یەپەگە: وازلە تاوانبارکردن وئاژاوەگێڕی بێنن

ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە دەستنیشانیکرد کە هێزەکانیان هیچ هێرشێکیان نەکردووەتە سەربارەگاکانی پێشمەرگە و ئەوان ڕێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان دەگرن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا دەستنیشانیکرد کە هێزەکانی ئەوان هێرشیان نەکردووەتە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی یەپەگەدا هاتووە:

"لە ساڵانی ڕابردودا بە شێوەیەکی بەردەوام ڕێکەوتن و یەکڕیزی لە نێوان ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستاندا بووە و بەردەوامیشە. ئەوپێوەندیە لە چوارچێوەی شەڕی دژبە داعش و مسوگەرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا پەیڕەو دەکرا. لە ئەنجامی ئەو یەکڕیزیە زۆربەی ئاڵۆزییەکانی سەرسنوور بەخێرایی چارەسەر دەکران.

هێزەکانی ئێمە لە بەڕواری ١٦ی کانووندا، لە نزیک ناوچەی سەحیڵا هێرشی هیچ بارەگایەکی پێشمەرگەیان نەکردووە. هیچ هۆکارێک نییە کە هێزەکانی ئێمە ئاوەها هێرشێکیان ئەنجام دابێت. دەربارەی ئەو ڕووداوە چەندین ڕاگەیەنراو بڵاو کرایەوە بە ئامانجی ئەوەی کە دوخەکە بشڵەژێنن و بابەتەکە گەورە نیشان بدەن و ڕاستیەکان بشارنەوە. لە ڕاستیدا ،ئەوەی کە ڕوویدا ئەنجامی لاواز بوونی تێکەڵی وهاوئاهەنگی ئێمە و بەڕێوەبەرانی پێوەندیداری هەرێمی کوردستان بوو. بە پێچەوانەی ئەوە، ئێمە وەک یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕێزلە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان دەگرین و داوایان لێدەکەین واز لە سیاسەتی هێرشکارانە و ئاژاوەگێڕانە و تاوانبارکردن بهێنن. دەبێت هەموو کێشەکان لەڕێگەی دانووستان و دیالۆگ چارەسەر بکرێن."

ک-ش