسەر ئەم رووداوە “بانگھێشتی کونسوڵی تورکیا لە ھەرێم بکات و روونکردنەوە بدرێت. چونکە ھیچ بیانوویەک نییە بەھۆی سنووربەزاندنەوە خەڵکی مەدەنی لە رووی گیانیی و مادییەوە زەرەرمەندبن”.
وتوشیەتی: خوێنی ھاوڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەکەین پیرۆزییەکانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێتە کلیلی چارەسەری کێشەکان.
ف.ق