ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال جەژنی هەڵمەتی ١٥ی ئابی پێرۆز کرد

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بە بۆنەی ٤٠‌ـە مین ساڵوەگەڕی هەڵمەتی ١٥ ئابەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هەڵمەتی ١٥ی ئاب بووە هۆکاری ئەوەی ئێزدییەکان لە قڕکردن ڕزگار ببن."

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال کە ١٥ی ئاب بە پارێزەری کۆمەڵگەی ئێزدییەکان دەزانێت و بەلایەوە مانادارییەکەی گەورەی هەیە، ئەو هەڵمەتەی لە ڕێبەر ئاپۆ، گەریلاکانی کوردستان، کۆمەڵگەی ئێزدی و سەرجەمی گەلی کورد پێرۆز کرد.

لەمڕۆدا لە مێژووی گەلی کورد و تەواوی گەلانی ئازادیخوازدا رۆژی ١٥ی ئاب وەک 'جەژنی ژیانەوە' پێرۆز دەکرێت. بەم بۆنەیەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەدا بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئێمراڵی، کە ئەندازیاری ئەم هەڵمەتەیە پیرۆزکرا. هەروەها جەژنی ژیانەوەی لە هەموو گەریلاکانی ئازادی کورستان،  گەلانی بندەست، کۆمەڵگەی ئێزدی و هەموو گەلی کورد پێرۆزکرد.

لە بەردەوامی پەیامەکەدا هاتووە: "فەرماندە عەگید پێشەنگایەتی ئەم هەڵمەتەی کرد و فیشەکی یەکەمی تەقاند. ئەمەش بووە ڕۆژی لە دایکبوونەوەی ئازادی گەلانی بندەست. ئەم  تێکۆشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و دەستکەوتی مەزنی بۆ گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە هێناوە. سیاسەتی قڕکردنی لەسەر گەلی کورد بەتاڵکردەوە و روح، کولتور، کۆمەڵگە و هۆشیارییەکی نوێی ئافراند."

'گەریلاکانی کوردستان بە هانای کۆمەڵگەی ئێزدییەوە هاتن'

هەر لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هەڵمەتی ١٥ی ئاب بووە هۆکاری ئەوەی گەلی ئێزدی لە قڕکردن ڕزگاری ببێت و راگەیەندراوە: "ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی مانادارە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی. ڕۆژی ڕزگاری و بەرخۆدانە. گەریلاکانی کوردستان بە رۆحی هەڵمەتەکەوە بەهانای کۆمەڵگەی ئێزیدییەوە هاتن و لە قڕکردن ڕزگاریان کردن. کۆمەڵگەکەمان بە ڕۆحی عەگیدان، مام زەکی شەنگالی و سەعید حەسەنەکانەوە خۆیان دەناسن و لە دژی قڕکردن دەوەستنەوە."

'فکری ڕێبەر ئاپۆ بکەین بە بنەمای چارەسەری لە هەرێمەکەدا'

لە کۆتایی پەیامەکەدا بانگەوازی فراوانترکردنی تێکۆشانی ئازادی کرا و وترا: "بۆ بونیاتنانی یەکێتی گەلانی هەرێمەکە و نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای فکری ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانمان گەورەبکەین. هاوپەیمانی نێوان گەلی ئێزدی و گەلانی هەرێمەکە بەهێزتربکەین و رۆڵبگێرێن بۆ چارەسەری لە عێراق و جیهاندا بێگومان ئەمەش لە  سایەی بە بنەماگرتنی فکری ڕێبەر ئاپۆوە  دێتە ئاراوە. بژی هەڵمەتی ١٥ی ئاب."